هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕۆژی سێشەممە داوای لە تورکیا کرد بەزووترین کات  ئەندامێتی سوید لە ناتۆ پەسەند بکات و گوتی ئەو وڵاتەی باکور هەنگاوی گرنگی ناوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ناڕەزاییەکانی ئەنقەرە بەرامبەر بە ئەندامبوونی لە ناتۆ. بلینکن ئەو هەواڵانەشی ڕەتکردەوە کە دەڵێن  به ڕێوه به رایه تی بایدن ڕه زامه ندی تورکیا له سه ر ئه ندامبوونی سوید لە ناتۆ به فرۆشتنی فڕۆکه چه کداره کانی جۆری ئێف 16 به ئەنقه ره ده به ستێته وه. بلینکن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی سوید لە لولیای باکوری سوید وتی واشنتن بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ تەواوکردنی ئەندامبوونی  سوید لە ناتۆ تا کاتی  کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆدا کە لە ناوەڕاستی مانگی حەوتدا ئەنجام دەدرێت و تیایدا سەرۆکی وڵاتانی هاوپەیمانێتیەکە کۆدەبنەوە. "ئێمە پێمانوایە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە و هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی بەرەو پێشەوە نەڕۆین"، بلینکن وایوت. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتیشی "هیوادارین ئه م پرۆسه یه له ماوه ی هه فته کانی داهاتوودا ته واو ببێت. ئێمە هیچ گومانێکمان لەوەدا نییە کە دەکرێت و  پێشبینی دەکەین." ئەم لێدوانانەی بلینکن چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە تورکیا داوای لە سوید کرد ئەو کەسانە دادگایی بکات کە بەرپرسن لە دانانی ئاڵای پەکەکە و ئۆجەلان بۆ سەر بینای پەرلەمان لە ستۆکهۆڵم لە ڕۆژی هەڵبژاردنەکانی تورکیادا کە دەسەڵاتی  تەیب ئەردۆغانی درێژکردەوە. بە گوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی لە تویتەر بڵاوکرانەوە لە لایەن کۆمیتەی یەکگرتووی سویدی بۆ ڕۆژئاواوە بڵاوکراوەتەوە، کە ئاماژەیەکە بۆ ناوچە کوردییەکانی سوریا، ئاڵای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەسەر بینای پەرلەمان نیشان دەدات. وێنەیەکی دیکە کە لەلایەن هەژمارەکەوە بڵاوکراوەتەوە دەقێکی تێدایە کە نووسراوە "ئازادی بۆ ئۆجالان"، کە ئەمیش بە بە پڕۆجێکتەرێک لەسەر بینای پەرلەمانی سوید پشاندراوە. سوید و فینلەندا ساڵی ڕابردوو داوای ئەندامێتییان لە ناتۆ کرد، ئەمەش دوای داگیرکردنی ئۆکرانیا لە لایەن ڕوسیاوە ، بۆ بە ئەندامبونی وڵاتێکی نوێ لەو هاوپەیمانێتییە  پێویستە هەموو ئەندامانی ناتۆ داواکارییەکە پەسەند بکەن، بەڵام تورکیا و هەنگاریا هێشتا داواکارییەکەی سویدیان پەسەند نەکردووە.

هاوڵاتی جۆو بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، دوای ماوەیەک لە مشتومڕێکی بەردەوام، دانی بەوەدانا کە کوڕەکەی بەهۆی شێرپەنجەی مێشکەوە گیانی لەدەستداوە، نەک وەک پێشتر بانگەشەی بۆ دەکرد، لەریزەكانی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق كوژرابێت. ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست بڵاویکردۆتەوە، جۆو بایدن دواجار دانی بە هۆکارەکانی مردنی کوڕەکەیدا نا، دوای 11 مانگ لە دوایین لێدوانی پێشوتری كە لە میانەی وتارێکدا بو لە بنکەیەکی ئەمریکی لە ژاپۆن و ئەوكات وتی، "کوڕەکەی لە عێراق لە کاتی شەڕە سەربازییەکاندا کوژراوە". ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، سەرەڕای دانپێدانانی جۆو بایدن بە هۆکارەکانی مردنی کوڕەکەی، بەڵام هێشتا پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە کوڕەکەی بەهۆی عێراقەوە گیانی لەدەستداوە. سەرۆکی ئەمریکا لە میانەی وتارێکیدا بۆ بنەماڵەی سەربازە کوژراوەکان لە گۆڕستانی نیشتمانی ئارلینگتۆن رایگەیاندوە، "شێرپەنجەی مێشکی کوڕەکەی لە ئەنجامی بەرکەوتنی بە گازە ژەهراویەکان لە عێراقدا دروستبووە، کە بەهۆی غازانەی عێراق کە بونە هۆی چاڵی ئاگرین و لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا بۆ ژەهراویکردنی ئاسمانی ئەو وڵاتە بەکارهێندران. سەرچاوە:New York Post

هاوڵاتی دەسەڵاتدارانی فرەنسا رایانگەیاند، لە دوو شەوی رابردودا 63 کەس لەکاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە بریتانیا بە بەلەمی بچوک لە دەریاوە لە نۆکەندی ئینگلیزی  رزگارکران. سەنتەری ئۆپەراسیۆنە ناوچەییەکان بۆ چاودێری و ڕزگارکردن لە گرێ-نی (باکوری فڕەنسا) لە دو شەوی رابردو دو ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی لە گەروی پاس دی کالای ئەنجامدا. 46 کەس لە کۆچبەرەکان لەلایەن کەشتییەکی کۆمەڵگەی نیشتمانیی فریاگوزاری دەریایی فەرەنساوە رزگارکراون کە لە بەلەمێکدا بوون و بزووێنەرەکەی لەکارکەوتووە؛ 17 کۆچبەرەکەی دیکەشیان دوای شکانی بەلەمەکەیان رزگارکردووە. ئۆپەراسیۆنی گەڕانەکان چەند رۆژێک دێت لە سزادانی 5 ئەفسەری دەریایی فەرەنسا، بە تۆمەتی خەمساردی لە رزگارکردنی 27 کۆچبەر بەهۆی نقومبوونی بەلەمەکەیانەوە لە نۆکەندەکەدا لە ساڵی 2021 کە بووە هۆی خنکانی کۆچبەرەکان. سەرەڕای مەترسییەکانی بەزاندنی یەکێک لە قەرەباڵغترین ڕێگا دەریاییەکانی جیهان، کۆچبەرانیش تادێت زیاتر لە کەناڵەکە دەپەڕنەوە نزیکەی 46  هەزار پەناخواز لە ساڵی 2022دا کەناڵەکەیان بەزاندوە کە زۆربەیان ئەفغانی و ئێرانی و ئەلبانی بون و هەشت هەزار پەناخوازیش لە ئاوەکانی فڕەنسا ڕزگارکراون.

هاوڵاتی              وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ڤۆلۆدیمیر زلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بە ڕەخنەگرتن لە ئێران دەیەوێت لە ململانێکان لەگەڵ روسیا هەوڵی وەرگرتنی یارمەتی و چەکی زیاتر لە رۆژئاوا بدات. وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی لێدوانێکی ڤیدیۆیی دایەوە کە ڕۆژی چوارشەممە بڵاوکرایەوە و تیایدا سەرۆکی ئۆکرانیا داوای لە "گەلانی ئێران" کرد کە فشار بخەنە سەر حکومەتەکەیان بۆ دورکەوتنەوە لە "تیرۆریزمی ڕوسیا" و واز لە دابینکردنی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی مۆسکۆ بهێنن کە بەکاری دەهێنێت بۆ ئەنجامدانی هێرشی بەرفراوان لە ئۆکرانیا. ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "دوبارەبونەوەی تۆمەتە ناڕاستەکانی سەرۆکی ئۆکرانیا دژی ئێران ئامانجی ئەوەیە زۆرترین چەک و یارمەتی دارایی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا وەربگرێت". ئێران لە سەرەتادا رەتیکردەوە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەهید بۆ ڕوسیا دابین بکات، بەڵام دواتر رایگەیاند، بەر لە دەستپێکردنی شەڕی ئۆکرانیا ژمارەیەکی سنورداریان بۆ دابین کردووە. ڕوسیا لەوکاتەوەی لە مانگی شوباتی 2022 دەستی بە لەشکرکێشی هەمەلایەنەی بۆ سەر ئۆکرانیا کردووە، هاوکارییە سەربازییەکانی لەگەڵ ئێران بەهێزتر کردووە.

