بەریتانیا پاڵپشتی خۆیی بۆ هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند

2 كاتژمێر لەمەوپێش



 

- وه‌زیری ناوخۆی بەریتانیا رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی پابه‌نده‌ به‌ پاڵپشتكردن و هاوكاریكردنى هه‌رێمی كوردستان. 

- له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ شانشینی یه‌كگرتو تاوتوێ كران.

 

ئێڤێت كوپه‌ر وه‌زیری ناوخۆی بەریتانیا رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی پابه‌نده‌ به‌ پاڵپشتكردن و هاوكاریكردنى هه‌رێمی كوردستان.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازیی له‌ ئێڤێت كوپه‌ر وه‌زیری ناوخۆی بەریتانیا كرد و له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ شانشینی یه‌كگرتو، به‌هێزكردنی هاریكاریی هاو‌به‌ش له‌ هه‌مو بواره‌كاندا، به‌تایبه‌تی هاوكاریی ئه‌منی و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تاوانی ڕێكخراو، كۆچی نایاسایی، بازرگانی به‌ مرۆڤ، سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ و تاوانی ئه‌لیكترۆنی، تاوتوێ كران.

نێچیرڤان بارزانی، گرنگیی به‌هێزكردنی هاوكاریی نێوده‌وڵه‌تی له‌ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئاڵنگارییه‌ ئه‌منی و مرۆییه‌كان و تاوانه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان دوپاتكرده‌وه‌ و ستایشی ڕۆڵی شانشینی یه‌كگرتوی كرد له‌ پشتگیریكردنی سه‌قامگیریی هه‌رێمی و پاڵپشتیكردنی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌ره‌پێدانی توانا ئه‌منی و كارگێڕییه‌كانی.

لای خۆیه‌وه‌، ئێڤێت كوپه‌ر وێڕای پیرۆزبایی بۆ سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، سوپاسی ڕۆڵی هه‌رێمی كوردستانی كرد وه‌ك هاوبه‌شێكی ستراتیژی له‌ به‌هێزكردنی ئاسایشی هه‌رێمی و ئاماژه‌ی به‌ به‌رده‌وامیی پابه‌ندیی وڵاته‌كه‌ی كرد بۆ پشتیوانی و هاوكاری له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان و عێراق له‌پێناو به‌دیهێنانی سه‌قامگیری و ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌ مرۆییه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌دا.

پرسی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، گرنگیی جێیه‌جێكردنی ده‌ستوری عێراق و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی وڵات، مه‌ترسییه‌كانی داعش، دوایین پێشهاته‌كانی دۆخی‌ ئاڵۆزی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و چه‌ند پرسێكی دیكه‌ی جێی بایه‌خی هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌ بوو.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار