مەزڵوم عەبدى: تورکیاو بەناو "سوپای نیشتمانی" پێداگری لەسەر شەڕ دەکەن

2 ڕۆژ لەمەوپێش



فەرماندەى هێزەکانى سوریاى دیموکرات ڕایدەگەیەنێت، بەردەوامی هێرش بۆ سەر هێزەکانمان لە ناوچەی قەرقۆزاک و ناوچەی بەنداوی تیشرین لەلایەن تورکیاوە، پلانێکە بۆ گەمارۆدانی کۆبانی، بەڵام بڕیاری هێزەکانمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بەرخۆدان بڕیارێکی یەکلاکەرەوەیە، ڕێگە نادەین هیچ هێرشبەرێک بەرەو ڕۆژهەڵاتی فورات بپەڕێتەوە.

لەچاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا، مەزڵوم عەبدى فەرماندەى هێزەکانى سوریاى دیموکرات، (هەسەدە) باس لەبارودۆخى سوریاو هێرشەکانى سەر بەنداوى تشرین و چەند تەوەرەکى دیکە دەکات.
ئەو دەڵێت: سوریا شایەتی گۆڕانکاری مێژووییە، بەڵام ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ دەبێتەوە، ئەمڕۆ وردە وردە وێنەکە ڕوونتر دەبێتەوە و زیاتر دەردەکەوێت، بەڵام تا ئێستا دۆخەکە ئاراستەیەکی ڕوونی بۆ هەمووان لە سووریا نەگرتووە.
فەرماندەکەى هەسەدە ئەوەش دەخاتەڕوو ئەوان دەیانەوێت ئەو گۆڕانکارییەی کە ڕوویداوە ببێتە بنەمای قۆناغێکی نوێ لە سووریا، وتیشى: ئێمە ئیدارەیەکمان هەیە کە کار بۆ بەهێزکردنی بنەماکانی دیموکراسی دەکات و بە دڵنیاییەوە دەمانەوێت ڕۆڵێکی کاریگەر و گەورەمان لە سوریای نوێدا هەبێت.

مەزڵوم عەبدى ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، ئێستاش دۆخی ئابوری بەرەو خراپی دەڕوات و هێشتا زیاتر بەرەو خراپتر دەڕوات، ئەوەش بەهۆی بەردەوامی سزا نێودەوڵەتییەکانەوە، وتیشى: هێرشەکانی تورکیا هەوڵەکان بۆ سەقامگیری و بنیاتنانی ئایندەی سووریا پەکدەخات.
فەرماندەکەى هەسەدە دەڵێت هێرشە بەردەوامەکانی تورکیاو گروپە گرێدراوەکانی بۆ سەر ناوچەکانمان دژایەتییەکی گەورەیە لەگەڵ هەوڵەکان بۆ پێشخستنی سوریا، و ناکۆکی لەگەڵ هەوڵەکانی گەیشتن بە سەقامگیری و دەستپێکردنی گفتوگۆ و گفتوگۆی سیاسییە، ئێمە لە ڕێگەی ناوبژیوانانەوە چەندین پێشنیارمان خستووەتەڕوو، لەنێویاندا ئەمریکا، بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان و گەیشتن بە ئاگربەستێکی هەمەلایەنە.
هاوکات ئەوەش دەخاتەڕووپرۆسەی نێوەندگیری ئاگربەستێکی گشتگیر لە سەرانسەری چەندین لایەندا بەردەوامە، بەردەوامین لە پێداگری لەسەر زاڵبوونی دیالۆگ، بەڵام تورکیا و بەناو "سوپای نیشتمانی" پێداگری لەسەر شەڕ دەکەن.

مەزڵوم عەبدى ڕاشیگەیاند هێرشەکان دژبەیەکن و ڕێگرن لە هەوڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا، هەروەها دەبێت ئیدارەی نوێ لە سوریا هەڵوێستی خۆی دەرببڕێت سەبارەت بەو شتانەی کە لەسەر خاکی سوریا ڕوودەدەن، وتیشى: پشتیوانی و کارکردنمان بۆ ئایندەی سوریا وابەستە و مەرجدارە بە وەستاندنی هێرشەکان بۆ سەر ناوچەکانمان.
ئەوشى وت کە کار بۆ تەواوکردنی کۆبوونەوەکانی لایەنە سیاسییە کوردییەکان لە ناوچەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامە بۆ پێکهێنانی ئۆرگانێکی یەکگرتوو بە ناوی ڕۆژئاوا بۆ ئەوەی بچنە دیمەشق و داوای مافەکانیان بکەن. سەرەتا دەبێت لەسەر بەرنامەیەکی یەکگرتوو ڕێکبکەون، پاشان بچنە دیمەشق بۆ ئەوەی داواکارییەکانیان بخەنە بەردەم ئیدارەی دیمەشق.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار