ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی عێراق دەکات

23 كاتژمێر لەمەوپێش



وەزارەتى دەرەوەى تورکیا ڕایدەگەیەنێت، هاکان فیدان  وەزیری دەرەوە، ئەمرۆ یەکشەممە سەردانی عێراق دەکات بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پرسەکانی ئاسایش و پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە.
لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیا گرژییان تێدا بووە، ئەوەش بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیاوە دژی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە هەرێم و حکومەتی عێراقیش ئەمە بە پێشێلکردنی سەروەری خاکی وڵاتکەی ناودەبات.
بەڵام پەیوەندییەکان باشتر بوون دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو بەغداد پارتی کرێکارانی کوردستانی بە " ڕێکخراوێکی قەدەغەکراو " ناساند، دوو وڵاتەکەش ڕێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی گفتوگۆی ئاست بەرزی ئاسایشی لە نێوانییاندا.
بڕیارە هاکان فیدان لەسەردانەکەیدا لەگەڵ سەرۆک کۆمارى عێراق لەتیف ڕەشید و سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سودانی و وەزیری دەرەوە فوئاد حسێن و بەرپرسانی دیکەی عێراقدا کۆدەبێتەوە.

ڕۆژی پێنجشەممەى ڕابردوو وەزیری دەرەوەی عێراق فوئاد حسێن وتی ئەگەر تورکیا هێرش بکاتە سەر هێزە کوردییەکان لە باکووری سوریا ئەوا ئەوە مەترسیدار دەبێت و خەڵکێکی زیاتر ئاوارە دەبن.
سەردانەکەی فیدان بۆ عێراق لە کاتێکدایە کە تورکیا داوای لە یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد لە سوریا کردووە چەک دابنێن، ئەوەش دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد.
یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد سەرکردایەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکەن کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانییان لێدەکرێت و ڕۆڵێکی سەرەکی و گەورەیان هەبووە لە شکستهێنان بە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشدا. تورکیا دەڵێت یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد درێژکراوەی پارتی کرێکارانی کوردستانە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار