وردەکارییەکانی ژیانی ئەسەد لە مۆسکۆ ئاشکرادەکرێت

4 ڕۆژ لەمەوپێش



ڕۆژنامەنووسێکى مۆسکۆ ئاشکرای دەکات، سەرچاوەکانی لە دەزگا ئەمنییەکانی ڕووسیا دەڵێن "بەشیکى زۆرى کارمەندو ئەفسەرەکانى دەزگای ئاسایشی فیدراڵی ئەرکی پاراستنی ئەسەدو بنەماڵەکەیان لەڕووسیا پێسپێردراوە، چونکە ڕووسەکان ئاسایشی ئەسەد و ئەندامانی بنەماڵەکەیان زۆر بە جددی وەردەگرتووەو دەیانەوێت بیانپارێزن.
ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەنووسێکی مۆسکۆ کە ڕۆژنامەی "ئیسرائیل تودەی" بڵاویکردووەتەوە، وردەکارییەکانی ئەو ژیانەی ئاشکرا کردووە کە بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریای لەکارلابردو لە ڕووسیا تێیدا دەژی.

ئەو ڕۆژنامەنووسە کە بە مەرجی ئەوەی نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بەدواداچوون بۆ ژیانی نوێی ئەسەد دەکات لە پایتەختی ڕووسیا، وتی: “ئەسەد نەک هەر توانی هەڵبێت و ڕزگاری بێت بەهۆی فەرمانی ئاشکرای ڤلادیمێر پوتین بۆ دوورخستنەوەی لە ناوەندی ڕووخانی ڕژێمەکەی، بەڵکو هەموو ئەو شتانەی لەگەڵ خۆی هێنا کە پێویستی بوو بۆ ژیانێکی ئاسوودە و بێخەم و پارەیەکی زۆرى هێناوە”.

بە وتەی ئەو ڕۆژنامەنووسە کە دانیشتووی مۆسکۆیە، بنەماڵەی ئەسەد لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لانیکەم ١٩ شوقەی جیاوازیان لە سەرانسەری شارەکەدا هەبووە.
ئەو ڕۆژنامەنوسە ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە ڕەنگە بەدیارکراوى نەزانرێت کێ هەڕەشە لە ئەسەد دەکات لە مۆسکۆ کە هەزاران کیلۆمەتر لە سوریاوە دوورە؟ ئەو دەڵێت: “بەڵام لەبیرت نەچێت کە هاوڵاتیانی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست کە سەردەمانێک بەشێک بوون لە یەکێتی سۆڤیەت – بۆ نموونە ئۆزبەکستان و تاجیکییەکان – دەتوانن بەبێ ڤیزا بچنە ناو ڕووسیا، و لەوانەیە بێنە مۆسکۆ و بەدوای تۆڵەسەندنەوە لەو کەسانە بگەڕێن کە هەڤاڵەکانیان کوشتووە.

ئەو ڕۆژنامەنووسە دەڵێت دەزگای ئاسایشی فیدراڵی ئەرکی پاراستنی ئەسەدی پێسپێردراوە، ڕووسەکان ئاسایشی ئەسەد و ئەندامانی بنەماڵەکەی زۆر بە جددی وەردەگرن.
ئەو ڕۆژنامەنووسە پێشبینی کردووە کە "ئەسەد" بچێتە ناو بواری بازرگانییەوە، ئەگەر بە شێوەیەکی شەخسی نەبێت ئەوا لە ڕێگەی کوڕەکانییەوە ئەو کارەدەکات.
میدیاکانی ڕووسیا ڕووماڵی چالاکییەکانی بنەماڵەی ئەسەد لە مۆسکۆ ناکەن، ڕۆژنامەنووسانیش جەخت لەوە دەکەنەوە کە "ئەمە بابەتێکی قەدەغەکراوە بۆ ڕووماڵکردن".
ڕوونیشیکردەوە، هیچ ڕۆژنامەنووسێک ناوێرێت قەدەغەکردنەکە پێشێل بکات و بە ئاشکرا ڕاپۆرتێک بدات کە ئەم خێزانە لە کوێ دەژین و چی دەکەن و ژیانی ڕۆژانەیان چۆنە.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نەخۆشی شێرپەنجەی خوێنی ئەسما ئەسەد خراپتر بووە، ئێستاش لە دامەزراوەیەکی پزیشکی بەناوبانگی مۆسکۆ لە دابڕانێکی تەواودایە بۆ کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە. جگە لەوەش جێگەی پرسیارە کە ئایا ئەسەد خۆی لەگەڵ پێگەی نوێی خۆیدا گونجاندووە وەک دەربەدەرێکی دەوڵەمەند کە ڕۆژەکانی بە ئاهەنگگێڕان بەسەر دەبات. لە کۆتاییدا، بە دڵی بێت یان نا، نیگەرانییەکانی ئاسایشی کەسی بەدوایدا دەڕۆن بۆ پایتەختی ڕووسیا، بەپێی هەمان ڕاپۆرت.
ئەو ڕۆژنامەنوسە دەڵێت: لە ڕاستیدا سەرۆکی ڕووسیا حەز ناکات لەگەڵ کەسێک دەربکەوێت کە کۆنترۆڵی وڵاتەکەی لەدەستداوە و وێنەی دۆڕاوێکی بەدەستهێناوە. بەشار پێویستی بە لەبیرکردنی سیاسەت و کۆبوونەوەی لوتکە لەگەڵ سەرکردەکان دەبێت، بەڵام مۆسکۆ یاریزانی بەهێزی کەم نییە کە بە خۆشحاڵییەوە هاوکاری بازرگانی لەگەڵدا بکەن و ئەو پارەیەی لە خەزێنەی سوریا هێناویەتی قسەیەکی زۆر دەکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار