بەریتانیا ڕەگەزنامە بەو پەنابەرانە نادات بە ڕێگای مەترسیدار دەچنە ناو وڵاتەکەیەوە
![](/2022/images/%DA%95%DB%95%D8%B3%D9%85/omar/%D9%87%D8%B1%D9%87%D8%AA%D8%B1%D9%87%D8%B1%D8%AA.jpg)
8 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا تۆمەتبار کراوە بەوەی بە بێدەنگی ڕێگری لە داواکاری ڕەگەزنامەی هەزاران پەنابەر کردووە و دەکات کە بە بەلەمی بچووک یان بە خۆحەشاردان لەناو ئۆتۆمبێلدا چوونەتە ناو وڵاتەکەوە.
لە ڕێنماییەکی نوێی حکومەتی بەریتانیا هاتووە لەمەودوا ئەوانەی لە ڕێگەی گەشتێکی مەترسیدارەوە دەچنە ناو بەریتانیا یان چوونەتە ناو بەریتانیا و داوای رەگەزنامە دەکەن، داواکارییەکەیان ڕەتدەکرێتەوە، ئەمەش بەبێ گوێدانە ئەوەی چەندە لەو وڵاتەدا ژیاون.
ئەم گۆڕانکاریانە وەک نیشانەی هەڵوێستی توندی حکومەتی کیەر ستارمەر سەرۆکی پارتی کرێکاران بەرامبەر بە پەنابەران سەیر دەکرێت؛ هەڵوێستێک کە پێدەچێت بۆ بەرپەرچدانەوەی پەرەسەندنی پێگە و جەماوەری پارتی چاکسازی بەریتانیای دژە کۆچبەری گیراوەتەبەر.
پەرلەمانتارێکی پارتی کرێکاران لەگەڵ هەندێک لە ڕێکخراوە خێرخوازیەکان داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی ئەو ڕێنماییەیان کردووە. ستێلا کریسی لە سۆشیال میدیادا نووسیویەتی "ئەم سیاسەتە پێویستی بە گۆڕینی دەستبەجێ هەیە. ئەگەر ئێمە پێگەی پەنابەریمان بە کەسێک بەخشیوە، دروست نییە دواتر ڕێگایان لێبگرین کە نەبنە هاووڵاتی."
کریسی ڕایگەیاندووە گۆڕانکارییەکان بەو مانایە دێت کە "پەنابەران هەمیشە وەک هاووڵاتی پلە دوو دەمێننەوە".
لە ڕێسا نوێیەکەدا کە ڕۆژی دووشەممە بە کارمەندانی بەشی ڤیزە و کۆچبەری وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ڕاگەیەندراوە، تێیدا هاتووە: "هەموو ئەو کەسانەی پێشتر بە شێوەیەکی نایاسایی چوونەتە بەریتانیا و لە 10ی مانگی دووی سالی 2025 ەوە داوای ڕەگەزنامەیان کردووە، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ڕەت دەکرێنەوە، بەبێ گوێدانە ئەو ماوەیەی کە تێپەڕیوە لە هاتنە ژوورەوەی نایاسایییانەوە".
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیادا هاتووە، "گەشتە مەترسیدارەکان بریتین لە گەشتکردن بە بەلەمی بچووک، یان خۆ شاردنەوە لەناو ئۆتۆمبێل یان ئامرازەکانی تری گواستنەوەدا."
پێشتر ئەو پەنابەرانەی کە بە شێوەیەکی نایاسایی دەچوونە ناو بەریتانیا، دەبوو دە ساڵ چاوەڕێ بکەن تا داواکاریان بۆ وەرگرتنی مافی هاوولاتیبوون جێبەجێ بکرێت.
ساڵی ڕابردوو نزیکەی 37 هەزار کەس بە بەلەمی بچوکەوە کەناڵی مانشیان لە فەرەنساوە بەرەو بەریتانیا بەزاندووە.
![place for reklam](img/rek/hawlati_city.png)
![](/2022/images/%DA%95%DB%95%D8%B3%D9%85/omar/photo_2025-02-13_17-12-57.jpg)