وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا لە سعودیەیە

4 ڕۆژ لەمەوپێش
مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ دووشەممە گەیشتە سعودیە پێش دانوستانە چاوەڕوانکراوەکان لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسیا کە ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە شەڕی نزیکەی سێ ساڵەی مۆسکۆ لە ئۆکرانیا.
دانوستانەکان دوای ئەوە دێت کە هەفتەی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە قسەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا کرد و فەرمانی بە بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کرد کە دانوستانەکان لەسەر شەڕەکە دەستپێبکەن، کە چەندین جار سوێندی خواردبوو لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا کۆتایی پێبهێنێت.
ئاژانسى ڕۆیتەرز دەڵێت بەپێی زانیارییەکان بڕیارە ڕۆژی سێشەممە کۆبوونەوەی بەرپرسانی ترەمپ لەگەڵ ڕووسەکان ئەنجام بدرێت،
مارکۆ ڕوبیۆ وەزیرى دەرەوەى ئەمریکاش دەڵێت هەفتە و ڕۆژەکانی داهاتوو دیاری دەکەن کە ئایا پوتین جدییە لە ئاشتی یان نا.
حکومەتى ڕیاز کە هاوکات بەشدارە لە گفتوگۆ لەگەڵ واشنتۆن سەبارەت بە داهاتووی کەرتی غەززە، ڕۆڵی هەبووە لە پەیوەندییە پێشوەختەکانی نێوان ئیدارەی ترەمپ کە لە ٢٠ی مانگى یەکى ڕابردوو،دەستبەکاربووە و مۆسکۆ، هاوکار بووە بۆ دەستەبەرکردنی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لە هەفتەی ڕابردوودا.
ڕوبیۆ، دیپلۆماتکاری باڵای ئەمریکا، کە ڕۆژی شەممە بە تەلەفۆن لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی هاوتا ڕووسیەکەی قسەی کردووە، شانبەشانی مایک والتز ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ترەمپ و ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری کۆشکی سپی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پەرلەمانتاری ئەمریکا و سەرچاوەیەک بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، لە سعودیە چاوی بە بەرپرسانی ڕووسیا دەکەوێت. یەکسەر دیار نەبوو لە ڕووسیاوە چاویان بە کێ دەکەوێت.
ڕۆژنامەی کۆمێرسانتی ڕووسی بە پشت بەستن بە چەند سەرچاوەیەک کە ناوی نەهێنراوە، بڵاوی کردووەتەوە کە دانوستانەکان ڕۆژی سێشەممە لە ڕیازی پایتەختی سعودیە بەڕێوە دەچن.
دانوستانەکان لە یەکەم گفتوگۆی ڕاستەوخۆی ئاستی باڵا دەبێت لە ساڵانی ڕابردوودا لە نێوان بەرپرسانی ڕووسیا و ئەمریکا و مەبەست لێی پێش کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکەکانی ئەمریکا و ڕووسیایە.
ڕوبیۆ ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، هەفتە و ڕۆژەکانی داهاتوو دیاری دەکەن کە ئایا پوتین جدییە لە ئاشتی.
هەروەها ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە ناوچەکەدایە. زێلێنسکی کە ڕۆژی یەکشەممە گەیشتە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی ڕایگەیاند کە بەنیازی سەردانی سعودیە و تورکیاش بکات، بەڵام هیچ وادەیەک دیاری نەکراوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، هیچ پلانێکی نییە بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسیا و ئەمریکا و پێناچێت ئۆکرانیا بانگهێشتی ئەو دانوستانانەی کە سعودیە میوانداری دەکات.

