لە دەریای ئیجە بەلەمێكی كۆچبەران ژێر ئاو کەوت

2 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

پۆلیسی پاسەوانی كەناراوەكانی باشووری یۆنان سەبارەت بە ژێر ئاوکەوتنى بەلەمێكی كۆچبەران لە كەناراواكانی سنووری وڵاتەكەیان و ژمارەی قوربانییەكان، ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، ئەمڕۆ بەلەمێكی دیكەی كۆچبەران لە دەریای ئیجە ژێر ئاوکەوت، بەهۆیەوە كەسێك گیانی لەدەستدا، تونراوە ١٥ كۆچەریش ڕزگاربكرێت، ئەوەش سێیەم بەلەمی كۆچبەرانە كە لە پێنج ڕۆژدا لە ئیجە ژێر ئاو دەکەوێت.

ئاماژە بەوەشكراوە، بەلەمەکە ١٦ سەرنشینی تێدابووە، بەهۆی خراپی دۆخی كەشوهەواوە ژێر ئاوکەوتووە و بەهۆیەوە كۆچبەرێك خنكاوە كە ژنە و تەرمەكەی دەرهێنراوەتەوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، هەر ئەمڕۆ ٧٨ كۆچبەریان لە بەلەمێكدا لە دەریای ئیجە ڕزگاركردووە، كە بەلەمەكەیان ژێر ئاوکەوتووە، سەرجەم كۆچەرەكانیش گواستراونەتەوە بۆ دوورگەی كریت.

جێگەی ئاماژەیە، ڕۆژی ٢٣ی ئەم مانگە بەلەمێكی كۆچبەران نقوم بوو و بەهۆیەوە سێ كۆچبەر خنكان و  ٢٥ كۆچەری دیكەش بێسەروشوێنبوون.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار