نوێنەری ترەمپ گەیشتە ئیسرائیل بۆ چاودێرکردنى ڕێککەوتنەکەى غەززە
دوێنێ
نوێنەرى سەرۆکی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەیشتە ئیسرائیل، پەیامێکى ترەمپ پێیەو دەیەوێت ڕێککەوتن و ئاگربەستى غەززە وەکخۆى جێبەجێبکرێت، زیندانییەکان ئازادبکرێن بۆ گەیشتن بەم بابەتە دەبێت ناکۆکی ئەمنی و سیاسییەکان چارەسەر بکرێن.
ئەمڕۆ چوار شەممە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، گەیشتە ئیسرائیل بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە و ئاڵوگۆڕی دیلەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس، کە بڕیارە لە ١٦ی ڕۆژی ڕێککەوتنەکەوە دانوستانەکانی لەسەر دەستپێبکات، کە دەکەوێتە سێشەممەی داهاتوو.
بەپێی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانیەکانى ئیسرائیل، بڕیارە ویتکۆڤ لە سەردانەکەیدا لەگەڵ ئیسرائیل کاتز وەزیری بەرگری ئیسرائیلیش کۆببێتەوە و ڕایگەیاندووە، ڕەنگە ویتکۆف سەردانێکی مەیدانی لە کەرتی غەززە ئەنجام بدات کە ڕەنگە میحوەری "نەتزەریم" و دەروازەی کەرەم شاڵۆم لەخۆ بگرێت.
ئەو پەیامەی کە ویتکۆف بۆ ئیسرائیل هەڵیدەگرێت، خواستی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکایە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی دیلییەکان بە تەواوی، هەروەها پێویستی چارەسەرکردنی ناکۆکییە ئەمنی و سیاسییەکانە بۆ بەدیهێنانی ئەمە.
پێشتر نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، بانگهێشتنامەیەکی پێگەیشتووە بۆ ئەوەی لە 4ی شوبات لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە.
هەر لە هەمان چوارچێوەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ بەدر عەبدولعەتی هاوتا میسریەکەی جەختی لەسەر گرنگی هاوکاری نزیک بۆ دڵنیابوون لەوەی حەماس ناتوانێت حوکمڕانی غەززە بکات یان دووبارە هەڕەشە لە ئیسرائیل بکاتەوە.