شاندێكی تورکیا گەیشتە شاری هەولێ
5 كاتژمێر لەمەوپێش
ئامادەکردنی: هاوڵاتی
-ئەحمەد داودئۆغڵۆ سەرۆكی پارتی ئایندەی توركیا و ژمارەیەک پەرلەمانتاری تورکیا، گەیشتنە شاری هەولێر.
-سەردانەكەی داودئۆغڵۆ بەمەبەستی بەشداریكردنە لە پێنجەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە شاری دهۆک.
ئەحمەد داودئۆغڵۆ سەرۆكی پارتی ئایندەی توركیا و سەرۆك وەزیرانی پێشووی ئەو وڵاتە ئێوارەی ئەمڕۆ بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە هەولێر، بەمەبەستی بەشداربن لە پێنجەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس2024) كه لە زانکۆی ئەمریکی – کوردستان لە شاری دهۆک بەڕێوەدەچێت.
پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەحمەد داودئۆغلو، سیاسەتمەدار و سەرۆکی پارتی ئایندە و سەرۆک وەزیرانی پێشووتری تورکیا و شاندێکی یاوەری کە پێکهاتبون لە ژمارەیەک پەرلەمانتاری تورکیا، گەیشتنە شاری هەولێر.
ئاماژەی بەوەشكرد، شاندە توركییەكە لەلایەن ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئێرمان تۆبجو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر و د.عەبدولسەلام، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی وەزیران، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، پێشوازیان لێكرا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، سەردانەكەی داودئۆغڵۆ بەمەبەستی بەشداریكردنە لە پێنجەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس2024) لە زانکۆی ئەمریکی – کوردستان لە شاری دهۆک بەڕێوەدەچێت.
ئەوە لەكاتێكدایە سبەی هەینی، پێنجەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس2024) لە زانکۆی ئەمریکی – کوردستان لە شاری دهۆک دەستپێدەکات و تاکو ڕۆژی یەکشەممە بەردەوام دەبێت، كۆڕبەندەكە بەبەشداری نزیکەی 124 کەسایەتی سیاسی و ئەکادیمیست لە 40 وڵاتی جیاوازە بەڕێوەدەچێت.