خەڵاتی ڕێزلێنانی موسا عەنتەر بەخشرا بە شەهیدان “گوڵیستان تارا و هێرۆ بەهادین”

9 كاتژمێر لەمەوپێش



هاوڵاتی

براوەکانی ٣١ـەمین خەڵاتی ڕۆژنامەنووسیی موسا عەنتەر و شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازاد دیاریی کران و خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرا بە هەردوو ژنە ڕۆژنامەنووس و شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازاد “گوڵیستان تارا و هێرۆ بەهادین”، کە بە بۆردوومانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ٢٣ـی ئابى ئەمساڵ شەهیدبوون.

 

لە گەڕی ٣١ـیەمینی خەڵاتی ڕۆژنامەنووسیی موسا عەنتەر و شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازادیی، کە لەلایەن ڕۆژنامەی یەنی یاشام دابەش دەکرێت، خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرا بە شەهیدان “گوڵیستان تارا و هێرۆ بەهادین”.

ساڵانە ڕۆژنامەی یەنی یاشام پێشبڕكێی ڕۆژنامەنووسیی موسا عەنتەر لە بوارەکانی “هەواڵی تورکی”، “هەواڵی وێنەیی”، “هەواڵی کوردی”، “وێنە”، “کاریکاتێر”، و ڕۆژنامەنووسیی ژنان” بەڕێوەدەبات.

بۆ ئەمساڵ و دوێنێ شەو ئەنجامی پێشبڕکێکە ڕاگەیاندرا و خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرا بە هەردوو ژنە ڕۆژنامەنووس شەهیدان “گوڵیستان تارا و هێرۆ بەهادین”، کە لە ٢٣ـی ئابى ئەمساڵ، کاتێک بۆ تۆمارکردنی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی ڕوویان لە سنووری شارەزوور کردبوو، بەهۆی بۆردوومانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە لە نزیکی شارۆچکەی سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی شەهیدبوون.

هەروەها ڕۆژنامەنووس پەخشان عەزیزی کە لە ئێران سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، بە شایستەی خەڵاتی ڕێزلێنان زانرا.

بڕیاریشە لە ٢٢ـی ئەم مانگە مەراسیمی دابەشکردنی خەڵاتەکان بەڕێوەبچێت.

ڕۆشنبیر، ڕۆژنامەنووس و نووسەری کورد موسا عەنتەر ناسراو بە ئاپێ موسا، لە ٢٠ـی ئەیلوولی ساڵی ١٩٩٢ لە کۆڵانی ٤٤٢ـی گەڕەکی کۆماریی لە ناوچەی سەیرانتەپەی ئامەد، لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە تیرۆرکرا.

 

ئاپێ مووسا لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستی بە نووسین بە کوردیی کرد و هەوڵیدا ئێش و ئازارەکانی گەلی کورد بخاتە سەر پەڕەکان و بە جیهانی بناسێنێت، چەندین جار دەستگیر کرا، ئەشکەنجەدرا و هەڕەشەی لێکرا، بەڵام بۆ ساتێکیش ئامادە نەبوو دەست لە خەبات و تێکۆشانی ڕووناکبیرانەی بەربدات.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار