نوێنەرانی ڕوسیا بۆ یەکەمجار سەردانی سووریا دەکەن
2 ڕۆژ لەمەوپێش
شاندێکی کاربەدەستانی ڕووسیا ئەمڕۆ سێشەممە، 28ی یەک، بۆ یەکەمین جار لە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد، بە مەبەستی گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا گەیشتنە دیمەشق.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی تاسی دەوڵەتی ڕووسیا، شاندەکە پێکهاتبوون لە میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و ئەلێکساندەر لاڤرێنتیڤ، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ڕووسیا بۆ کاروباری سووریا. ئاژانسەکە هیچ وردەکارییەکی دیکەی لەبارەی سەردانەکەوە نەخستوەتەڕوو.
هەروەها هیچ لێدوانێکی فەرمی لەلایەن حکومەتی کاتی سوریاوە سەبارەت بەم سەردانە نەخراوەتەڕوو، بەڵام ڕۆژنامەی نیمچە فەرمی ئەلوەتەن بڵاویکردەوە کە شاندی ڕووسیا لەگەڵ سەرۆکی دیفاکتۆی وڵاتەکە، ئەحمەد ئەلشەرع و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوریا کۆدەبێتەوە.
ڕوسیا هیوادارە بتوانێت لە بنکەی ئاسمانی حەمیمیم لە نزیک بەندەری لازقیە و بنکەی دەریایی لە بەندەری تەرتوس بمێنێتەوە. لازقیە و تەرتوس کە هەردووکیان لە کەنارەکانی دەریای ناوەڕاستن، شوێنی لایەنگرانی سەرەکی بەشار ئەسەد و عەلەوییەکانن.
ڕووسیا دامەزراوەی دەریایی لە تەرتوس بە شێوەیەکی سەرەکی وەک وێستگەیەک بەکاردەهێنا بۆ گواستنەوەی بەڵێندەرە سەربازییەکانی بۆ ناوچە جیاوازەکانی کیشوەری ئەفریقا، هەرچەندە پێداویستییە سەربازییەکانی ڕووسیا بۆ چاککردنەوەی ئامێرە دەریاییەکانیش لەو بنکەدا دابیندەکرا.
دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ مۆسکۆ نەپچڕاندووە و هێزە سەربازییەکانی ڕووسیایان ناچار نەکردووە بە تەواوی لە بنکەکانی لە سوریا دەربچن، بەڵام سەرەتای ئەم مانگە ئەلوەتەن بڵاویکردەوە سوریا گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ڕووسی بۆ بەڕێوەبردنی بەندەری تارتووس هەڵوەشاوەتەوە.
بەشار ئەسەد لە ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن ڕێگەی بە ڕووسیا دابوو کە بنکەی ئاسمانی حەمیمیم بۆ ماوەی 49 ساڵ بەکاربهێنێت، لەگەڵ بژاردەی درێژکردنەوەی ڕێککەوتنەکە ماوەی 25 ساڵی دیکە. ڕوسیا هەر لەو بنکەیە بەشار ئەسەدی بەرەو مۆسکۆ گواستەوە.
بەشار ئەسەد دوای ئەوەی دەسەڵاتە 24 ساڵەکەی لە مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوودا بە هێرشێکی لەناکاوی یاخیبووان کۆتایی پێهات، پەنای بۆ ڕووسیا برد.
سەرۆکی دیفاکتۆی سوریا، ئەحمەد ئەلشەرع ڕایگەیاندووە روسیا دەرفەتی ئەوەی هەیە پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوریادا بکات.
سەردانەکەی شاندی ڕووسیا بۆ دیمەشق دوای چەند ڕۆژێک دێت کە یەکێتی ئەوروپا هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی سەر سوریای بە کشانەوەی هێزە چەکدارە بیانییەکان لە خاکی سوریا گرێدا.
یەکێتی ئەورووپا داوای لە فەرمانڕەوا نوێیەکانی دیمەشق کردووە کە ڕووسیا ناچار بکەن بنکەی حەمیمیم و تەرتوس چۆڵ بکات.