میسر ڕەتیدەکاتەوە ترەمپ پەیوەندی بە سیسیەوە کردبێت
2 ڕۆژ لەمەوپێش
سەرۆکی ئەمریکا لە بیرۆکەی گواستنەوەی فەلەستینییەکان لە غەززە پاشەکشەی نەکردووە و دەڵێت:دەمەوێت لە ناوچەیەکدا بژین کە بتوانن بەبێ نائارامی و شۆڕش بژین.
سەرچاوەیەکی باڵای بەرپرسى حکومەتى میسر، ڕۆژی سێشەممە، ئەوەی ڕەتکردەوە کە لەلایەن میدیاکانەوە باسی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڵاوکرایەوە.
جەختیشی کردەوە، هەر پەیوەندییەکی تەلەفونیی سەرۆکی کۆمار بە پێی داب و نەریت لەگەڵ سەرۆکی دەوڵەت ڕادەگەیەندرێت، بە تایبەت سەبارەت بە پەیوەندییەک لەم ئاستە و لەم کاتە ناسکەدا کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێیدا تێدەپەڕێت.
پێشتر سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ترەمپ ڕایگەیاند، لەگەڵ سەرۆکی میسر قسەیان کردووە سەبارەت بە گواستنەوەی فەلەستینییەکان لە غەززە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە لە بیرۆکەی گواستنەوەی فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە پاشەکشەی نەکردووە، بەپێی ئەوەی لەلایەن ئاژانسەکانی هەواڵ و میدیاکانەوە بڵاوکراونەتەوە.
ئەمڕۆش لە میانی گەڕانەوەی لە میامیەوە بۆ واشنتۆن، سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ لە نێو فڕۆکەکەیدا وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە.
پرسیار لە ترەمپ کرا سەبارەت بە لێدوانێکی پێشووی کە باسی لە ناردنی خەڵکی غەززە کردبوو بۆ وڵاتانی دراوسێ، ئەویش لە وەڵامدا گوتی: ''بۆچوونم لەو بارەیەوە نەگۆڕاوە. دەمەوێت ئەوانە بتوانن لە ناوچەیەکدا بەبێ ئاژاوە و توندوتیژی بژین''.
''کاتێک تەماشای کەرتی غەززە دەکەیت دەبینن ئەوێ ساڵانێکی زۆر وەک جەهەنەم وابووە'' ترەمپ وای وت، باسی لەوە کرد کە ماوەیەکی زۆرە توندوتیژی لەو ناوچەیەدا باڵادەستە.
ترەمپ سەبارەت بە سیسی وتی: هیوادارم هەندێکیان وەربگرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە زۆر یارمەتیمان داون، دڵنیام یارمەتیمان دەدات. لە درێژەی قسەکانیدا وتی: وەک دەڵێن کارێکى سەختە، بەڵام پێموایە ئەو کارە دەکات، پێموایە پاشای ئوردنیش ئەو کارە دەکات.
بەهۆی ئەو شەڕەی کە لە ئەنجامی هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ سەریهەڵدا، نزیکەی ٢ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس لە کەرتی غەززە ئاوارەبوون.
قاهیرە و عەممان هەڵوێستی خۆیان نوێکردەوە بە ڕەتکردنەوەی هەر پلانێکی ئیسرائیلی یان پلانێکی دیکە بۆ گواستنەوەی دانیشتوانی کەرتی، بە دووەم هەڵمەتی ئاوارەبوونیان لە قەڵەمدا.