هاوڵاتی وەزارەتی بەرگری تایوان ڕایگەیاند ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 24 فڕۆکەی جەنگی چینی، لەنێویاندا فڕۆکەی جەنگی و بۆمبڕێژکراو، لە نزیک تایوان، تا کاتژمێر 8:00ی بەیانی بەدیکراون ڕاشیگەیاندووە تایوان فڕۆکە و کەشتیی ناردووە بۆ ئاگادارکردنەوەی چالاکییەکانی چین، لەکاتێکدا سیستەمی موشەکی چاودێرییان دەکرد. بەرپرسێکی باڵای ئەمنی تایوان بە ئاژانسی ڕۆیتەرز-ی راگەیاندوە، پێدەچێت چالاکییەکانی ئەمڕۆ هەینی چین لە وەڵامی سەردانێکی شاندێکی کۆنگرێسی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی مایک ڕۆجەرز، سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزارییە چەکدارەکانی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ تایپە بێت. چین لە مانگی نیساندا لە دەوروبەری دورگەکەدا مانۆڕی ئەنجامدا، ئەوەش وەک وەڵامێکی توڕەیی بۆ کۆبونەوەی سەرۆکی تایوان تسای ئینگ وێن لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا. ئەوەش لەکاتێکدایە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕەزامەندی لەسەر فرۆشتنی تەقەمەنی و پێداویستی لۆجستی بە تایوان بە دو گرێبەستی جیاواز بە بەهای تا 440 ملیۆن دۆلار پەسەندکرد.
هاوڵاتی ئەو پۆلیسەی لە پاریس تەقەی لە مێرمنداڵێکی تەمەن 17 ساڵ کرد، تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەستی درایە پاڵ. ئاژانسی فرانس پرێسی فەرەنسی بڵاویکردەوە، پاسکال براچ، داواکاری گشتی شاری نانتێر تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەستی خستەپاڵ ئەو پۆلیسەی رۆژی سێشەممە 27ـی مانگ تەقەی لە مێرمنداڵەکە کرد. داواکاری گشتی پێی وایە کە مەرجە یاساییەکانی بەکارهێنانی چەک جێبەجێ نەکراون، داوای راگرتنی ئەو پۆلیسەشی کرد کە تۆمەتەکەی دراوەتە پاڵ، کە بەپێی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس، ئەم داواکاریە لەمجۆرە حاڵەتانەدا، بژاردەیەکی دەگمەنە. هاوکات بەگوتەی پارێزەرەکەی، پۆلیسەکە داوای لێبوردنی لە خێزانی مێرمنداڵەکە کردووە. پارێزەری پۆلیسەکە گوتیشی: ئەو پۆلیسە 38 ساڵە فەرەنسیە بە بینینی ڤیدیۆکە تووشی شۆک بووە و تەواو رووخاوە، چونکە ئەو بەیانیان لەخەو هەڵناستێت بۆئەوەی خەڵک بکوژێت. دایکی مێرمنداڵەکەش کە خەڵکی جەزائیرە پێی وایە، رووداوی کوشتنەکە پاڵنەری رەگەزپەرستی لەپشتە. کوژرانی مێرمنداڵێک بەناوی نائل بەدەستی پۆلیسی فەرەنسا، تووڕەیی و کاردانەوەی فەرەنسییەکانی لێکەوتەوە و، لە پاریس و شار و شارۆچکەکانی دیکە خۆپیشاندان دەستی پێ کرد و تا ئێستا بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانی خۆپیشاندانەکانەوە، زیاتر لە 150 کەس دەستگیرکراون.
هاوڵاتی سکرتیری گشتی ناتۆ رایگەیاند، بەرپرسە گەورەکانی تورکیا و سوید و فینلەندا کۆدەبنەوە و پرسی سەرەکی کۆبونەوەکە ئەندامێتی سوید دەبێت لە ناتۆدا. یانس ستۆڵتەنبێرگ سکرتێری گشتی ناتۆ لە بروکسێلی پایتەختی ناتۆ، کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنوسی ئەنجامدا و وتی، " ئێستا کاتی ئەوەیە کە ئێمە وەک ناتۆ پێشوازی لە سوید بکەین." یانس ستۆڵتەنبێرگ باسی ئەوەشی کرد شاندە دانوستانکارەکانی وەزیرانی دەرەوە و راوێژکارە هەواڵگریەکانی هەر سێ وڵاتی تورکیا، سوید و فینلەندا رۆژی حەوتی تەمووز کۆدەبنەوە. سوید داوا دەکات، بەر لە کۆبونەوەی ناتۆ کە بڕیارە ١١ی تەمووز لە لیتڤانیا بەڕێوە بچێت، ئەنقەرە ئەندابوونی لە ناتۆدا پەسەند بکات. ئەمەش لە کاتێکدایە کە دوێنێ 28ی مانگ، کەسێکی بەرەگەز لە سوید قورئانی سووتاند و ئەمەش کاردانەوەی توندی تورکیای لێکەوتەوە. لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوودا ، کاتێک روسیا هێرشی کردە سەر ئوکراین، فینلەندا و سوید پێکەوە داواکاریان بۆ ئەندامێتی ناتۆ پێشکەش کرد. تورکیاش وەک ئەندامێکی ناتۆ رایگەیاند، ئەو ئامادە بە مەرجێک ئەندامێتی سوید و فینلەندا لە ناتۆدا قبوڵ بکات کە هەردوو وڵات و بە تایبەتی سوید ژمارەیەک کەسایەتی رادەستبکاتەوە بە تورکیا. بەڵام سوید نەچووە ژێرباری تورکیا و بۆیەش رەجەب تەیب ئەردۆغان تەنیا ئەندامێتی فینلەندای قبوڵ کرد و تاوەکو ئێستا ئەندامێتی سویدی قبوڵ نەکردووە. هاوپەیمانی ناتۆ لە ٣١ وڵات پێک دێت. بەگوێرەی بەندی پێنجی پەیمانەکە کە لە ساڵی ١٩٤٩ واژۆکرا، هەر هێرشێک لەدژی وڵاتێکی ئەندام لە ناتۆدا ئەنجام بدرێت، وەک هێرشی سەر هەموو وڵاتانی ئەندام لە ناتۆدا لێکدەدرێتەوە و پێکەوە وڵامی دەدەنەوە.
هاوڵاتی لە دوای کوژرانی شوفێرێکی تەمەن 17 ساڵ بە ھۆی تەقەی پۆلیسەوە لە شاری نانتێرێی فەڕەنسا، ناڕەزایەتی لە چەندین شاری ئەو وڵاتە بەڕێوەچو، بەپێی ئامارەکان تائێستا 150 کەس دەستگیرکراون. وەزیری ناوخۆیی فەڕەنسا، جێرالد دارمانین لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی رایگەیاند کە لێکۆڵینەوە لە رووداوی کوژرانی شوفێرێکی تەمەن 17 ساڵ بە ناوی نایل م. لەلایەن پۆلیسەوە لە شاری نانتێرێی فەڕەنسا، دەستیپێکردووە. وتیشی، خۆپیشاندەران هێرشیان کردۆتە سەر هۆڵەکان و قوتابخانەو بنکەی پۆلیسەکان و چەندین شوێنی جیاوازی دیکەی شارەکە و بەم هۆیەوە 150 کەس دەستگیرکراون و زیاتر لە 24 پۆلیسیش برینداربوون. جێرالد دارمانین جەختیشی لەوە کردەوە کە نزیکەی 40 ئۆتۆمبێل، شارەوانییەک و چەندین تەنەکەیەکی خۆڵ سوتێندراون. وەزیری ناوخۆیی فەڕەنسا ئاماژەی بەوەشدا کە دوێنێ ھەزار و 200 و ئەمڕۆش دوو ھەزار کارمەندی ئەمنیی خراونەتە بەر ئەرک و داوای ھێوربوونەوەی کرد و وتی گەر ئەو پۆلیسەی تەقەی لە ئەو گەنجە هەرزەکارە کردووە بە پێی یاسا بسەلمێندریت خەتابارە ئەوا سزا دەدرێت. دوای ئەوەی لە مانگی سێی ئەمساڵدا تەمەنی خانەنشینی بەرزکرایەوە لە لە ٦٢ ساڵەوە بۆ ٦٤ ساڵ ئەوەش شەپۆلێکی فراوانی خۆپیشاندان و ناڕەزایی سەندیکاکان و فەرمانبەرانی لەو وڵاتە بەدوای خۆیدا ھێناو خۆپیشاندانەکان تا دێت فراوانتر دەبن و ئاڵۆزییان تێدەکەوێت.
هاوڵاتی سەرۆکی ئەمەریکا بەردەوامە لە هەڵەکردن لەکاتی لێدوان و قسەکانیدا لە وەڵامی رۆژنامەنووسێکدا دەڵێت، ڤلادیمێر پوتن جەنگی عێراق دەدۆڕێنێت. دووبارەبوونەوەی چەندین جارەی هەڵەکردنی بایدن لەکاتی قسەکردنی بۆ رۆژنامەنووسان یان پێشکەشکردنی گوتاردا، بووەتە هۆی ئەوەی گومان لە توانای بایدن بکرێت بۆ خۆکاندیدکردنەوەی بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لەلایەن دیموکراتەکانەوە و ئەویش تا ئێستا سوورە لە سەر ئەو بڕیارەی. بایدن جارێکی دیکە لەکاتی قسەکردندا هەڵە دەکات و لەبری ئەوەی بڵێت سەرۆکی رووسیا جەنگی ئۆکرانیا دەدۆڕێنێت، دەڵێت جەنگی عێراق دەدۆڕێنێت. هەروەها لەبارەی پوتنەوە وتی، "سەختە بزاندرێت تا چەند لاوازبووە، بەڵام ئاشکرایە جەنگی عێراق دەدۆڕێنێت، لە خاکی خۆشی جەنگ دەدۆڕێنێت". سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوەشکرد، "رووسیا لەلایەن جیهانیشەوە گۆشەگیر کراوە، تەنیا لەلایەن ناتۆ و یەکێتی ئەوروپاوە گۆشەگیر نەکراوە، بەڵکو لەلایەن 40 وڵاتەوە، بۆ نموونە وەک ژاپۆن گۆشەگیر کراوە". هاوکات جۆ بایدن دوای هەڵبژاردنەکان لە ساڵی 2024دا تەمەنی دەبێتە 82 ساڵ، لە ئێستاوە بەتەمەنترین سەرۆکی ئەمەریکایە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا و بڕیاریداوە بۆ خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی ئەمریکا خۆیهەڵبژێرێتەوە بەڵام لە کاتی قسەکردن و مامەڵەکردنیدا بەردەوام لە بەرچاوی میدیاکان هەڵەدەکات و ئەمەش گومانی دروستکردووە لەوەی بتوانێت بۆ خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە خۆی هەڵبژێرێتەوە .
هاوڵاتی دوای ئەوەی کارگوزارێک ساردکەرەوەیەکی تاقیگەیەک دەکوژێنێتەوە بەهۆی ئەوەی سەوتەکەی بێزاری دەکات ژمارەیەکی زۆر نمونە لەناودەچن بەم شێوەیەش توێژینەوەی چەندین ساڵی ئەو تاقیگەیە لەناودەچێت. دوای ڕوداوەکە سکاڵا کراوە کە تیایدا هاتووە خاوێنکەرەوەکە ساردکەرەوەی تاقیگەکەی کوژاندۆتەوە بۆ ڕاگرتنی "بیپێکی بێزارکەر" کە دروستی دەکرد بە مەش نمونە (سامپڵ)ی "زیاتر لە 20 ساڵ توێژینەوە لەناوچووە" پەیمانگای پۆلیتەکنیکی ڕێنسێلەر لە نیۆرک سکاڵای یاسایی دژی کۆمپانیایەکی خاوێنکردنەوە تۆمارکرد دوای ئەوەی یەکێک لە کارمەندەکانی هەوڵیدا "بیپێکی بێزارکەر" ڕابگرێت بە کوژاندنەوەی بەفرگری یەکێک لە تاقیگەکان کە بووە هۆی لەناوچونی تەواوی نمونەکانی ناوی. پێویست بووە بەفرگرەکە بەردەوام لە پلەی گەرمی -80 پلەی سەدیدابێت، لە سکاڵا یاساییەکەدا هاتووە کە تەنانەت "گۆڕانکارییەکی بچووک بە سێ پلە دەبێتە هۆی زیانی کارەساتبار و لەوانەیە زۆرێک لە کلتووری خانە و نموونەکان لەدەست بچن بەڵگەنامەکانی دادگا دەڵێن کە ئەو نمونانەی لەناوچوون دەکرا کلیلی دۆزینەوەو تیگەیشتنی چەندین بابەتی گرنگ بوبن لە بوارەکانی کیمیا و زیندەزانی کیمیاییدا لە سکاڵاکەدا، دامەزراوەکە دەڵێت تیمەکەیان ڕێوشوێنی توندی بۆ پارستنی بەفرگرەکە گرتۆتەبەر لەوانە دانانی سندوقێکی قوفڵی سەلامەتی لەسەر دەروازەکە و کۆگاکەی، بەڵام لە ۱۷ی ئەیلوول لە لایەن پاکەرەوەیەکەوە بە نوی ژۆزێف کوژێنراوەتەوە. لە لایەکی دیکەوە پارێزەری پاکەرەوەکە دەڵێت کە ئەو کارگوزارە گوێی لە جەڕەسی سەر بەفرگرەکە بووە بۆیە وایزانیوە کوژاوەتەوە و ویستوێتی هەڵیبکاتەوە. لە ئێستادا ئەو کەیسە لە دادگایەو پەیمانگاکە بە بڕی یەک ملیۆن دۆلار داوای قەرەبوو لە کۆمپانیای خاوێنکەرەوەکە دەکات
هاوڵاتی سەرۆکی ڤاگنەر لە تۆمارێکی دەنگیدا هۆکاری هێرشکردنە سەر مۆسکۆی ئاشکرا کرد. یەڤگینی پریگۆژین، لە تۆمارێكی دەنگیی 11 خوولەکیدا گوتی، "لە دوای رزگارکردنی شاری باخمووت لە هەرێمی دۆنێتسک، وەزارەتی بەرگریی رووسیا گوشاری خستەسەرمان بۆ واژۆکردنی گرێبەستی تایبەت لەگەڵ وەزارەتەکە، نە من و نە چەکدارەکانم ئامادەی واژۆکردنی گرێبەستەکە نەبووین و بە پاساوێک بۆ کۆنترۆڵکردنمان و دانانمان لە ژێر رکێفی وەزارەتی بەرگریمان دانا." وتیشی بەرپرسانی بەرگریی سوپای رووسیا رێگرییان لە گەیشتنی چەک و تەقەمەنی و کەرەستەی سەربازی بە چەکدارەکانمان دەکرد؛ ئەوان بەرپرسن لە چەواشەکردن و هەڵخەڵەتاندنی گەلی رووسیا، زانیاری هەڵە بە سەرۆکایەتی وڵات دەدەن و هۆکارێكن بۆ لە دەستدانی زەوی لە بەرەکانی شەڕدا. سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر باسی لەوەش کرد، "ئێمە بەو جووڵەیەمان نەماندەویست کودەتا بەسەر دەسەڵاتی سیاسییەوە بکەین، بەڵکو ویستمان سزای ئەو کەسە سەربازییانە بدەین کە چەندین هەڵەیان لە کاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە ئەنجامداوە". ئەوەشی ڕونکردەوە کە رۆیشتنیان بەرەو مۆسکۆ و نزیک بوونەوەیان لە پایتەخت بەبێ ئەوەی رووبەڕووی هیچ رێگرییەکی راستەقینە ببنەوە، بوونی کەلێنێکی گەورەی ئەمنی لە وڵاتدا دەردەخات. ئێوارەی رۆژی شەممە، 24ـی حوزەیرانی 2023، گرووپی ڤاگنەر هێرشی پێچەوانەی بۆ ڕوسیا دەستپێکرد و توانی "بەبێ خوێن ڕشتن" هەرێمی رۆستۆڤیان کۆنتڕۆڵبکات و و دواتر بەرەو پایتەخت کەوتنەڕێ. چەکدارانی گرووپەکە تەنیا 200 کیلۆمەتر لە مۆسکۆ دوور بوون، هەڕەشەی دەستگیرکردنی وەزیری بەرگری و سوپاسالاریان دەکرد کە پریگۆژین تۆمەتباری کردوون بە هۆکاری کوژرانی هەزاران چەکداریان لەشەڕی ئۆکراینا. دواتر بە نێوەندگیری سەرۆکی بیلاڕوسیا کشانەوە شوێنەکانی خۆیان و ڕێکەوتنێکی پێنج خاڵییان کرد.
هاوڵاتی بەپێی ئامارێک لە ساڵی ٢٠٢١، لە سەرانسەری جیهاندا لە هەر ١٧ کەسێک یەک کەس ماددەی هۆشبەر بەکارهێناوە. نووسینگەی نێودەوڵەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماددە هۆشبەرەکان و تاوانەکان ''راپۆرتی جیهانی ٢٠٢٣ی ماددەی هۆشبەر''ی بۆ رای گشتیی بڵاوکردەوە. لە راپۆرتەکەدا هاتووە: لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا، بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر ٪٢٣ زیادی کردووە و لە ساڵی ٢٠٢١دا، لە هەر ١٧ کەسێکی ١٥-٦٤ ساڵان یەک کەس ماددەی هۆشبەری بەکارهێناوە. هەروەها لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە ساڵی ٢٠٢١دا، ٢٩٦ ملیۆن کەس ماددەی هۆشبەریان بەکارهێناوە، ئەو ژمارەیە لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٢٨٤ ملیۆن بووە و لەو یەک ساڵەدا رێژەی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر سەدا ١٨ زیادی کردووە. وەک لەڕاپۆرتەکەدا هاتووە: خەمڵاندنەکان بۆ ئەو کەسانەی دەرزی ماددە هۆشبەر بەکاردەبەن زیاترە لە ساڵانی پێشوو، بەو پێیەی خزمەتگوزارییەکانی چارەسەرکردن و دەستێوەردانەکانی دیکە بەپێی پێویست نییە. لە راپۆرتەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو ماریجوانا زۆرترین بەکارهێنەری هەیە لە جیهاندا و لە ساڵی ٢٠٢١دا ٢١٩ ملیۆن کەس ئەم ماددەیان بەکارهێناوە، کە دەکاتە سەدا چواری ژمارەی دانیشتوانی جیهان.
هاوڵاتی رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمەریکی ئاشکرای کردووە، دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا ناوەڕاستی ئەم مانگە و پێش زیاتر لە هەفتەیەک ئاگاداری پلانەکەی پریگۆژین بووە و زانیویەتی لە پوتن هەڵدەگەڕێتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە ئەمەریکییەکە، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا هەفتەیەک پێش هەڵگەڕانەوەی فەرماندەی ڤاگنەر لە مۆسکۆ ئاگاداری پلانەکە بوون و سەرۆکی ئەمەریکا، پێنتاگۆن، وەزارەتی دەرەوە و کۆنگرێسیشیان ئاگادارکردووەتەوە. واشنتن پۆست زانیارییەکانی لە چەند سەرچاوەیەکی ناو حکومەتی ئەمەریکاوە بەدەستیکەوتوون، ئاماژەی بەوەکردووە، دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا تەواوی وردەکارییەکانی گەیاندووەتە لایەنە باڵا پەیوەندیدارەکان و بەگوێرەی ئەو زانیارییانە بەرپرسانی ئەمەریکا تاکە نیگەرانیان ئەوەبووە، ئەگەر پوتن لە دەسەڵات نەمێنێت مەترسی ئەوە هەیە رووسیا رووبەڕووی شەڕی ناوخۆ ببێتەوە، ئەوکات کۆنترۆڵی کڵاوە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە لەدەستی کێ دەبێت و مەترسی و لێکەوتەکانی چی دەبن، بۆ ئەمەریکییەکان جێی دڵیانیی نەبووە. هاوکات بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی بایدنیش ئاشکرای کردووە، ئامادەکاری تەواویان بۆ هەموو سیناریۆیەک کردبوو لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانەی هەواڵگری ئەمەریکا لەبارەی هەڵگەڕانەوەی گرووپی ڤاگنەر دژ بە مۆسکۆ پێیان گەیشتبوو. ڕۆژنامەکە دەشڵێت، پریگۆژین ئەم بڕیارەی بە مەترسی بۆسەر خۆی زانیوە و دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا ئاگاداری پلانەکەی بووە بۆ هەڵگەرانەوە لە وەزارەتی بەرگری و جووڵەپێکردنی هێزەکانی بەرەو مۆسکۆ. وەک ئەو بەرپرسەی ئەمەریکا روونیکردووەتەوە، بەرپرسانی ئۆکرانیاش ئاگاداری پلانەکە بوون بەڵام بەدیاریکراوی نەیانزایوە کەی پلانەکەی جێبەجێ دەکات.
هاوڵاتی ئەو یاخیبونە چەکدارییە بە سەرۆکایەتیی یڤگنی پریگۆژین، سەرۆکی گروپی سەربازی تایبەتی ڤاگنەر کە لە ماوەی بیست و چوار کاتژمێری ڕابردودا لە جیهاندا دەنگی دایەوە، بە نێوەندگیری ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ، سەرۆکایەتی سەرۆکی بێلاڕوسیا ڕێککەوتن لەسەر پێنج خاڵ کۆتایی هات. حکومەتی رووسیا دەڵێت، سەرۆکی ڤاگنەر دەچێتە بێلاڕووس و رووبەڕووی هیچ تۆمەتێک نابێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی کە جموجووڵی هێزەکانی بەرەو مۆسکۆ وەستاند. ئەو ناکۆکییەی لە نێوان یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی ڤاگنەر و بەرپرسانی سەربازیی رووسیادا هەبوو، دوێنێ تەقییەوە، بە جۆرێک کە هێزەکانی ڤاگنەر رۆژی شەممە بارەگایەکی گرنگی سوپایان لە باشووری رووسیا کۆنترۆڵکرد و بەرەو باکوور بە ئاراستەی مۆسکۆ کەوتنەڕێ. ڤلادیمیر پووتین هۆشداری لە دروستبوونی شەڕی نێوخۆی دا؛ بەرپرسانی مۆسکۆ بە خەڵکی شارەکەیان گوت شەقامەکان چۆڵ بکەن و کیێڤیش بە تەنگژەی دوژمنەکەی ئاسوودە بوو. بەڵام دواتر بە شێوەیەکی کتوپڕ پریگۆژین رایگەیاند، "هێزەکانمان دەگەڕێنینەوە سەربازگەکان" بۆ ئەوەی بە گوتەی خۆی رێگری لە دروستبوونی خوێنڕێژی لە مۆسکۆ بکات. دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا (کرێملین) گرنگترین خاڵەکانی رێککەوتنی نێوان ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا و ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ، سەرۆکی بیلاروسیای ئاشکرا کرد کە کۆتای بە بەرەوپێشچونی گروپی ڤاگنەر کرد بەرەو مۆسکۆ. یەکەم: بەشێک لە چەکدارانی ڤاگنەر، کە هەر لەسەرەتاوە رەتیانکردەوە بەشداری "کەمپینەکەی پریگۆژین" بکەن، ئەگەری پەیوەستبونیان بەریزەکانی هێزە چەکدارەکانی روسیا و گرێبەست لەگەڵ وەزارەتی بەرگرییان دەبێت. دوەم: هیچ لێپێچینەوەیەکی یاسایییان لەسەر نابێت. سێیەم: هێزەکانی ڤاگنەر دەگەڕێنەوە بۆ ئۆردوگاکانیان. چوارەم: ئەو بەشەی کە نایەوێت بگەڕێتەوە بارەگا و کەمپەکان لەگەڵ وەزارەتی بەرگری روسیا رێککەوتن واژۆ دەکات. پێنجەم: داخستنی دۆسیەی تاوانی پریگۆژین و ئەویش بەرەو بێلاڕوسیا بەڕێدەکەوێت. هەروەها وتەبێژی کرێملین بەڕونی ئەوەی خستەڕو، کە سەرۆکەکانی روسیا و بیلاڕوسیا لەسەر نێوەندگیری مینسک لە پڕۆسەی یەکلاکردنەوەکەدا رێککەوتون و ئاماژەی بەوەدا، کە نێوەندگیرییەکە "دەستپێشخەرییەکی شەخسی سەرۆکی بیلاڕوسیا بوە". هاوکات لە ئۆکراینا، بەرپرسانی حکومەت کاردانەوەیان هەبوو: میخایلۆ پۆدۆلیاک، راوێژکاری سەرۆکایەتیی ئۆکراینا لە تویتێکدا نووسی، "پریگۆژین، پووتین و حکومەتەکەی ریسوا کرد." لە کاتێکدا کە رووسیا ئاماژەی بەوە کرد، یاخیبوونەکە هیچ کاریگەرییەكی لەسەر هێرشی سەر ئۆکراینا نابێت، کیێڤ گوتی نائارامییەکە بووەتە "پەنجەرەی دەرفەت" بۆ هێزە ئۆکراینییەکان کە سەرقاڵی هێرشێکی پێچەوانەی لەمێژە چاوەڕوانکراون.
هاوڵاتی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ئەنتۆنیۆ بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە رێگەی تەلەفونەوە پەیوەندی بە هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا کردووە. بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، بلینکن و فیدان لەبارەی دۆخی روسیا قسەیان کردوو، بەڵام ناوەڕۆکی پەیوەندیەکەی بڵاونەکردەوە. ئەمەش لە کاتێکدا کە ئەمڕۆ کریملین رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە پەیوەندیەکی تەلەفونیدا، پشتگیری تەواوی خۆی بۆ ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا دەربڕیوە. ئەمڕۆ گروپی ڤاگنەر، لە سوپای روسیا هەڵدەگڕایەوە و بەرەو مۆسکۆی پایتەخت دەستی بە پیشڕەوی کرد و ئەمەش کاردانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. دواتر نوسینگەی راگەیاندنی ئەلێکساندەر لۆکاشینکۆ سەرۆکی بیلاڕوسیا بڵاوى کردەوە، یڤگنی پریگۆژین فەرماندەی گروپی ڤاگنەر پێشنیازی ئەلیكساندەر لۆكاشینكۆی سەرۆكی بیلاڕوسیا بۆ ڕاگرتنی جموجۆڵی هێزەکانیان لە ڕوسیا و گرتنەبەری هەنگاوی زیاتر بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان قبوڵ کردوە. یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی ڤاگنەریش رایگەیاند "بۆ رێگریکردن لە خوێنڕشتن، ئێستا کە ئێمە 200 کیلۆمەتر لە مۆکسۆوە دوورین، بڕیارماندا چەکدارەکانمان بگەڕێنینەوە سەنگەرەکانیان".
هاوڵاتی ئەمریکا و کەنەدا، رایانگەیاند دەست بە لێکۆڵینەوە لە کارەساتی تەقینەوەی ژێردەریایی "تیتان" دەکەن کە لە کاتی گەشتێکدا بۆ بینینی پاشماوەی تایتانیک ونبوو و گیانلەدەستدانی پێنج کەسی لێکەوتەوە. فەرمانگەی نیشتمانیی سەلامەتی گواستنەوەی ئەمریکاوە بڵاوکراوەتەوە، تەقینەوەی ژێردەریایی تیتان بەشێوەیەکی "کارەساتبار"بە "کارەساتێکی گەورەی دەریایی" ناوبردووە و ئاماژە بەوە کراوە کە ئاسایشی کەناراوەکانی ئەمریکا لێکۆڵینەوە لەسەر تەقینەوەی ژێردەریاییەکە دەستپێدەکات. لای خۆیەوە فەرمانگەی نیشتمانیی سەلامەتی گواستنەوەی کەنەدا (TSB) رایگەیاند کە لێکۆڵینەوە لە کارەکانی کەشتیی بەناو "Polar Prince" کە تیتانی لە ناوچەی نیوفاوندلاند لە کەنەداوە راکێشرا بۆ شوێنی پاشماوەی کەشتی تایتانیک لە زەریای ئەتڵەسی دەکات. فەرمانگەی نیشتمانیی سەلامەتی گواستنەوەی کەنەدا راشیگەیاند کە بڕیاری لێکۆڵینەوەکە "لەگەڵ لێکۆڵینەوەی رووداوەکانی گواستنەوەی کەنەدا، یاسای ئەنجوومەنی سەلامەتیی و رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان گونجاوە". تیتان کە بە نزیکەی بایی ٩٦ کاتژمێر سەرچاوەی ئۆکسجینەوە بەڕێکەوت و پێشبینی دەکرا کە ماوەی گەشتەکەی ٢،٥ کاتژمێر بخایەنێت، دوای یەک کاتژمێر و ٤٥ خولەک لە چوونە ناو دەریاوە پەیوەندی لەگەڵ کەشتیی بەناو "Polar Prince" بچڕابوو. بەهۆی کارنەکردنی GPSوە ژێردەریاییەکە لەلایەن کەشتییەکەوە ئاراستە دەکرا. کاربەدەستانی ئاسایشی کەناراوەکانی ئەمریکا، لە ٢٢ی حوزەیراندا ئەوەیان راگەیاند کە ژێردەریایی تیتان بەشێوەیەکی "کارەساتبار" تەقیوەتەوە و پارچە پارچە بووە.
هاوڵاتی لەسەر داواکارى و نێوەندگیرى سەرۆکى بیلاروس، فەرماندەى گروپى چەکدارى ڤاگنەر رازیبو بە راگرتنى جوڵەى چەکدارى بەرەو مۆسگۆ . نوسینگەی راگەیاندنی ئەلێکساندەر لۆکاشینکۆ سەرۆکی بیلاڕوسیا بڵاوى کردەوە، یڤگنی پریگۆژین فەرماندەی گروپی ڤاگنەر پێشنیازی ئەلیكساندەر لۆكاشینكۆی سەرۆكی بیلاڕوسیا بۆ ڕاگرتنی جموجۆڵی هێزەکانیان لە ڕوسیا و گرتنەبەری هەنگاوی زیاتر بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان قبوڵ کردوە. هەروەها سەرۆکی ڤاگنەر، بۆ "رێگریکردنی لە خوێنڕشتن،" پاشەکشەی هێزەکانی بۆ پێگەکانیان رادەگەیێنێت. یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی ڤاگنەر رایگەیاند "بۆ رێگریکردن لە خوێنڕشتن، ئێستا کە ئێمە 200 کیلۆمەتر لە مۆکسۆوە دوورین، بڕیارماندا چەکدارەکانمان بگەڕێنینەوە سەنگەرەکانیان". بەپێى راگەیەنراوەکە، لەئێستاشدا جوڵەی ڤاگنەر بەرەو مۆسکۆ راگیراوە. لەبارەى پاراستنى شەڕکەرانى گروپى ڤاگنەرەوە، سەرۆکى بیلاروس ئاشکراى کردووە کە ئەو پرسە پێویستە بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت. ئاماژەی بەوەشکردووە، لوکاشینکۆی لەگەڵ سەرۆکی ڤاگنەر قسەی کردووە و بە ڕێککەوتن لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا مامەڵە دەکات. سەرۆکی ڤاگنەر نزیکەی 25 هەزار پیاوی لەبەردەستیدایە و نزیکەی پێنج هەزاریان لە شاری ڕۆستۆڤ لە باشووری وڵاتەکە بوون، ئەو شارەی پریگۆژین بە وتەی خۆی دەستی بەسەردا گرتووە و گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ پێداویستییە جەنگییەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا .
هاوڵاتی رەوشی روسیا دوای یاخیبونی گروپی ڤاگنەر تا دێت ئاڵۆز دەبێت و ھێزەکانی ڤاگنەر، دوای کۆنترۆڵکردنی شارەکانی رۆستۆڤ و ڤۆرۆنیج بەرەو شاری لیبیتسک بەڕێگاوەن بەم شێوەیەش لە مۆسکۆ نزیک دەبنەوە. یەڤگینی بریگۆجین فەرماندەی ڤاگنەر لە تۆمارێکی دەنگیدا رایگەیاند، بەبێ تەقە فەرماندەی سوپایان لە شاری رۆستۆڤ کۆنترۆڵکردووەو دانیشتوانی شارەکەش پێشوازیان لێکردوون. بەوتەی سەرچاوەکان ، ھێزەکانی ڤاگنەر دوای کۆنترۆڵکردنی شارەکانی رۆستۆڤ و ڤۆرۆنیج بەرەو شاری لیبیتسک بەڕێگاوەن، دەسەڵاتدارانیش لیبیتسکیش داوایان لە دانیشتوانی شارەکە کردوە لە ماڵەکانیان بمێننەوە. هەروەها هەندێک سەرچاوەی هەواڵ کۆنترۆڵکردنی شاری لیبیتسک یان بڵاوکردۆتەوە بەڵام پشتڕاست نەکراونەتەوە. بە پێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراونەتەوە لە سەر رێگای ئێم فۆڕ لە دەرەوەی شاری ڤۆرۆنیج ھێزەکانی ڤاگنەر بۆردومانکراون، ھەروەھا لە ناو شاری ڤۆرۆنیج ئاگر لە کۆگایەکی سوتەمەنی کەوتووەتەوە. ھەروەھا ئاژانسەکانی ھەواڵ بڵاویانکردەوە، لە رێگاکانی دەرەوەی مۆسکۆی پایتەخت خاڵی پشکنین دانراوەو ھاتوچۆ لە رووباری مۆسکۆ راگیراوە، لەلایەکی تریشەوە وتەبێژی کۆشکی کرملین دەنگۆکانی ھەڵھاتنی پوتنی لە مۆسکۆوە بۆ شاری سانبترسبۆرگ رەتکردەوەو رایگەیاند، پوتن لە نوسینگەکەی خۆی لە کرملین کاری ئاسایی خۆی دەکات. هاوکات رەمەزان قادیرۆڤ سەرۆکی شیشان پشتیوانی خۆی بۆ پوتن دووپاتکردەوەو رایگەیاند، ھێزەکانی ئامادەن ھاوکار بن لە ھەوڵەکانی دامرکاندنەوەی یاخیبوونەکە بکەن.
هاوڵاتی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، پشتگیری خۆی بۆ ڤیلادیمیری پوتین سەرۆکی روسیا پیشاندا. دوای ئەوەی روپی ڤاگنەر یاخی بوو و لە سوپای روسیا هەڵگەڕایەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا پەیوەندیەکەی تەلەفونی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین ئەنجامدا. بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، پوتین باسی لە پێشهاتە تازەکانی وڵات و دۆخی روسیای بۆ ئەردۆغان کردووە. هاوکات کریملین لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا پشتگیری تەواوی بۆ پوتین دەربڕیوە.