ئاژانسی وزەی ئەتۆمی:ئێران بەرهەمهێنانى یۆرانیۆمی زیادکردوە نابێت کات بەفیڕۆ بدەین
![](/2022/images/%DA%95%DB%95%D8%B3%D9%85/omar/20250214_222526.png)
20 كاتژمێر لەمەوپێش
ڕافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕۆژی هەینی 14ی مانگی دوو سەبارەت بە زیادبوونی بەرچاوی ڕێژەی یۆرانیۆمی پیتێنراو لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێران هۆشداری دا و جەختی لەوە کردەوە کە دەرفەتەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکی خەریکە کۆتایی دێت.
سەرەڕای دژایەتی بەربڵاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، حکومەتی ئێران بەردەوامە لە پیتاندنی یۆرانیۆم تا ئاستی 60 لەسەد و نزیکیش بووەتەوە لە پیتاندنی لەسەدا 90 کە پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی.
لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بۆ ڕۆژنامەنووسان، گرۆسی هۆشداریدا لەوەی کات بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکی ئێران و ئەمەریکا خەریکە تەواو دەبێت و وتیشی "بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە ناتوانین بە خێرایی ئەو کارە بکەین".
بە وتەی ناوبراو، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی "هەموو ئەو زانیاریانەی" لەبەردەستدایە کە پێویستی پێیەتی، بەڵام بڕیاردان لە ئەستۆی وڵاتانی ئەندامی ئاژانسە.
بەڕێوەبەری گشتی ئاژانس وتی "بەرهەمهێنانی مانگانەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی 60%ی لەلایەن ئێرانەوە حەوت هێندە زیادی کردووە و پێدەچێت تا ئەو کاتەی ئاژانس ڕاپۆرتی خۆی لە مانگی داهاتوودا بڵاو دەکاتەوە، کۆی یۆرانیۆمی پیتێنراوی 60%ی ئەو وڵاتە بۆ 250 کیلۆگرام زیاد بکات."
بەپێی پێوەرەکانی ئاژانسەکە، ئەم بڕە یۆرانیۆمە، ئەگەر پیتێنرابێت، بەسە بۆ بەرهەمهێنانی شەش بۆمبی ئەتۆمی.
ڕافایل گرۆسی هۆشداریدا لەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت ئەم بابەتە "زۆر بە جددی" وەربگرێت و "هەر بۆیە پێموایە نابێت کاتێکی زیاتر لەمە بەفیڕۆ بدەین".
بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی ئاژانس وتی "چاوەڕوانی دەستنیشانکردنی نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئێران لەلایەن کۆشکی سپی دەکات بۆ دەستپێکردنی ڕاوێژ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەگەڵ ناوبراو سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتوو لەبارەی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە. گرۆسی هەروەها زیادی کرد کە ئاژانسەکە لە پەیوەندیدایە لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی دانۆڵد ترامپدا.
وتەکانی گرۆسی لە کاتێکدایە کە سەرۆکی ئەمەریکا چەند رۆژ پێش ئیستا فەرمانێکی جێبەجێکردنی واژۆ کرد بۆ دەستپێکردنەوەی هەڵمەتی "زۆرترین گوشار" بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران.
![place for reklam](img/rek/hawlati_city.png)
![](/2022/images/%DA%95%DB%95%D8%B3%D9%85/omar/photo_2025-02-13_17-12-57.jpg)