هاوڵاتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆشكی ئیلیزێ لە پاریس لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا تاوتوێی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدایان کرد و جەختیان لەسەر چارەسەری کێشەکانیان کردەوە. میدیای سەرۆکی حکومەتی هەرێم بڵاوی کردۆتەوە، کە ڕۆژی پێنجشەممە مەسرور بارزانی لەگەڵ ئیامونێل ماکرۆنی سەرۆکی فەڕەنسا لە کۆشکی ئیلیزێ لە پاریس کۆبوونەوە و تاوتوێی کارەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەت و چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدایان کردووە. ئەم سەردانەی سەرۆکوەزیرانی هەرێم لەکاتێکدایە کە دادگای باڵای فیدراڵی لە ڕۆژی حەوتی ئەم مانگە کەوا بڕیاربوو لەسەر دەستوریبوون یان نەبوونی درێژکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات وبڕیار لەو باریەوە بدات، بەڵام بەهۆکارێکی نادیار کۆبوونەوەکەی بۆ مانگی داهاتوو دواخست، ئەمەش لە چوارچێوەی ئاڵۆزیەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بوو. هەر لەوبارەیەوە، سەرۆکوەزیرانی هەرێم و سەرۆکی فەڕەنسا لە میانی کۆبوونەوەکەیاندا جەختیان لەسەر چارەسەری کێشەکانی نێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێم کردەوە، هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانیان پەرەپێدان بە کەرتی ئابوری و هەناردەکردنی بەرووبومی کشتوکاڵی بوو بۆ وڵاتانی ئەوروپا. پاریس و هەولێر دوای واژۆکردنی رێكهوتننامهى دۆستایهتى و هاریكاری نێوان ههردوو شاری پاریس و ههولێر به ئاماده بوونى شاندى ههردوو له لایهن ههریهك له ئان هیدالگۆ شارهدارى پاریس و نهوزاد هادى پارێزگاری ههولێر، بە دەستەخوشکی یەکتر ناودەبرێن و پەیوەندیەکانیان لەو میانەشدا چڕتربۆتەوە ئەوەش بەتایبەتی لە ڕووبەڕوبونەوەی جەنگی دژی داعشدا.
هاوڵاتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سبەینێ دەگاتە ئەڵمانیا و لەگەڵ سەرۆک و سەرکردەی ١٥٠ وڵاتی جیهان بەشدار دەبێت لە پەنجاونۆهەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، کە تێیدا جەنگی ئۆکرانیا و دۆخی ئێران وگۆڕانەکانی کەشوهەوا تاوتوێ دەکرێن. میدیای فەرمی نزیک لەپارتی ڕایگەیاند، سبەینێ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەنجاونۆهەمین کۆنفرانسی میونشن بۆ دووەم جار لەگەڵ سەرۆک و سەرکردەی ١٥٠ وڵاتی جیهان بەشدار ئەبێت. کۆنفرانسی میونشن ساڵی ڕابردوو لە پەنجاوهەشتەمین کۆبونەوەی خۆیدا بە ئامادەبوونی ١٣٥ سەرکردە و سەرۆک و وەزیری جیهانی بەڕێوەچوو، کە تێیدا پرسی جەنگی ئۆکرانیا یەکێک بوو لە پرسە گرنگەکان، بەڵام جیاواز لە ساڵی ڕابردوو ئەمساڵ داوا لە پوتین و سەرکرەکانی ڕوسیا نەکراوە و بانگهێشت نەکراون، لەکاتێکدا ساڵی ڕابردوو بانگهێشتکرابوون و خۆیان ئامادە نەبوون، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ نوێنەرێکی ئێرانیش بانگهێشت نەکراون. بڕیارە کۆنفرانسەکە سبەینێ هەینی دەستپێبکات و نزیکەی ١٥٠ بەرپرسی وڵاتانی جیاواز تاوتوێی دواین پێشهاتە ئەمنییەکانی جیهان و هەڕەشەکانی سەر ئاشتی نێودەوڵەتی بکەن، بەتایبەت جگە لە کێشەکانی ئۆکرانیا و پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت جەنگی دژی تیرۆریش باس دەکرێت. هەروەها کریستۆف هیوسگن، سەرۆکی کۆنفرانسەکە لەبارەی بانگهێشتنەکردنی نوێنەرانی ئێرانەوە ڕایگەیاند، بەهۆی پێشێلکارییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ مافەکانی مرۆڤ، هیچ بەرپرسێکی ئێرانی بانگهێشتی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن نەکراوە، لەبری ئەوە نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئێران بانگهێشت کراون. کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ساڵی ١٩٦٣ لەلایەن ئیڤاڵد هاینریچ ڤۆن کلیست شمێنزین، ئەفسەری پێشووی سوپای ئەڵمانیا و بەشداری لە هەوڵێکی شکستخواردووی تیرۆرکردنی ئەدۆلف هیتلەردا دامەزرا، بە ئامانجی کۆکردنەوەی سەرکردە و پسپۆڕانی دیپلۆماسی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی ناتۆ و پەیوەندییەکان لە نێوان زلهێزەکانی هەردوو دیوی زەریای ئەتڵەسی.
هاوڵاتی ئینستیتیوتی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان رایگەیاند، لە دەستپێکی جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، سوپای ڕووسیا نزیکەی نیوەی باشترین تانکهكانی خۆی لەدەستداوەلەکاتێکدا کیێڤ خۆی ئامادە دەکات بۆ وەرگرتنی تانکی مۆدێرن لە رۆژئاواوە. ئینستیتیوتی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان راشیگەیاندوە، رێژەی زیانەکانی هەندێک لە مۆدێرنترین تانکهكانی روسیا دەگاتە 50%، ئەوەش مۆسکۆ ناچار دەکات پشت بە تهكنیكی سەردەمی سۆڤیەت ببەستێت كه هێزی ئاسمانییه. زیانی تانکهكانی روسیا لە نێوان دو هەزار بۆ دو ههزار و 300 تانکی مەزەندە دهكرێت، زیانەکانی ئۆکرانیاش نزیکەی 700 تانكه. هاوکات ئۆکرانیا بەڵێنی نزیکەی 100 تانکی مۆدێرنی لە رۆژئاوای پێدراوه، لەوانە "ئەبرامز"ی ئەمریکی، "پلنگ"ی ئەڵمانی و "چالنجەری" بریتانی، کە تواناکانیان زۆر لە مۆدێلە کۆنەکانی روسیا زیاترە. ئەمە لەکاتێکدایە لە مانگی شوباتی ساڵی ڕابردووەوە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا بەردەوامە و تا ئێستا بە هەزاران کەس بوونەتە قوربانی
هاوڵاتی هێلیكۆپتهرێكی سهربازی ئهمهریكا ئێوارهی رۆژی چوارشهممه له ویلایهتی ئالابامای ئهو وڵاته كهوته خوارهوه و بههۆیهوه ههردوو سهرنشینهكهی گیانیان لهدهستدا. بە پێی هەواڵێکی ئەی بی سی، هێلیكۆپتهرێكی سهربازی ئهمهریكی له جۆری "بلاك هۆك" نزیك شاری هانتسفیڵ له ویلایهتی ئالاباما كهوته خوارهوه و بههۆیهوه ههردوو سهرنشینهكهی گیانیان لهدهستدا. لهوبارهوه دون ویستر، ئهندامی تیمی فریاكهوتنی خێرای تهندروستی له شاری هانتسفیڵ به میدیاكانی ئهو وڵاتهی راگهیاند، دوای كهوتنه خوارهوهی، ئاگر له هێلیكۆپتهرهكه كهوتهوه و بههۆیهوه ههردوو سهرنشینهكهی گیانیان لهدهستدا. لهلایهكی دیكهوه تۆڕی ههواڵی (فۆكس نیوز)ـی ئهمهریكی بڵاویكردووهتهوه، بههۆی رووداوهكهوه هیچ هاووڵاتییهك له نزیك شوێنی رووداوهكه بریندار نهبووه. هاوکات بە وتەی بەرپرسێکی ئەمریکا ئەو هەلیکۆپتەرە سەر بە پاسەوانی نەتەوەیی تێنیسی بووە. ئەمەشلەکاتێکدایە لە 23ی دووی ساڵی ڕابردوو دوو هەلیکۆپتەری بلاک هاوک لە یوتا لە کاتی ڕاهێنانێکدا کەوتنە خوارەوەو تێکشکان تێکشکان، پێکدادانەکە لە نزیک سەیرانگای خلیسکێنەی سنۆبێرد ڕوویدا لە ڕۆژی سێشەممە هاوکات هیچ ستافێک یان هاوڵاتی مەدەنی بریندار نەبوون و نەمردن.
هاوڵاتی ماریا پۆنۆمارێنکۆ، ڕۆژنامەنوسی ڕوسی، بەهۆی ئەوەی لە سۆشیاڵ میدیادا دیمەنی هێرشەکەی ڕوسیای بۆسەر شانۆیەک لە ئۆکرانیا بڵاوکردەوە، ئەمڕۆ دادگا لە سیبریا سزای ٦ ساڵ زیندانی بۆ دەرکرد. دادگای بارناول لە سیبریا، ڕایگەیاند بەتاوانی بڵاوکردنەوەی " هەواڵی ساختە" ماریا پۆنۆمارینکۆ سزای ٦ ساڵی زیندانی بەسەردا سەپێندرا و هاوکات بۆ ٥ ساڵیش لە کاری ڕۆژنامەوانی وچالاکیەکانی ڕاگیرا، ئەمەش بەپێی ئەو یاسایانەی کە بە ئامانجی دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتییەکان سەبارەت بە داگیرکردنی ئۆکرانیا خراونەتەڕوو. ماریا پۆنۆمارینکۆ، ساڵی ڕابردوو لەمانگی نیساندا چەند هەفتەیەک دوای بۆردومانێکی سوپای ڕوسیا لەمانی ئازاردا بۆسەر شانۆیەک لە ماریۆپۆلی ئۆکرانیا دەستگیرکرا بەهۆی بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە لە سۆشیاڵ میدیادا ، کە لەو بۆردومانەدا بەپێی وتەی بەرپرسانی ئۆکرانیا ١٢٠٠ کەس کوژراون. ئەو ڕۆژنامەنوسە ڕووسیە لەبارەی دەستگیرکردنەکەیەوە لە دادگادا پێش ئەوەی سزا بدرێت وتی، " بەپێی دەستوری ڕوسیا هیچ هەڵەیەکی نەکردووە"، هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە ئەگەر بەڕاستی هەڵەیەکم ئەنجامدابا ئەوا دەکرا داوای نەرمی نواندن بکەم، هەرچەندە بەهۆی سیفەتە ئەخلاقیەکانمەو نەمدەکرد. ماریا پۆنۆمارینکۆ لە دریژەی وتەکانیدا لە دادگا وتیشی" هیچ رژێمێکی تۆتالیتار وەک پێش ڕوخانی بەهێز نەبووە". پارێزەرەکەی ماریا لەبارەی دۆخی تەندرووستیەوە ڕایگەیاندووە، بەهۆی ئەوەی ئەو چالاکوان و ڕۆژنامەنوسە خاوەنی دوو منداڵی بچووک بووە، دوای دەستگیرکردنی توشی گرفتی دەروونی بووە. ئەمە لەکاتێکدایە کە لەدوای لەشکرکێشی ڕوسیاوە بۆسەر ئۆکرانیا، چەندین چالاکوان و فەرماندە و ڕۆژنامەنوس بەتۆمەتی دژایەتی ڕوسیا و بڵاوکردنەوەی " هەواڵی ساختە" دژ بە حکومەت دەستگیرکراون وسزا دراون، لەوانەش هاوینی ڕابردوو، ئەلێکسی گۆرینۆڤ، ئەندامی ئەنجومەنی مۆسکۆ بۆ ماوەی حەوت ساڵ زیندانی کرا، دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی شارەکەدا وێنەی گیرابوو کە دژی شەڕی ڕووسیا لە ئۆکرانیا قسەی دەکرد.
هاوڵاتی خۆپیشاندانەکه، بەئامادەبونی دەیان هاوڵاتی و نوسەر ڕۆشبیر ، له شەقامی سالمی سلێمانی، بەشێوەی ڕێپێوان بەڕێوەچوو، خۆپیشاندەران ، داوای کۆتایهێان بەگۆشەگیری ئیمرالی و ئازادی ئۆجالانیان دەکرد دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ی2ی2023 لە ساڵیادی دەستگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالان، خۆپیشاندانێکی فراوان لە سلێمانی ، بۆ ئازادی ئۆجالان ڕابەری زیندانیکراوی پارتی کرێکانی کوردستان(پەکەکە) ئەنجادرا، خۆپیشاندانەکە لە لایەن کۆمیتەی ئازادی ئۆجالان سازکرابوو، ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتی و نوێنەری چەند پارتێکی سیاسی و ڕێکخراو و نوسەر و ڕۆشبیر بەشدارییان تیایدا کرد، تیایدا داوای کۆتایهێنان به گۆشەگیری ئیمرالی و ئازادی ئۆجالان كرا. خۆپیشادانەکە، له شەقامی سالمی شاری سلێمانی بەڕێپێوان دەستیپێکرد، بەدروشمی ئازادی بۆ ئۆجالان و بەرزکردنەوەی وێنەی عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوام بوو، هەتا بەردوەم باخی گشتی، پاشان لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەكە پەیامی خۆیان ڕاگەیاند، کەداوای سەرەکیان بریتین بوو لە، شکاندنی گۆشەگیری ئیمرالی، کەزیاتر له 22مانگە هیچ هەواڵێکی عەبدوڵڵا ئۆجالان نیە و ئاگاداری باردودۆخی تەندروستی نین. لەو بارەیەوە مامۆستا محەمەد بەکر، ئەندامی کۆمیتەی ئازادی ئۆجالان به هاوڵاتی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ 24ساڵ بەسەر پلانگێری نێودەوڵەتی بۆ دەستگیرکردنی سەرۆک ئاپۆ تێدەپەڕێت، ئامانج لەم پلانە ئەوەبوو، گەلانی ناوچەکە بخرێنە ناو دۆخی شەڕەوە ، بەڵام سەرۆک ئاپۆ بە مانیفێستە ئاشتیخوازەکانی خۆی ئەم پلانەی شکست پهێنا. ئاماژەیی بەوەشکرد: هیچ زانیارییەک دەربارەی دۆخی ئۆجالان نیە،دەسەڵاتی فاشستی تورکیا له 2011وە ڕێی نەداوە، پارێزەران سەردانی دورگەری ئیمراڵی بکەن، هەروەها 23مانگیشە ڕێگەنەدراوە کەسوکارەکەی سەردانی ئۆجالان بکەن وتیشی: ئەم چالاکییە لە هەمو شارەکانی کوردستان و جیهان بەڕێوەدەچێت، هەروەها ڕەخنەی له هەڵوێستی ڕێکخراویCPT گرت بەرامبەر کەیسی ئۆجالان و بەدوو ڕوو ناوی برد. هاوكات تاران حسێن هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کوردستان، دەربارەی مێژوی پلانی دەستگیرکرنەکە ، زانیاری بە هاوڵاتی داو و وتی: ئۆجالان ماوەی 50ساڵە هاتۆتە ناو کایەی سیاسی و 25ساڵیشە، زیندانی کراوە. ئەو دەربارەی شێوازی دەستگیرکردنی وتی: سەرەتای ئەم پلانگێڕییە نێودەوڵەتیە لە 9ی ئۆکتۆبەری 1998 دەستیپێکرد، ئەوکات ئۆجالان لە سوریا بوو، بەپێدانی چەند بەڵێنێک لەوانە پێدانی مافی پەنابەرێتی ئۆجالان سوریای جێهێشت و دواتر دەستگیرکرا، ئەمریکا و ئیسرائیل و یەکێتی ئەورووپا و وڵاتانی ناوچە بەشدارییان لە پلانەکەدا كرد. لە درێژەی قسەکانی وتی، ئۆجالان لە دورگەی ئیمراڵی زیندانی کرا کەبەندیخانەیەکی تایبەتە و سیستەمێکی تایبەت، ئەو زیدانیە و شێوازی ئەشکەنجەدانه که دژی ئۆجالان دەکرێت، لەمێژودا بەرامبەر هیچ ئازادیخواز و سەرکردەیەک نەکراوه. عەبدوڵا ئۆجالان رابەری زیندانیكراوی پارتی کارێکارانی کوردستان، 24ساڵ لەمەوبەر و لە 15ی شوباتی 1999، لە وڵاتی کینیا دەستگیرکرا و ڕەوانەی توركیا كرا.
هاوڵاتی سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسکی لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا ئاماژەی بەوە کرد کە هەوڵی دەستەبەرکردنی چەکی زیاتر و کاریگەریان داوە بۆ سوپای وڵاتەکەی بۆ ئەو هێرشانی ئامادەکارییان بۆ کردووە بۆسەر سوپای رووسیا. لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە دوێنێ شەو لە چەناڵی خۆی لە تێلێگرام بڵاوی کردەوە، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسکی هەڵسەنگاندنی بۆ کۆبوونەوەی گرووپی بەرگریی دیداری ئۆکراینا کرد کە لە بڕۆکسل بە سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڕێوەچووە. راشیگەیاند: ''ئەمە نۆیەمین کۆبوونەوەی لەم جۆرەیە. بڕیارێکی دیکەی بەهێز درا بۆ پاراستنی دەوڵەتەکەمان و بەهێزکردنی سەربازەکانمان. لەلایەن هاوبەشەکانەوە رەزامەندی نیشاندراوە بۆ ناردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی زیاتر. لەگەڵ تانک و تۆپ و گولـلەی زیاتر، هەروەها رەزامەندی نیشاندرا لەبارەی مەشقی زیاتر بە سوپاکەمان''. سەرۆکی ئۆکراینا باسی لەوە کرد کە لە چوارچێوەی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا ئامادەکارییان کردووە بۆ هێرشکردنە سەر سوپای رووسیا و رایگەیاند: ''بۆ ئەو هێرشەی ئامادەکاریمان بۆ کردووە ئەوەی لەدەستمان بێت ئەنجامی دەدەین بۆ دابینکردنی چەکی زیاتر و چەکی دورهاوێژی زیاتر و هێزی زیاتر بۆ سەربازەکانمان''. هاوکات ڤلۆدۆیمیر زێلێنسکی باسی لەوە کرد کە دوای کارەساتی سەدە کە تورکیای هەژاند تیمی گەڕان و رزگارکردنیان رەوانەی ئەو وڵاتە کردووە. ئەمەشلەکاتێکدایە ئهمڕۆ چوارشهممه (15ی شوباتی 2023)، وهزارهتی بهرگری رووسیا رایگهیاند، له هێرشێكی رووسیادا هێزهكانی ئۆكرانیا بهدرێژایی سێ كیلۆمهتر كشانهوه بهرهو ههرێمی لۆهانسك. له بهیاننامهیهكی وهزارهتی بهرگری رووسیادا هاتووه، سهربازانی رووسیا بە مەبەستی پێشڕەوی زیاتر چوونهتە ناوچهیهكی سهربازی له دارستانهكانی ههرێمی لۆهانسك، لهكاتی هێرشه سهربازیهكهدا، هێزهكانی ئۆكرانیا بهشێوهیهكی پهرش و بڵاو تاوهكو سێ كیلۆمهتر بۆ خاڵی دواتر کشانەوە. لهبهیاننامهكهدا ئهوهش هاتووه، سهربازه ئۆكرانیهكان، كه له شوێنهكانیان ههڵاتن، ئامێره سهربازهكانیان و لاشهی كوژراوهكانیان جێهێشتووه. له 24ـی شوباتی 2022، به فهرمانی پوتنی سهرۆكی رووسیا هێرشكرایهسهر خاكی ئۆكرانیا و بههۆیهوه ههزاران كهس له سهربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنهها ئۆكرانیش ئاوارهی وڵاتانی ئهوروپی بوون، تا ئێستاش ئهو جهنگه بهردهوامه.
هاوڵاتی وەزارەتی بەرگری هۆڵەندا لە درەنگانی ڕۆژی دووشەممەدا ڕایگەیاند، دوو فڕۆکەی ئێف-35ی هۆڵەندی ڕێگرییان لە نزیکبونەوەی سێ فڕۆکەی سەربازی ڕووسیا کردوە لەلە نزیکبونەوە لە پۆڵەندا. بەپێی وەرگێڕانی رۆیتەرز لە بەیاننامەکەی وەزارەتەکەدا، فڕۆکە نەناسراوەکە لە ناوچەی ناتۆی پۆڵەندی نزیک بوونەتەوە. وەزارەتی بەرگری هۆڵەندا وتی " فڕۆکەکان کە لەو کاتەدا نەناسراو بوون لە کالینینگرادەوە نزیک ناوچەکانی پۆڵەندای ژێر بەرپرسیارێتی ناتۆنزیک بوونەتەوە." کالینینگراد(Kaliningrad) کەناری بالتیکی ڕووسییە کە دەکەوێتە نێوان ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ پۆڵەندا و لیتوانیا. وەزارەتەکە وتی " دوای ناسینەوەیان، دەرکەوت کە سێ فڕۆکە بوون: فڕۆکەیەکی IL-20M Coot – A ی ڕووسی بووە کە دوو فڕۆکەی Su – 27 هاوەڵییان دەکرد. فڕۆکە F-35 ەکەی هۆڵەندا لە دوورەوە هاوەڵی فڕۆکە ڕووسییەکانی کردووە و دواتر هاوەڵییەکەی ڕادەستی هاوبەشەکانی ناتۆ کردووە." وەزارەتی بەرگری ڕووسیا تاوەکو ئێستا لێدوانی لەسەر ئەو ڕووداوە نەداوە. وەزارەتی بەرگری هۆڵەنداش ڕایگەیاند بۆ مانگی دوو و سێ هەشت فڕۆکەی ئێف 35 ی وڵاتەکە لە پۆڵەندا جێگیرکراون.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ژنێک و ٢ منداڵی تیرۆریستانی داعشی رادەستی حکومەتی سلۆڤاکیا کردەوە. بەگوێرەی ماڵپەڕی بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، شاندێکی سلۆڤاکیا بە سەرۆکایەتی ئیگۆر بوکین بەرپرسی کاروباری دەرەوەی ئەروپای وەزارەتی دەرەوەی سلۆڤاکیا سەردانی رۆژئاوای کوردستانی کردووە. شاندەکە لەلایەن رۆبێل بەهۆ جێگری هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیەکانی دەرەوە، خالید ئیبراهیم ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرێتیەکە و لانا حسێن ئەندامی نوسینگەی پەیوەندیەکانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (پەیەژە)ەوە پێشوازی لێکراوە. بەگوێرەی هەواڵی ماڵپەڕی بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەری، هەردوولایەن باسی دۆخی سوریا و رۆژئاوای کوردستانیان کردووە. رۆبێک بەهۆ ئاماژەی بە کەموکورتی وڵاتانی جیهان و بەجێنەگەیاندنی بەرپرسیاریان لەبەرامبەر خانەوادەی تیرۆریستانی داعش لە کەمپی هۆڵ و کەمپی رۆژ کرد و وتی، پێویستە دەوڵەتانی جیهان هاوڵاتیەکانیان لە کەمپەکاندا بگەڕێننەوە. ئیگۆر بوکینیش سوپای وڵاتەکەی پێشکەشی رۆژئاوای کوردستان کرد و رایگەیاند کە هاوڵاتیەکانیان لە رۆژئاوای کوردستان دەگەڕێننەوە. لە کۆتاییدا بە شێوەیەکی فەرمی ژنێک و ٢ منداڵی تیرۆریستانی داعش کە هاوڵاتی سلۆڤاکیان، رادەستی شاندەکە کرانەوە.
هاوڵاتی نیکی هەیلی باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی خۆکاندیدکردنی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا راگەیاند کە بڕیارە پرۆسەکەی لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤ بەرێوەبچێت. نیکی هەیلی سەر بە پارتی کۆمارییەکانی ئەمریکایە و پێشتر باڵیۆزی فەرمی ئەو وڵاتە بووە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و پارچە ڤیدیۆیەکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوکردەوە بە ناونیشانی "کاتی نەوەی نوێی ئەمریکایە."و تێیدا کاندیدبوونی خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا راگەیاند. هالی تەمەن 51 ساڵ ، پارێزگاری پێشووی کارۆلینایەو کە لە ساڵی 2017 تا 2018 وەک باڵیۆزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژێر دەسەڵاتی ترامپدا خزمەتی کردووە. هاوکات ڕاگەیاندنی خۆکاندیدکردنەکەی زیاتر لە 20 مانگ پێش هەڵبژاردنی تشرینی دووەمی 2024 هەلێکی زیاتر دەدات بە هاڵی بۆ ڕاکێشانی سەرنج و کۆکردنەوەی پارە ،و ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە نیکی نە سپی پێستە و نە رەش پێستە بەڵکو بە رەگەز هندییە و ئەوەش ئاماژەیە بۆ هەمەجۆری هاوڵاتیانی ئەمریکی. نیکی هەیلی رەخنەی لە پارتی کۆمارییەکانی ئەمریکا گرتووە بە شکستهێنانیان لە بەدەستهێنانی دەنگی گەل لە حەوت هەڵبژاردن و بە توندی رەخنەی لە کارگێری سەرۆکایەتی جۆو بایدنی ئێستای سەرۆکی ئەمریکا گرتووە و تۆماری سەرۆکایەتییەکەی بە خراپ ناوبردووە و داوای پاراستنی سنوور و بەهێزکردنی ئاسایشی ئەمریکای کردووە. بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤ پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڕێوەبچیت و نیکی هەیلی پێش وەختە کاندیبوونی خۆی بۆ ئەو پۆستە راگەیاند.
هاوڵاتی رووداوێکی تەقەکردن لە زانکۆی ویلایەتی میشیگنی ئەمریکا روویداو و لانیکەم سێ کەس کوژران و پێنج کەسی دیکەش برینداربوون. پۆلیس دەڵێت تەقەکەرەکە کە تەمەنی 43ساڵە خۆیشی کوشتووە. رۆژی سێشەممە، 14ـی شوباتی 2023، کریس رۆزمان، جێگری فەرماندەی پۆلیس لە زانکۆی ویلایەتی میشیگن رایگەیاند، گومانلێکراوەکە کاژێر 8:00ـی ئێوارەی رۆژی دووشەممە بەکاتی نێوخۆ تەقەی لەنێو کامپەسی زانکۆکەدا کردووە. دوای ئەوە، بەگوێرەی پۆلیس تەقەکارەکە بەپێ چووەتە بەردەم باڵەخانەیەکی دیکە و لەوێش دەنگی تەقە بیستراوە. دواتر، لە کۆنفڕانسێکی دیکەی رۆژنامەڤانیدا وەک رۆزمان رایگەیاند: "تەقەکەرەکە دوای ئەوەی خۆی بریندارکردووە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە". کاربەدەستێکی نەخۆشخانەکەی خوێندکارەکانی لێیە ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، ئەو پێنج خوێندکارەی لە تەقەکردنەکەدا بریندار بوون، هەموویان لە دۆخێکی سەختدا ماونەتەوە. تەقەکردنەکان نزیکەی 30 میل لە باشوری ئۆکسفۆرد لە میشیگان ڕوویدا، لەو شوێنەی کە چەکدارێکی هەرزەکار لە ساڵی 2021 تفەنگێکی بەکار هێنا کە باوکی وەک جەژنێکی کریسمەس کڕیبوو بۆ کوشتنی چوار قوتابی لە قوتابخانەی ئامادەیی لەو ناوچەیە. رۆزمان لەو بارەیەوە گوتی سەدان پۆلیسیان راسپاردووە بۆ ئەوەی ئاسایشی زانکۆکە بپارێزن. گوتیشی تائێستا پاڵنەری پشت رووداوەکە دیار نییە. بەرپرسانی میشیگن رایانگەیاندووە لەدوای رووداوەکە بۆ ماوەی 48 کاژێر هەموو چالاکییەکی زانکۆی ویلایەتی میشیگن رادەگرن.
هاوڵاتی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دووشەممە ڕایگەیاند، بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئەوەی ڕێگە بە نەتەوە یەکگرتووەکان بدات بە شێوەیەکی کاتی دوو دەروازەی سنووری زیادە لە تورکیاوە بەکاربهێنێت بۆ وەرگرتنی یارمەتی بۆ قوربانیانی بوومەلەرزە لە ناوخۆی سوریا. ئاژانسی هەواڵی فەڕمی سوریا سانا سەبارەت بە کۆبوونەوەکە وتی: سەرۆک ئەسەد پێویستی هێنانی هاوکاری بەپەلەی بۆ هەموو ناوچەکانی سوریا دووپاتکردەوە، لەوانە ئەو ناوچانەی کە کەوتوونەتە ژێر داگیرکاری و هەژموونی گروپە تیرۆریستییە چەکدارەکانەوە. ئەم ڕاگەیاندنە دوای چەند کاتژمێرێک دوای کۆبوونەوەی مارتن گریفیتس، بەرپرسی مرۆیی ناوبراو لەگەڵ ئەسەد و بەرپرسانی باڵای سوریا لە دیمەشق هات، گریفیتس لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا داوای کردووە ڕژێمی سوریا ڕێگەی زیاتر بۆ مرۆڤدۆستان بکاتەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە زۆر لایەنەوە کەوتۆتە بەر ڕەخنە بەهۆی لاوازی و هێواشی وەڵامدانەوەی خەڵک لە ناوخۆی سوریا و بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنتڕۆڵی گروپەچەکدارەکان و ئۆپۆزسیۆنی سوریادان. لە ساڵی ٢٠١٩ەوە ڕووسیا چوار خاڵی هاتوچۆی کەمکردووەتەوە بۆ تەنها یەک خاڵ کە یارمەتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەدات مانگانە بگاتە ٢.٤ ملیۆن سوری لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا. هاوکات لە دوای بوومەلەرزەکەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت بە گشتی "٥٨" بارهەڵگر لە ناوەندەکەی تورکیاوە، لە ڕێگەی دەروازەی سنووری" باب ئەلهاوە" چوونە باکووری ڕۆژئاوای سوریا، کە بە شێوەیەکی سەرەکی خێمە و کەلوپەلی ناخۆراکییان هەڵگرتووە..
هاوڵاتی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکۆماری ئێران ڕۆژی سێ شەممە لەسەر داواکاری سەرۆکۆماری چین بەسەردانێکی سێ رۆژە گەیشتە پەکین و و لەمیانەی کۆبوونەوەکانیاندا " ٢٠ گرێبەستی هاوکاری" لەنێوان هەردوولادا واژۆکرا. ئاژانسی هەواڵی ئیرنا ڕایگەیاند، دوای کۆبوونەوەی شاندەکانی هەردوولا بیست بەڵگەنامەی هاوکاری لە نێوان ئێران و چیندا واژۆکراوە، هەروەها سەرچاوە هەواڵییەکانی ئێرانیش ڕایانگەیاندووە سەرۆک کۆماری چین لە کۆنگرەی نەتەوەیی گەلی چین بە فەرمی بەخێرهاتنی شاندی ئێرانی کرد و ڕاستەوخۆ دوای ئەم مەراسیمەکەش دانوستانی شاندەکانی هەردوولا دەستی پێکردووە. لەم سەفەرەدا ژمارەیەک بەرپرسی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لەوان پارێزگاری بانکی ناوەندی و وەزیرانی بازرگانی، ئابووری و نەوت، یاوەری ئیبراهیم ڕەئیسین، لەوبارەیەشەوە بە گوتەی تەسنیم، بە ئاماژەدان بەوەی کە پێکهاتەی سەرەکیی شاندی یاوەری سەرۆک کۆمار تیمی ئابوورییە، وتی کە "چین گەورەترین هاوبەشی بازرگانی ئێرانە، بۆیە کردەوەیەکی ستراتیژی لەم سەفەرەدا لە بواری گەشەپێدان و خێراکردنی دەبێت". هەروەها بە گوێرەی ئاژانسی تەسنیم ڕێکەوتنە ئابوورییەکان ئەوە نیشان دەدات کە ئێران لەسەر ڕێگایە بۆ گەشەکردن و گەشەسەندنی کارلێکە بازرگانییەکانی لەگەڵ چیندا. ئیبراهیم ڕەئیسی و شی جینپینگ بۆ یەکەمجار لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوودا لە کۆبوونەوەی لوتکەی ڕێکخراوی هاوکاریی شەنگەهای لە ئۆزبەکستان دیداریان کرد و دوای ئەوە سەرۆک کۆماری ئێران خوازیاری فراوانکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەم وڵاتە بوو. لەبارەی کۆبوونەوەکەشەوە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاند،" پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بنیاتنەرانە و "دژی هیچ وڵاتێکی تر نییە". ئەم بانگهێشتەی سەررۆکۆماری ئێران لەسەر خواستی سەرۆکی چین لەکاتێکدایە، کە سەرۆکی چین لە مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوودا سەردانی سعودیە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کرد و زنجیرەیەک ڕێککەوتنی گەورەی ئابووری لە نێوان هەردوو وڵات واژۆ کرا، بەبێ ئەوەی سەردانی ئێران بکات، ئەمەش وەک هەڵوێستی چین دژی ئێران لێکدرایەوە. ئێران و چین پەیوەندییەکی بەهێزی ئابوورییان بە تایبەتی لە بوارەکانی وزە، گواستنەوە، کشتوکاڵ، بازرگانی و وەبەرهێنان واژۆ کردووە، هەروەها ساڵی ٢٠٢١ هەردوو وڵات ڕێککەوتنی هاوکاری " ستراتیژیان" بۆماوەی ٢٥ ساڵ واژۆکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی هه ڵوێسته کانیان له باره ی ڕووسیا و هێرشه که ی بۆ سه ڕ ئۆکرانیا که ساڵێک له مه وبه ڕ ده ستیپێکرد، له ژێر گوشاری ڕۆژئاوادان. .
هاوڵاتی کۆمیسیۆنێک لە پورتوگال ئاشکرایکرد کە لە ساڵی ١٨٩٦ەوە نزیکەی پێنج هەزار منداڵ لە کەنیسەی کاسۆلیکی پورتوگال دەستدرێژییان کراوەتە سەر سەرەڕای ئەوەی بەشێکی ئەندامەکانی دەڵێن ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانییەکان زۆر زیاترە. کۆمسیۆنیک لیکۆڵینەوەکانی خۆی ئاشکراکردووە لەسەر دەست درێژیکردنە سەرمنداڵان لە کەنیسەی کاسۆلیکی پورتوگالدا لە دوای سەدان قوربانی کە لە کەنیسەکەدا دەستدرێژییان کراوەتەوە سەر، سەرۆکی کۆمسیۆنەکە دەڵێت" ئەو بەڵگانەی خراوەتەڕوو، قەناعەت پێکەرن و لە هەندێک شوێندا خراپەکاری بەربڵاوە". هاوکات پێشتر کەنیسەی کاسۆلیکی پورتوگال ڕایگەیاندبوو کە ڕێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر، هەرچەندە دانانی کات و سنوردارکردنی کاتێکی تایبەت بۆ ئەو پڕۆسەیە بەو مانایەیە کە قەرەبووی یاسایی بۆ زۆربەی قوربانییەکان کاتەکەی بەسەرچووە. هاوکات پاپا فرانسیسیش بەڵێنی داوە کە کڵێساکە لە دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان ڕزگار بکات، هەروەها بڕیارە لە مانگی ئابدا سەردانی لیسبۆن بکات و چاوی بە قوربانییەکان بکەوێت.
بە بڕیارێکی فەرمی حکومەت لە ئێران لە (20/2/2023) نابێت رێگە بە مۆبایلی (ئایفۆن 14) و مۆدێلەکانی دواتری ئایفۆن بدرێت بچێتە ناو وڵاتەکە. بە پێی بڕیارەکە تەنانەت گەشتیارانیش ناتوانن (ئایفۆن 14) لەگەڵ خۆیان ببەن بۆ ئێران و چالاکی بکەنەوە چونکە سیستمی تۆڕەکانی مۆبایلی ئەو وڵاتە رێگا بە کارکردنی ئەو جۆرە لە مۆبایلانە نادات. لە بڕیارەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە تەنانەت بە پۆست یان رەوانەکردنی لە وڵاتێکی دیکەوە نابێت ئەو مۆبایلە بگاتە ناو خاکی ئێران. پێشتر حکومەتی ئێران بڕیاری دابو ئەو جۆرە مۆبایلانەی کە نرخیان لە 600 دۆلار زیاترە نابێت بەشێوەی رەسمی لە رێگەی گومرگەوە بێتە ناو وڵاتەکەوە. بەهۆی سزا نێودەوڵەتییەکانەوە، ئێران روبەڕوی قەیرانی قوڵی ئابوریی بوەتەوە و داهاتی کرێکارێک کە سەرجەم 30 رۆژی مانگێک کاربکات ناگاتە 150 دۆلار و ئەوەش وای کردوە توانای کڕین بەشێوەی بەرچاو دابەزێت بۆیە حکومەت بڕیاری قەدەغەی هاوردەکردنی ئەو کاڵا و کەلوپەل و ئامێرانە دەدات کە بە ناپێویست ناویان دەهێنێت.