وردەکاریی پلانی بەڕێوەبردنی غەززە دواى رێککەوتنەکە ئاشکرا دەکرێت
11 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، وردەکارییەکانی پلانی ڕۆژانى دواتر لە کەرتی غەززە دوای کۆتایی هاتنی شەڕو ئاگربەستی ئاشکرا کرد، جەختیشی لەوە کردەوە کە ڕادەستی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەکرێت.
بلینکن ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئیدارەی غەززە لە دوای جەنگەوە دەبێت لەلایەن دەسەڵاتی فەلەستینییەوە بگرێتە ئەستۆ، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان و لایەنە بیانییەکان بەشێوەیەکى کاتى ڕۆڵى تێدا دەگێڕن.
سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە، بلینکن دووپاتی کردەوە کە حەماس پێشنیارەکانی جۆ بایدنی قبوڵکردووەو لەگەڵ ناوبژیوانان کاردەکات بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕکردن و کردنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە بۆ هەمیشەیی.
بلینکن زیادی کرد: ئێمە پێمان وایە دەسەڵاتی فەلەستین پێویستە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان بانگهێشت بکات بۆ یارمەتیدان لە دامەزراندنی و وەرگرتنی ئیدارەیەکی کاتی کە بەرپرسیارێتی کەرتە سەرەکییە مەدەنییەکان لە غەززە لە ئەستۆ بگرێت.
ڕوونیشیکردەوە، پلانەکە لەسەر بنەمای کشانەوەی ئیسرائیل و دامەزراندنی دەسەڵاتێکە بۆ بەڕێوەبردنی غەززە، بەجۆرێک دەسەڵاتی فەلەستین بەشداری لە بەڕێوەبردنی کەرتی غەززەدا بکات.
لە چوارچێوەی پلانە نوێیەکەدا، بلینکن جەختی لەوە کردەوە کە ئەوانەی بەرپرسی بەڕێوەبردنی غەززەن لە نزیکەوە لەگەڵ بەرپرسێکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان کاردەکەن بۆ سەرپەرشتیکردنی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە سەقامگیری و بوژانەوەی کەرتی غەززە.
ڕوونیشی کردەوە کە هێزێکی ئەمنی کاتی لە هێزەکانی وڵاتانی هاوبەش و فەلەستینییەکان پێکدەهێنرێت، ئەو بەرپرسە ئەمریکییە داوای لە دەسەڵاتی فەلەستین کرد چاکسازیی هەمەلایەنە ئەنجام بدات، یەکڕیزی لە نێوان کەرتی ڕۆژئاوا و کەرتی غەززەدا هەبێت.
جەختی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل دەبێت غەززە و کەناری ڕۆژئاوا بە سەرکردایەتی دەسەڵاتێکی چاکسازیکراوی فەلەستین یەکگرتوو قبوڵ بکات.
ناوبراو جەختی لەسەر پێویستی خۆشکردنی ڕێگه بۆ فەلەستینییەکان و ئیسرائیلییەکان کردەوه شان بەشانی یەکتر له ئازایدا بژین.