هاوڵاتی کاربەدەستان و میدیاکانی ڕوسیا ڕایانگەیاند ئۆکرانیا ڕۆژی شەممە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان زنجیرەیەک هێرشیکردۆتە سەر دامەزراوەو بۆرییە نەوتەکانی ڕوسیا لە قوڵای وڵاتەکەدا  لەوانە بۆ سەر وێستگەیەکی خزمەتگوزاری بۆرییەکانی دروزبا و بەلایەنی کەمەوە دووکەس گیانیان لەدەستداوە. لەم هەفتەیەی دواییدا هێرشەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئۆکرانیا لەناو ڕوسیادا لە زیادبووندایە و ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ڕایگەیاند دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا پێی وایە ئۆکرانیا لەپشت هێرشەکەی سەرەتای ئەم مانگەوە بووە بۆ سەر کرێملن.  ڕۆژنامەی کۆمێرسانت ڕایگەیاند لە ناوچەی تڤەر کە دەکەوێتە باکوری ڕۆژئاوای مۆسکۆوە، دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر وێستگەیەک کە خزمەتی هێڵی بۆرییەکانی دروزەبا دەکات، کە یەکێکە لە گەورەترین بۆرییە نەوتییەکانی جیهان. لەو بارەیەوە ئەنجومەنی ناوخۆی تیڤەر ڕایگەیاند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە نزیک گوندی ئێرۆخینۆ کەوتۆتە خوارەوە کە نزیکەی 500 کیلۆمەتر لە سنووری ئۆکرانیاوە دوورە. هاوکات قایمقامی هەرێمی بێلگۆرد لە ڕوسیا ڕایگەیاند، بۆردومانەکانی ئۆکرانیا بەلایەنی کەمەوە یەک کەسیان کوشتوە و سێ کەسیش برینداربوون، لەنێویاندا کچێکی تەمەن ۱۵ ساڵ و کوڕێکی تەمەن ۱۷ ساڵ هەن. کێڵگەی نەوتی دروزبا کە لەلایەن یەکێتی سۆڤیەتەوە دروستکراوە، توانای ئەوەی هەیە ڕۆژانە زیاتر لە 2 ملیۆن بەرمیل پەمپ بکات، بەڵام بە شێوەیەکی زۆر کەم بەکاردەهێنرێت لە ئێستادا بەهۆی ئەوەی ئەوروپا هەوڵی کەمکردنەوەی پشتبەستنی بە وزەی ڕوسیا دەدات دوای ئەوەی سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن ساڵی ڕابردوو هێزی سەربازی نارد بۆ ئۆکرانیا.  

هاوڵاتی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، سەدان هەزار تۆپخانەی کۆریای باشور لە رێگەی ئەمریکاوە بەرەو ئۆکرانیا دەڕۆن، ئەوەش دوای ئەوەی سیئۆل لە سەرەتادا ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر پڕچەککردنی کیێڤ. جون هاکیو، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری کۆریای باشور ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، لەگەڵ پنتاگۆن گفتوگۆ دەکەن سەبارەت بە هەناردەکردنی تەقەمەنی، بەڵام ڕاپۆرتەکەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی بە "نادروست" ناوبرد و رەتیکردەوە بچێتە ناو وردەکارییەکانەوە. سیئۆل، هاوپەیمانی واشنتن و بەرهەمهێنەری گەورەی تەقەمەنی تۆپخانەیە، تا ئێستا ڕەتیکردوەتەوە هاوکاری سەربازی کوشندە بۆ ئۆکرانیا بنێرێت، ئەوەش بەهۆی پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ڕوسیا و کاریگەریی مۆسکۆ بەسەر کۆریای باکوردا، سەرەڕای زیادبونی فشارەکانی واشنتن و ئەوروپا لەسەری بۆ دابینکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا. دوای ئەوەی سەرۆکی باشور مانگی ڕابردوو سەردانی واشنتنی کرد و لەگەڵ جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکان کۆبونەوەیەکی لوتکەی ئەنجامدا، پێشکەوتنێک لە پێدانی چەک و تەقەمەنی بە ئۆکرانیا هاتۆتە کایەوە.

هاوڵاتی بەگوێرەی دوایین توێژینەوەی دامەزراوەی گالۆپی ئەمریکی کە لە ئەمساڵدا ئەنجامدراوە رێژەی خەمۆکی لەنێو هاوڵاتیانی ئەمریکادا گەیشتوەتە 29%، کە رێژەیەکی بەرزە. لە توێژینەوەکەی دامەزراوەی گالۆپی ئەمریکیدا هاتووە، "لەکۆی شەش هاوڵاتی ئەمریکی یەکێکیان توشی نەخۆشی خەمۆکی بوون، کە ئەوەش رێژەیەکی بەرزە، ئاماژەی بەوەشکردوە، بەگوێرەی داتا کلینیکییەکان خەمۆکی بەشێوەیەکی بەرچاو لەبەرزبونەوەدایە و زیادیکردوە. باسی لەوەشکردوە، بەراورد بە چینەکانی دیکە نەخۆشییەکە بەشێوەیەکی بەربڵاو لەناو چینی گەنجاندا تەشەنەی کردوە، کە تەمەنیان لەخوار 30 ساڵییەوەیە، ئەوەش لەکاتێکدایە رێژەی توشبون بە نەخۆشییەکە لەناو ژناندا زیاترە وەک لە پیاوان. فۆنیتا دۆتسون، دەرونناسێکی ئەمریکییە باسی لەوەکردوە، یەکێک لە هۆکارەکانی نەخۆشییەکە بایۆلۆجییە و توشبونی ژنانیش بەرێژەیەکی بەرزتر دەگەڕێتەوە بۆ پێکهاتەی هۆڕمۆن و خانەکانی لەش، هەروەها ژنان لایەنی سۆزدارییان لە پیاوان بەهێزترە. بەگوێرەی دوایین داتاکان، ئەمریکا پێویستی بە زیاتر لە هەشت هەزار راوێژاکاری دەرونی هەیە هەتا لەوبوارەدا کار بکەن، لەماوەی رابردوشدا کۆمپانیاکانی کەرتی گشتی و تایبەت هەندێک روێوشوێنیان بەمەبەستی باشترکردنی رەوشی دەرونی کارمەندەکانیان گرتوەتەبەر چونکە خراپی ژینگەی کارکردن یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکانی توشبون بە خەمۆکی.

رۆژنامەیەکی ئێران ئاشکرای دەکات هاوسەرگریی ئەو کچانەی تەمەنیان لە 15 ساڵ کەمترە لە سەرتاسەری وڵاتەکە زۆر بوەتەوە و کۆمەڵناسێکیش هەژاریی و یاساکانی کۆماری ئیسلامی بە هۆکاری هاوسەگریی کچان کەم تەمەن لەقەڵەم دەدات. رۆژنامەی (ئیعتیماد) لە چاپی ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاوی کردوەتەوە؛ لە ماەی نۆ مانگی سەرەتای زستانی 2021 تا پاییزی ئەو ساڵە لانیکەم 27 هەزار و 448 کچ لە ناوچە جیاوازەکانی ئێران هاوسەرگیرییان کردوە کە تەمەنیان لە 15 ساڵ کەمتر بوە. ئاماژە بەوە کراوە لە ساڵی 2017 ریژەی هاوسەرگیریی کچانی کەم تەمەن دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە بەڵام دوبارە ئەو رێژەیە لە ساڵی 2019 دەستی بە بەرزبونەوە کردوەتەوە. بە پێی راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران 31 هەزار و 646 کچی کەم تەمەن لە ساڵی 2020 و 32 هەزار 655 کچی دیکە کە ئەوانیش تەمەنیان لە 15 ساڵ کەمتر بوە لەو وڵاتە هاوسەرگیرییان کردوە. شەهەلا کازمیپور، کۆمەڵناس بە رۆژنامەکەی راگەیاندوە؛ هەژاریی و یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە هاوسەرگیریی کچانی 13 ساڵ تەمەن بە یاسایی لەقەڵەم داوە دوو هۆکاری سەرەکین بۆ زۆربونی هاوسەرگیریی کچانی کەم تەمەن.

هاوڵاتی ئەمڕۆ لە یونان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی، دەنگدەران دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان. بەگوێرەی راپرسیەکان کرییاکۆس میچۆتاکیس سەرۆکوەزیری ئێستا لە پێشەوەیە. ناوەندەکانی دەنگدان لە کاتژمیر ٧ی بەیانیەوە کراونەتەوە و پرۆسەی دەنگدان تاوەکو ٧ی ئێوارە بەردەوام دەبێت. پارتی سایریزای چەپ کە لە ٢٠١٥ەوە تاوەکو ٢٠١٩ لەسەر دەسەڵات بوو، هەوڵ دەدات، لەم هەڵبژاردنەدا سەربکەوێت. کرییاکۆس میچۆتاکیس سەرۆکوەزیری یونان لە دوایین کۆبونەوەی جەماوەری خۆیدا رایگەیاندبوو کە بە مەبەستی بنیاتنانی یونانێکی نوێ، جارێکی دیکە هەوڵ دەدەن سەربکەون و بەم شێوەیە کۆتایی بە قەیرانەکان دەهێنن. بەگوێرەی زۆربەی راپرسیەکان کرییاکۆس میچۆتاکیس لە پێشەوەیە. راپرسیەکان دەڵێن، پارتی بنئاژۆخوازان بە سەرۆکایەتی کرییاکۆس میچۆتاکیس نزیکەی ٣٣٪ی دەنگدەکان بەدەست دەهێنێت. پارتی سایریزای چەپیش ٢٦٪ی دەنگدەکان و پارتی سۆسیالیستی پاسۆک – کینالیش ٨.٣٪ دەنگدەکان بەدەست دەهێنن. بەگوێرەی یاساکانی یونان، ئەگەر تاوەکو مانگی تەمووز حکومەتی نوێ پێکنەهێنرێت، هەڵبژاردن دووبارە دەکرێتەوە.

لە ئامارەکانی وڵاتی چین بڵاو کراوەتەوە کە چوار مانگە ئەو وڵاتە هیچ بڕە نەوتێکی لە ئێران نەکڕیوە و لە بەرامبەردا هاوردەی نەوتی لە مالیزیا زۆر بەرز کردوەتەوە. گومگری چین بڵاوی کردوەتەوە؛ لە چوار مانگی ئەمساڵدا هاوردەکردنی نەوت لە مالیزیا گەیشتوەتە 14 ملیۆن تەن کە بەراورد بە چوار مانگی ساڵی رابردو 11 هێندە بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) ئاشکرای کردوە؛ ئێران و ڤەنزوێلا بە ناڕاستەوخۆ و لە رێگەی دەڵڵاڵەکانی بازاڕی نەوت لە جیهاندا نەوتەکەیان رەوانەی مالیزیا دەکەن و لەو وڵاتەوە بۆ چین هەناردە دەکرێت. ئەو ئاژانسە ئاشکرای کردوە؛ جگە لە پێدانی پارەی دەڵڵاڵەکان، ئێران هەر بەرمیلێک نەوت بە 12 دۆلار کەمتر لە نرخی جیهانی و بازاڕەکان بە چین دەفرۆشێت. پێش کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمیی و گەڕانەوە سزاکانی سەر کەرتی نەوتی ئێران لە ساڵی 2018، چین تەنها بڕی 27 هەزار تۆن نەوتی لە مالیزیاوە هاوردە کردوە کە ئەو بڕە ئێستا گەیشتووتە زیاتر لە 14 ملیۆن تۆن. بە پێی ئامارە نافەرمییەکان؛ ئێران لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵەوە رۆژانە نزیکەی 960 هەزار بەرمیل نەوتی رەوانەی چین کردوە کە دەکاتە 15 ملیۆن و 700 هەزار تۆن. چین بۆ ئەوەی تۆمەتەبار نەکرێت بە جێبەجێنەکردنی سزاکانی سەر ئێران، ئامارەکانی کڕینی نەوت بڵاو ناکاتەوە و زیاتر لە سێ ساڵیشە هیچ ئامارێکی فەرمیی گومرگی ئێران فرۆشی نەوتی نەخستوەتەڕو و تەنها لە رێگەی کۆمپانیاکانی چاودێریی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان بڕی فرۆش و ساخکردنەوەی نەوتی وڵاتەکە ئاشکرا دەبێت.

هاوڵاتی سەرۆکی تایوان بەڵێنیدا دۆخی ئێستای ئاشتی و سەقامگیری لە سەرانسەری گەروی تایوان بپارێزێت لەکاتێکدا گرژییە زۆرەکان لەگەڵ چیندا هەیە، کە فشارە سەربازییەکان لەسەر ئەو دورگەیە کە بە شێوەیەکی دیموکراسی بەڕێوەدەچێت، زیاتر دەکات. تسای ئینگ وێن، سەرۆکی تایوان لە وتارێکدا کە لە نوسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری تایوان بە بۆنەی حەوتەمین ساڵیادی دەستبەکاربونی لە دەسەڵات پێشکەشی کرد، رایگەیاند، "تایوان ملکەچی فشارەکانی چین نابێت".  پەکین بانگهێشتنامەکانی تسای بۆ دانوستان رەتکردەوە، تسای ئینگ وێن چەندین جار سوێندی خواردوە بەرگری لە ئازادی و دیموکراسی تایوان بکات. تسای ئینگ وێن وتی، "شەڕ بژاردە نییە، هیچ کام لە لایەنەکان ناتوانن بە شێوەیەکی تاکلایەنە دۆخی ئێستا بە ڕێگەی نائاشتیانە بگۆڕن، پاراستنی دۆخی ئێستای ئاشتی و سەقامگیری کۆدەنگی جیهان و تایوانە". لایخۆیەوە فومیۆ کیشیدا، سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن دوێنێ رایگەیاند، سەرکردەکانی گروپی حەوت رێککەوتون لەسەر ئەوەی بەدوای چارەسەری ئاشتیانەدا بگەڕێن بۆ کێشەکانی پەیوەست بە تایوان.  

هاوڵاتی لە پەراوێزی لوتکەی گروپی حەوت لە شاری هیرۆشیما، ئەمریکا ڕایگەیاند، ڕێگە بە فڕۆکەوانە ئۆکرانیاییەکان دەدات لەسەر فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف 16ی ئەمریکی مەشق و ڕاهێنان بکەن، دوای ئەوە بڕیارێک سەبارەت بە گەیاندنی فڕۆکەی جەنگی بۆ ئۆکرانیا دەردەچێت، بەو هەنگاوەش چاوەڕوانییەکانی ئۆکرانیا کۆتایی دێت. جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا  ڕایگەیاند، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بە سەرکردەکانی گروپی حەوتی ڕاگەیاندوە، "پشتیوانی خۆی بۆ دەستپێشخەرییەکی هاوبەش کە ئامانج لێی ڕاهێنانی فڕۆکەوانە ئۆکرانیاییەکانە لەسەر فڕۆکە جەنگییەکانی نەوەی چوارەم، لەنێویاندا فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف 16 رادەگەیەنێت". سوڵیڤان ئەوەشی راگەیاند، ئەمریکا سزاکانی سەر کەرتی ئابووریی رووسیا فراوانتر دەکات و بۆ ئەوەش لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپی و بەریتانییەکان هاوئاهەنگی دەکات.  هاوکات ڤۆڵۆدێمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە تویتێکدا بڕیارەکەی ئەمریکای بە مێژوویی ناوبرد و رایگەیاند، "دەستخۆشی لە بڕیارەکە دەکەم. ئەو بڕیارە بەشێوەیەکی کاریگەر هێزی ئاسمانیمان بەرەوپێشەوە دەبات." ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دوای گوتەکانی سوڵیڤان لە تویتێکدا رایگەیاند، "پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەمریکا دەکەم بۆ را‌هێنان بە فڕۆکەوانانی ئۆکراینی بۆ بەکارهێنانی فڕۆکەی F-16". دوای بڵاوبونەوەی ئەو ڕاگەیاندنە ئەمریکییە، دانیمارک ڕایگەیاند، دوای ڕەزامەندی ئەمریکا ڕاهێنان بە فڕۆکەوانە ئۆکرانیاییەکان دەکات لەسەر فڕۆکەی ئێف 16.

هاوڵاتی سەرۆکی ئۆکراینا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە سعودیە و بەشداری لە لووتکەی کۆمکاری عەرەبیدا دەکات کە لە شاری جەدە بەڕێوەدەچێت.   ئەمڕۆ هەینی، 19ـی ئایاری 2023، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا بە سەردانێک گەیشتە سعودیە بۆ ئەوەی بەشداری لە لووتکەی کۆمکاری عەرەبیدا بکات. ئەوەش دەبێتە یەکەم سەردانی سەرۆکی ئۆکراینا بۆ سعودیە. ڤۆڵۆدیمێر زێلینسكی سه‌رۆكی ئۆكرانیا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تێلیگرام نووسیوویه‌تی: "له‌میانه‌ی لوتكه‌ی كۆمكاری عه‌ره‌بی گوتارێك پێشكه‌ش ده‌كه‌م، دواتر له‌گه‌ڵ شازاده‌ محه‌ممه‌د بن سه‌لمان كۆده‌بمه‌وه‌، جیا له‌وه‌ش كۆبوونه‌وه‌ی دیكه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌م". هه‌روه‌ها زێلینسكی له‌ تویته‌ر نووسیوویه‌تی: "سه‌ردانه‌كه‌م بۆ سعوودیه‌، بۆ پته‌وتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئۆكرانیا جیهانی عه‌ره‌بییه‌". هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "گیراوه‌ سیاسییه‌كان له‌ هه‌رێمی كریمیا، هه‌ماهه‌نگی له‌ بواری وزه‌ و پرسی ئاشتی ته‌وه‌ره‌كانی گفتوگۆكانم ده‌بێت". به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی میدیا ئه‌مه‌ریكییه‌كان، زێلینسكی له‌دوای ته‌واوبوونی ده‌چێته‌ ژاپۆن و به‌شداری له‌ كۆبوونه‌وه‌ی گرووپی جی حه‌وت ده‌كات. لووتکەی ئەمجارەی وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی کە لە شاری جەدەی سعودیە بەڕێوەدەچێت، 32مین لووتکەی کۆمکارەکەیە و لە دوای ساڵی 2011 یەکەمجارە بەشار ئەسەد بە نوێنەرایەتی وڵاتەکەی بەشداری لە لووتکەکەدا بکات.   

هاوڵاتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماری گیانلەدەستدانی  کۆچبەرانی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند لەسەرەتای ئەمساڵەوە لانیکەم 980 کۆچبەر لە دەریای نێوەڕاستدا گیانیان لەدەستداوە یانیش بێسەروشوێن بوون.  کۆمیسیۆنی باڵای کاروباری کۆچبەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) پێنجشەممە، 18ی ئایاری 2023 ڕایگەیاند لە پێنج مانگ و نیوی یەکەمی ئەمساڵدا، زیاتر لە 980 کۆچبەر لە دەریای نێوەڕاستدا گیانیان لەدەستداوە یانیش بێسەروشوێن بوون. بەگوێرەی ئەو ئامارە نوێیەی نەتەوە یەکگرتووەکان، زۆرترین قوربانییەکان لەمانگی نیسانی ئەمساڵدا تۆمارکراون، بەجۆرێک تەنیا لەو مانگەدا 528 کۆچبەر لە دەریاکانی بەرەو وڵاتانی ئەوروپا(دەریای ئیجە، نێوەڕاست و رۆژئاوای دەریای نێوەڕاست) خنکاون یانیش بێسەروشوێن بوون.  هەروەها  زۆرترین کۆچبەر لە پێنج مانگی ئەمساڵەوە روویان لە ئیتاڵیا کردووە کە ژمارەیان زیاترە لە 45 هەزار کۆچبەر . ئەم شەپۆلی نوێیەی کۆچبەران بۆ وڵاتانی ئەوروپا لەکاتێکدایە کە ساڵی رابردوو، زیاتر لە 105 هەزار کۆچبەر روویان لە ئیتاڵیا کردووە و زیاتر لە هەزار و 400 کۆچبەریش  لەو رێگەیە بۆ گەیشتن بە خاکی ئیتاڵیا گیانیان لەدەستداوە یانیش بێسەروشوێنن.  

هاوڵاتی سەرکردەکانی وڵاتانی گروپی حەوت لە شاری ھیرۆشیما_ی ژاپۆن کۆدەبنەوە و قەیرانی ئۆکراین و چین بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکان دەبێت. لە ژاپۆن چاوەکان لەسەر لوتکەی G7ە کە لە شاری هێرۆشیما بەڕێوەدەچێت و ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت. لەو لوتکەیەدا کە سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن، کیشیدا فومیۆ میوانداری دەکات، هەریەک لە سەرکردەکانی ئەمه‌ریکا، فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، کەنەدا و ئیتاڵیا بەشداری دەکەن. لوتکەکە کە تا 21ی ئایار بەردەوام دەبێت، جگە لە وڵاتانی G7 هەریەک لە یەکێتیی ئەوروپا، ئیندۆنێزیا، هیندستان، کۆریای باشوور، ئوسترالیا و ڤێتنام بانگهێشتکراون. جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا کە ئێوارەی پێنجشەممە گەیشتە ھیرۆشیما، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ فومیدا کیشیدا سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن رایگەیاند، گروپی حەوت داکۆکی لە بەھا ھاوبەشەکان دەکات، بەتایبەت پشتیوانی گەلی ئۆکراین لە دژی داگیرکاری روسیا.  جەیک سۆلیڤان راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکاش وتویەتی، لوتکەکە جەختدەکاتەوە لەسەر توندکردنەوەی سزاکان لەسەر مۆسکۆ.    لووتکەی سەرکردەکانی G7 کە بە یەکێک لە پلاتفۆڕمە نێودەوڵەتییە گرنگەکان لە چارەسەری کێشە سیاسیی و ئابوورییە جیهانییەکان دادەنرێت ، لە هۆتێل گراند پرایس هێرۆشیما بەرێوەدەچێت.