ڕۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوتی عێراق کەمدەکات
2 ڕۆژ لەمەوپێش
بەپێی وتەی بەرپرسێک، بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی گەورەکەى ڕومەیلەوە عێراق بە بڕی 300 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمبووەتەوە، دوای ئاگرکەوتنەوەکەى هەفتەی ڕابردوو.
محەمەد نەجار، نوێنەری حکومەتى عێراق لە ئۆپێک ڕایگەیاند، چارەسەرکردنى تەواوەتى هێڵەکە و کاتى گەڕانەوەى بۆ ئاستەکانی پێشوو کە ڕۆژانە یەک ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل بووە هێشتا نادیارە. ڕۆژی هەینی ڕابردوو وەزارەتی نەوتى عێراق ڕایگەیاند، دوای چەند کاتژمێرێک ئاگرەکە لە تانکی ژمارە 2 لە وێستگەی DS5 لە باکوری ڕومەیلەوە کوژوەتەوە.
کێڵگەی ڕومەیلەوە کە یەکێکە لە گەورەترین کێڵگەکانی جیهان، بە هاوبەشی لەلایەن عێراق و بی پی پی ئێڵ سی و کۆمپانیای پترۆچینا بەڕێوەدەبرێت و پلانیش هەیە تا کۆتایی ئەمساڵ بەرهەمهێنان بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزبکرێتەوە.
پچڕانی دابینکردنی نەوت دەتوانێت عێراق زیاتر هاوتەریب بکات لەگەڵ ئەو ئاستە بەرزەی بەرهەمهێنان کە لەگەڵ هاوڕێکانی ئەندامانی ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت ڕێککەوتوون، کە لە هەوڵێکدا بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوتی خاو، دابینکردنی نەوتی سنووردار کردووە.
دوای چەند مانگێک لە کەمکردنەوەی داهات، بەغدا لە مانگی کانوونی دووەمدا ئاستی بەرهەمهێنانی بۆ 4.019 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزاند، کە تەنها 19 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە سەرووی پشکی ئۆپێکەوە بوو، بەپێی ڕاپۆرتێکی مانگانەی ڕێکخراوەکە هەفتەی ڕابردوو. هەروەها وڵاتەکە بەڵێنی داوە کە دابینکردن لە خوار پشکەوە کەم بکاتەوە بۆ ئەوەی قەرەبووی زیادە بەرهەمهێنانی پێشووتر بکاتەوە.
نرخی نەوت کاردانەوەیەکی کەمی بەرامبەر بە پچڕانی نەوت نیشان دا، ئەمڕۆ سێ شەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت گۆڕانکارییەکی کەمی بەخۆیەوە بینی لە نزیک 78 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک لە لەندەن، دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو بە ڕێژەی 2.8% پاشەکشەی کرد.
بازرگانان لەبری ئەوە سەرنجیان لەسەر ئاسۆی باجی بازرگانی لەسەر کۆمەڵێک بەکارهێنەر و بەرهەمهێنەری سەرەکی نەوتە کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاوە هەڕەشەیان لێدەکرێت.