ڕێبەر ئەحمەد: هەزاران داعش لە سوریا و عێراق و سەرانسەری جیهاندا هەن
هێشتا داعش کۆتایی نەهاتووە
3 كاتژمێر لەمەوپێش
- داعش ئێستا زۆر لە ساڵی2014 بەهێزترە.
- مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان پێویستن.
- پەیوەندییەکی باش و تۆکمەمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیدا هەیە.
ئامادەکردنی: هاوڵاتی
ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، داعش ئێستا زۆر لە ساڵی2014 بەهێزترە، ئەو کات تەنیا چەند سەد کەسێک بون، بەڵام ئێستا بە هەزاران داعش لە سوریا، عێراق و سەرانسەری جیهاندا هەن.
ڕێبەر ئەحمەد، ئەمڕۆ شەممە لە دووەمین ڕۆژی کۆڕبەندی مێپس لە دهۆک ڕایگەیاند، ئێمە باوەڕمان وایە داعش ئێستا زۆر بەهێزترە لەو کاتەی کە دەستیپێکرد، لە ساڵی 2014، داعش ئەو کات تەنیا چەند سەد کەسێک بون، بەڵام ئێستا بە هەزاران داعش لە سوریا و عێراق و سەرانسەری جیهاندا هەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، داعش ئێستا بە هەمان شێوەی جاران چالاکن، لە ساڵانی ڕابردو چاڵاکی تیرۆرستییان لە مۆسکۆ و ئەلمانیا و ڤێتنام و ئێران هەبوە، ئەمەش پێمان دەڵێت مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان پێویستن، هاوکات ئێستا ئێمە پێویستیمان بەوەیە کۆتایی بە داعش بهێنین.
وەزیری ناوخۆ لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندییەوە رونیكردەوە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەڕوی ئاسایشەوە جیاوازە و تێگەیشتنێکی باش لە نێوانماندا هەیە، ئێمە بە یەک چاو سەیری ئاسایشی ناوچەکە دەکەین، ئەمە سیاسەتێکی ڕون و ئاشکرایە کە لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە، ئێستا پەیوەندییەکی باش و تۆکمەمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیدا هەیە.