هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ژمارەیەک چەکدار لە سوودان کە گوایە سەر بە هێزی کاردانەوەی خێران هەڵیانکوتایە سەر گوندێکی وڵاتەکە و 150 کەسیان کوشتووە کە بەشێکیان ژن و منداڵ بوون. سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 6-6-2024، شایەدحاڵ بە میدیای ئەمریکییان راگەیاندووە، ژمارەیەک چەکداری هێزەکانی کاردانەوەی خێرای سوودان هێرشیان بۆ سەر گوندی نور لە ناوەڕاستی ویلایەتی جەزیرە کردووە. بە گوێرەی شایەدحاڵەکان، نزیکەی 40 سەرباز بە چەکی ئۆتۆماتیک و نیمچە قورس هێرشیان بۆ سەر دانیشتووانی گوندەکە کردووە و هاووڵاتیانی سڤیلیان کردووەتە ئامانج کە بەشێکیان ژن و منداڵبوون. لە هێرشەکەدا 150 کەس کوژراون و 200 کەسی دیکەش برینداربوون. بە گوێرەی خەڵکی گوندەکە، تاوەکو ئێستا لانیکەم 120 کوژراویان ناشتووە. لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، ژمارەیەک تەرمی هاووڵاتیانی سڤیل دەردەکەوێت کە هەموویان گوللەیان بەرکەوتووە و گیانیان لەدەستداوە. هێزەکانی کاردانەوەی خێرای سوودان لەبارەی هێرشەکەوە رایانگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر یەکەیەکی سوپای سوودان. ئەو دوو هێزە لە 15ی نیسانی 2023ـەوە شەڕی ناوخۆیان لە سوودان هەڵگیرساندووە و بەهۆی پێکدادانەکانیانەوە تاوەکو ئێستا 15 هەزار و 550 هاووڵاتی سڤیل کوژراون.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ 12 مانگی رابردوو هەریەکیان گەرمترین مانگ بوون بەراورد بە هەمان کاتی ساڵەکانی پێشوو، ئەمە بە گوێرەی نەتەوەیەکگرتووەکان. ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز دەڵێت، زەوی لەسەر شاڕێی دۆزەخە و دەبێت رێگە لە گەرمبوونی زیاتری بگیرێت. ئاژانسی کۆپەرنیکەس بۆ زانیاری گۆڕانی کەشوهەوای سەر بە یەکێتی ئەوروپا دەڵێت، لە دوای 1940ـەوە کە دەست بە پێوانی پلەی گەرمی زەوی کراوە، 12 مانگی رابردوو ریکۆردی بەرزترین پلەکانی گەرمایان شکاندووە و لەو ساڵەدا پلەی گەرمای زەوی بە تێکڕا 1.6 پلەی سلیزی لە پێش کاتی شۆڕشی پیشەسازی بەرزتربووە. نەتەوەیەکگرتووەکانیش لە راپۆرتێکی جیادا باس لەوە دەکات، ئەگەری 80٪ هەیە لە پێنج ساڵی داهاتوودا، پلەی گەرمی زەوی بگاتە 1.5 پلەی سلیزی گەرمتر لە کاتی پێش شۆڕشی پیشەسازی. ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، نیگەرانە لەوەی جیهان رووەو چی ئاڕاستەیەکی مەترسیدار دەڕوات. دەڵێت، لە جیاتی ئەوەی پلەی کەشوهەوای زەوی سەقامگیرتر بێت، بەرەو گۆڕانی زیاتر دەڕوات. گۆتێرێز دەڵێت، ئەگەری گەیشتن بەو ئاستە مەترسیدارەی گەرمی لە 2015ـدا 0٪ بوو، بۆیە داوا لە تەواوی جیهان دەکات تاوەکو ساڵی 2030 هەوڵ بۆ کەمکردنەوەی دەردانی دوانەئۆکسیدی کاربۆن بدەن بە رێژەی 30٪. سکرتێرەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، "پێویستە لەسەر شاڕێی بەدۆزەخبوونی کەشوهەوا لابچین". دەشڵێت، ئەمە شەڕێکە ساڵەکانی 2020ـەکان بڕیاردەدەن دەیبەینەوە یان نا. هەرچەندە لە 2015ـەدا رێکەوتنی جیهانی بۆ کەمکردنەوەی دەردانی دوانەئۆکسیدی کاربۆن بۆ بەرگەهەوا کرا، رێژەی ئەو گازە زیانبەخشە لە بەرگەهەوادا لە ساڵی 2023 بەرزترین بووە لە مێژوودا. ئامانجی وڵاتان وایە، رێگە نەدەن پلەی گەرمای زەوی بگاتە 1.5 پلەی سلیزی گەرمتر لە کاتی پێش شۆڕشی پیشەسازی؛ ساڵی رابردوو پلەی گەرمی زەوی 1.45 پلەی سلیزی گەرمتربوو لەو کاتە.
هاوڵاتی هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر قوتابخانەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ناوەڕاستی غەززە، کە سەدان کەسی ئاوارەی لەخۆگرتبوو، بووە هۆی کوژرانی 27 کەس. بەپێی سەرچاوەکان، فرۆکەیەکی ئیسرائیل بە دوو موشەک هێرشی کردووەتە سەر پۆلەکانی نهۆمی سەرەوەی قوتابخانەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە "بارەگایەکی حەماس" بووە لە کەمپی پەنابەرانی نەسیرەت. لای خۆشیانەوە، نووسینگەی ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی حەماس باس لهوهدهكهن، لانیکەم 27 کەس لە هێرشەکەدا کوژراون و ئیسرائیلیش بە ئەنجامدانی "کۆمەڵکوژییەکی ترسناک" تۆمەتبار کردووە. جێگای ئاماژەیە، بەگوێرەی ئاماری دەسەڵاتدارانی تەندروستی غەززە، لە 7 ئۆکتۆبەرەوە لانیکەم 36 هەزار و 580 کەس لە غەززە کوژراون.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ڤلادمیر پووتین دەڵێت، لارییان لەوە نییە کێ دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا، چونکە هەرکەس ببێتە سەرۆکی ئەو وڵاتە، هیچ کاریگەرییەکی لەسەر سیاسەتی رووسیا نابێت، بەڵام ئەوە روونە دادگەکانی ئەمریکا بۆ جەنگێکی سیاسی لە دژی دۆناڵد ترەمپ بەکاردەهێنرێن. رۆژی چوارشەممە 5-6-2024، ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا قسەی بۆ ژمارەیەک میدیای رۆژئاوا کرد و لەبارەی ئەمریکاوە گوتی، "ئەوان لە ناو خۆیاندا خەریکن خۆیان دەسووتێنن، دەوڵەت و سیستمە سیاسییەکەیان دەسووتێنن. ئەوە روونە لە سەرتاسەری جیهان کە لێکۆڵینەوەکانی سەر ترەمپ، بەتایبەت ئەو تۆمەتانەی کە لەسەر بنەمای هەندێک رووداو دەدرێنە پاڵی کە چەندین ساڵ پێش ئێستا روویانداوە، بەبێ بەڵگەی راستەوخۆ، بە سادەیی بەکارهێنانی سیستمی دادە لە جەنگێکی سیاسیدا [دژی ترەمپ]". قسەکانی پووتین لەکاتێکدایە، ئەوە نزیکەی ساڵێکە چەند کەیسێکی جۆراوجۆر لەبارەی گێچەڵ و دەستدرێژی سێکسی و پێدانی بەرتیل بە ئەکتەرێکی فیلمە رووتەکان و ژمارەیەک کەیسی هاوشێوە لە دادگەکانی ئەمریکا لە دژی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا کراوەتەوە. ترەمپ دەڵێت، پارتی دیموکراتەکانی ئەمریکا لە هەوڵی ئەوەدان نەهێڵن خۆی بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا بەربژرێر بکاتەوە. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پووتین دەڵێت، "زۆر بەسادەیی، ئێمە گوێی پێ نادەین" کێ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا دەباتەوە. دەشڵێت، هەر سەرۆکێک هەڵبژێردرێت بۆ ئەوان جیاوازی نییە و دەتوانن کار لەگەڵ هەر سەرۆکێکدا بکەن کە ئەمریکییەکان هەڵیدەبژێرن. پووتین لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەکات و دەڵێت، ئەو سیاسییەکی کۆنی پێشبینیکراوە. مەبەستی پووتین لەوەدایە، رووسیا دەزانێت هەنگاوەکانی بایدن لەبارەی رووداوەکانەوە پێش ئەوەی هەڵیانبێنێ چۆنن. هەروەها لەبارەی ئەو تۆمەتانەی ئەمریکاوە کە دەدرێتە پاڵ رووسیا لەبارەی ئەوەی دەستی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا هەیە، پووتین دەڵێت، رووسیا دەست ناخاتە کارووباری ناوخۆی ئەمریکاوە. ئەو لە قسەکانیدا لەبارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە دەڵێت، لە ماوەی سەرۆکایەتی پێشووی ترەمپدا، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا بە تەواوەتی پچڕاوە. ئاماژە بەوەش دەکات، نازانن ئەگەر ترەمپ ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندییەکانیان چۆن دەبێت، بەڵام جەختی لەوەکردەوە، ترەمپ و رووسیا هیچ پەیوەندییەکی تایبەتیان بەیەکەوە نییە. پووتین لەبارەی دەستوەردانی ئەمریکاوە لە شەڕی ئۆکراینا دەڵێت، "هیچ کەس لە ئەمریکا ئۆکراینای بەلاوە گرنگ نییە، ئەوان تەنیا گەورەیی خۆیان بەلاوە گرنگە. ئەمریکا شەڕ بۆ خەڵکی ئۆکراینا ناکات، بەڵکو بۆ گەورەکردنی خۆی دەیکات".
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ پۆلیسی فەرەنسا هاووڵاتییەکی رووسی-ئۆکراینییان لە هۆتێلێکی پاریسدا دەستگیرکرد کە سەرقاڵی دروستکردنی بۆمبێکی کۆکوژ بووە. ئەمە لەکاتێکدایە، لە دوو مانگی داهاتوودا فەرەنسا پێشوازی لە ئۆڵۆمپیادی جیهان دەکات. رۆژی چوارشەممە 5-6-2024، دەزگای دژە تیرۆری فەرەنسا رایگەیاند، رۆژی دووشەممە کارمەندی هۆتێلێکی باکووری پاریسی فەرەنسا ئاگاداریکردوونەتەوە، یەکێک لە میوانانی هۆتێلەکە داوای دەرمان و برینپێچی لێکردوون بۆ سووتاوییەک کە بەهۆی مادەی تەقینەوەوە دروستبووە. دوای ئەوە پۆلیسی فەرەنسا گەیشتوونەتە هۆتێلەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە. کاتێک پشکنینیان بۆ ژوورەکەی کردووە، مادەی تەقینەوە و بابەتی دروستکردنی بۆمبی کۆکوژیان دۆزیوەتەوە. بە گوێرەی دەزگای دژەتیرۆری فەرەنسا، گومانلێکراوەکە هێشتا لە ژێر لێکۆڵینەوەی پۆلیسدایە. ئەوەش راگەیێنراوە، دۆسیەیەکی پەیوەست بە تیرۆر و نانەوەی بۆمب بۆ گومانلێکراوەکە کراوەتەوە. ئێستا فەرەنسا لەوپەڕی هۆشداریدایە لەبارەی هەوڵی کردەوەی تیرۆرستی و کۆکوژی، ئەوەش لەبەرئەوەی لە کەمتر لە دوو مانگی داهاتوودا ئۆڵمپیادی پاریس بەڕێوەدەچێت. لەو ئۆڵمپیادەدا چەندین نەتەوە و ئایدیۆلۆجیای جیاواز بەشدارن و شەڕی رووسیا و ئۆکراینا و ئیسرائیل و حەماس مەترسیی هەوڵی نانەوەی پشێویان زیاترکردووە. مانگی رابردوو پۆلیسی فەرەنسا دەستگیرکردنی هاووڵاتییەکی تەمەن 18 ساڵی بە رەچەڵەک چیچانییان راگەیاند، کە نیازی هێرشێکی خۆکوژی بۆ سەر یارییەکانی ئۆڵمپیادی پاریس هەبووە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ تورکیا خواستی خۆی بۆ بوون بە ئەندام لە رێکخراوی بریکس نیشانداوە و رووسیاش پێشوازی لە بڕیارەکەی دەکات. ئەمە یەکێکی دیکەیە لەو هەنگاوانەی تورکیا کە وڵاتانی رۆژئاوا و بەتایبەت ئەندامانی ناتۆی نیگەرانکردووە. هاکانی فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە سەردانی پەکینی پایتەختی چینی کرد، بە رۆژنامەوانانی گوت، "تورکیا حەز دەکات ببێتە ئەندامی بریکس، بۆ حەز نەکات؟" سەردانەکەی فیدان لە دوای 2012ـەوە باڵاترین سەردانی تورکیایە لە رووی دیپلۆماسییەوە بۆ ئەو وڵاتە. لە سەردانەکەدا وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای دیکەی پەکین کۆبووەوە. دیمتری پیسکۆڤ، گوتەبێی کرێملن لەبارەی راگەیاندنی خواستی تورکیاوە بۆ بوون بە ئەندام لە بریکس رایگەیاند، رووسیا پێشوازی لە خواستی تورکیا دەکات بۆ بوون بە ئەندام لەو رێکخراوە ئابووری و دیپلۆماسییە. گوتەبێژەکەی کرێملن گوتیشی، خواستێکی زۆر لەسەر بە ئەندامبوون لە بریکس هەیە. بریکس رێکخراوێکی ئابووری و دیپلۆماسییە کە رووسیا، چین، بەرازیل، هیندستان، ئەفریقای باشوور، ئێران، سعودیە، ئەسیوبیا و میسر تێیدا ئەندامن. بڕیارە هاکان فیدان بەشداری لە لوتکەی رێکخراوەکە بکات کە هەفتەی داهاتوو لە مۆسکۆ بەڕێوەدەچێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بە تەواوەتی روون نییە ئەنکەرە رێکارە یاساییەکان بۆ بە ئەندامبوون لە رێکخراوەکە دەگرێتە بەر یان نا، ئەویش چونکە یەکەم جارە خواستی بۆ بوون بە ئەندام لەو رێکخراوە نیشانبدات. تورکیا ئەندامی رێکخراوی ناتۆیە و وا خۆی نیشاندەدات ئاڕاستە سیاسییەکەی رووەو رۆژئاوا بێت، بەڵام وڵاتانی رۆژئاوا بەردەوام رەخنەی ئەوەی لێدەگرن، لەسەر رێچکەی رۆژئاوا لایداوە. تورکیا ئەو قسانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ئەندامێکی پابەندی ناتۆیە و رژدە لەسەر بە ئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپا.
هاوڵاتی فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا پێش نووسی بڕیارنامەیەکیان بۆ ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆم ئامادە کردووە، دەربارەی کۆماری ئیسلامی کە هاوکاری ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی نەکردووە. رۆیتەرز لەم بارەوە نووسیویەتی، لە رەشنووسێکدا کە رۆژی دووشەممە 3ی حوزەیران2024، خراوەتە بەردەم ئەنجومەنی بڕیاردەران، جارێکیتر هاوشێوەی دوو ساڵ لەوە پێش داوا کراوە کۆماری ئیسلامی روونکردنەوە بدات لە سەر وردیلەی یۆرانیۆم کە لە سێ وێستگەی رانەگەیەندراو دەست کەوتووە. لەم بڕیارنامەیەدا هەروەها ئاماژە بە هاوکاری نەکردنی کۆماری ئیسلامی دراوە لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆم. نۆرمەن لارێنس، هەواڵنێری واڵ ستریت جۆرناڵ، لە زاری دیپلۆماتێکی ئەورووپیەوە پێشکەشکردنی ئەم بڕیارنامەیەی پشتڕاستکردۆتەوە رۆیتەرز و واڵ ستریت جۆرناڵ، حەوتووی رابردوو باسیان لەوە کردبوو ئەمریکا پشتیوانی لە دەرکردنی بڕیارنامە نادات لە ئێستادا دژی ئێران بە پێی راپۆرتەکان، فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا، سێ وڵاتی ئەورووپی ئەندام لە کۆمیسیۆنی وڵاتانی 5+1 بۆ تاوتوێکردنی پرسی ئەتۆمی ئێران ناسراو بە (بەرجام) حەوتووی رابردوو رەشنووی بڕیارنامەیەکیان دژی ئێران ئامادە کردووەو خستوویانەتە بەردەم ئەندامانی ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆم. کۆبوونەوەی 5 رۆژەی ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆم رۆژی دووشەممە لە بنکەی سەرەکی ئەم ناوەندە لە ڤییەنا دەستی پێکرد و بڕیار وایە لەم کۆبوونەوانەدا بە شێوەی تایبەت قسە لەسەر پرسی ناوەکی ئێران بکرێت. رافائێل گەرووسی، بەڕێوبەری گشتی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆم، رۆژی دووشەممە لە دەستپێکی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی بڕیاردەراندا وتی، سەرەڕای ئەوەی مانگی رابردوو سەفەری کرد بۆ تاران، بەڵام بەوەشەوە ئێران سوورە لەسەر ئەوەی ئیزن نەدات پشکێنەرانی ئاژانس سەردانی وێستگە و ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران بکەن رافائێل گەڕووسی باسی لەوە کرد، ئێران پەرەی بە پێتاندنی یۆرانیومی پیتێنراوی 60% داوەو لە کۆگاکانیدا زیاتری کردووە و زۆر زیاترە لەو ئاستەی کە 3 ساڵ لەوە پێش هەبوو و سەرەڕای بەڵێنەکانی هەر بەردەوامە لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆمی 60%. بە گشتی لە 3ساڵی رابردوودا ئاژانس نەیتوانیوە زانیاری تەواوی دەربارەی چالاکییە ناوەکییەکان ئێران، سانتریفیوژەکان، رۆتۆرەکان، ئاوی قورس و ... دەست بکەوێت لە ناو وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێراندا. دیپلۆماتە ئەورووپییەکان هەفتەی رابردوو بە واڵ ستریت جۆرناڵیان وتبوو، ئەگەر بڕیارنامەیەک دژی ئێران دەرنەکرێت لە ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆم، شکۆ و پێگەی ئاژانس وەک ناوەندێکی چاودێر لە سەر چالاکییە ناوەکییەکان لاواز ئەبێت و دونیای رۆژئاوا توانای خۆی لە دەست ئەدات بۆ وەستانەوە دژی هەر هەڕەشەیەک لە لایەن ئێرانەوە. ئەم دیپلۆماتانە باسیان لەوە کردووە، 3 وڵاتی ئەورووپی لەسەر ئەو باوەڕەن کەتی ئەوە هاتووە دژ بە سەرەڕۆییەکانی ئێران بوەستنەوەو بڕیاری جیدی بدرێت. 18 مانگ لەوە پێش، ئاژانسی بڕیاردەرانی وەزەی ئەتۆم بڕیارنامەیەکی دژی ئێران پەسەند کرد و داوای لە کۆماری ئیسلامی کرد روونکردنەوە بدات لە سەر گەردیلەی یۆرانیۆم لەو وێستگە رانەگەیەندراوانەدا.
هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە 4ی حوزەیرانی 2024، وەزارەتی پاراستنی دارستان و ئاگرکوژێنەوەی کالیفۆرنیا رایگەیاند، گەورەترین ئاگری ئەمساڵ لە دارستەنەکانی کالیفۆرنیا کەوتەوە کە، ماوەی چوار رۆژە بەردەوامە لەلایەن ناوەندی ئاگرکوژێنەوە، بە گەورەترین ئاگری ساڵ دادەنرێ و تاوەکوو ئێستا 57 کیلۆمەتر چوارگۆشەی لە دارستانەکان سووتاوە. ئاگرکەوتنەوەکە ماوەی چوار ڕۆژە بەردەوامە سەراتایی دروستبوونی لە پارچە زەوییەکەوە بووە کە تاقیگەی نەتەوەیی لۆرێنس لیڤەرمۆر کاری تاقیکردنەوە و توێژینەوە زانستییەکانی تێدا دەکات و لە کاتی توێژینەوەیەکی تاقیگەکە ئاگرکەوتنەوەکە ڕوویداوە و تەشەنەی کردووە. وەزارەتی پاراستن ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئاگرەکە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە ڕوویداوە و لە شەممەوە تاوەکوو ئێستا تیمەکانیان توانیویانە %75ی ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام بەهۆی فراوانی ڕووبەری ئاگرەکە و مەترسییەکانییەوە هەزاران کەس ماڵەکانیان جێهێشتووە. کەناڵەکانی تەلەفزیۆنی کالیفۆرنیاش لای خۆیانەوە دەڵێن، ئەو ئاگرکەوتنەوەیە لەمساڵدا گەورەترین ئاگرە کە هاوکات لەگەڵ دەستپێکی وەرزی گەرما لە دارستانەکانی ویلایەتەکە دەکەوێتەوە و تاوەکوو ئێستاش دوو ئەندامی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە برینداربوون. هەر بە گوێرەی هەواڵەکان، بەشێکی زۆر لە داری ناوچە شاخاوییەکانی نزیک کەنداوی سان فرانسیسکۆ بە تەواوی سووتاون کە بەهۆی سەختی شوێنەکان تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە دەستیان پێی نەگەیشتووە.
هاوڵاتی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت نرخەکەی بۆ خوار 78 دۆلار دابەزی لە بازاڕەکانی جیهاندا ئەمڕۆ سێشەممە 4ی حوزریرانی 2024، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەشێوەیەکی بەرچاو و دابەزینیان بەخۆوە بینی و بۆ خوار 78 دۆلار دابەزی. لە بازاڕەکانی جیهاندا نرخی یهك بهرمیل نهوتی خاوی برێنت بۆ 77 دۆلار و 69 سهنت دابهزی، ئەەمش لە لهكاتێكدایە دوێنێ نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە 81 دۆلار و شهش سهنت بوو، ئهمهش نزمترین ئاستی چوار مانگی رابردووه. جێگای ئاماژەیە، کە هاوكات نرخی یهك بهرمیل نهوتی خاوی ئهمریكی بۆ 73 دۆلار و 31 سهنت دابهزی، لهكاتێكدا دوێنێ به 76 دۆلار و 97 سهنت فرۆشرا. هاوكات لەگەڵ دەزینی نرخی نەوت له بازاڕهكانی جیهاندا یهك ئۆنسه زێڕ به دوو ههزار و 348 دۆلاره. نیگەرانی بازرگانانی نەوت لە خستنەڕووی زیاتری نەوت لەلایەن هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس لە چارەكی کۆتایی ئەمساڵ، بە هۆکاری سەرەکی دابەزینی نرخی نەوت هەژمار دەکرێت. لە ئەمریکا نرخی یەک گاڵۆن بەنزین 3.7 لیتر لە 5.8 دۆلارەوە بۆ 3.50 دۆلار دابەزی، لە لایەکی دیکەوە ئەگەری کەمبوونەوەی خواست لەسەر سووتەمەنیش، گوشاری بۆ نرخەکانی نەوت دروستکردووە. هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس سەرەتای ئەم هەفتەیە بڕیاری دا لە مانگی 10 ئەمساڵەوە کەمکردنەوەی رۆژانە 2.2 ملیۆن بەرمیل نەوت لە بازاڕەکان لەسەرخۆ، نەهێڵێت. ئەوەش لەلایەن بازرگانانەوە بە هێمای زیادبوونەوەی خستنەڕووی نەوت لێکدراوەتەوە. حکومەتی ئەمریکا، سبەینێ چوارشەممە 5ی حوزەیرانی 2024، ئامارەکانی پەیوەست بە خواست و قەبارەی نەوتی کۆگاکراوی خۆی بڵاودەکاتەوە، پێشبینی دەکرێت داتاکان کاریگەری لەسەر نرخی نەوت دابنێن.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ماڵدیڤ گەشتی هاووڵاتیانی ئیسرائیل بۆ وڵاتەکە بەهۆی شەڕی غەززەوە قەدەغە دەکات. نوسینگەی سەرۆکایەتی ماڵدیڤ دەڵێت، بڕیارەکەیان وەک هاوسۆزییانە بۆ خەڵکی فەڵەستین. رۆژی یەکشەممە، 2ی حوزەیرانی 2024، گوتەبێژێکی سەرۆکی ماڵدیڤ رایگەیاندووە، سەرۆکی ئەو وڵاتە بڕیارێکی بۆ رێگریکردنی هاووڵاتیانی ئیسرائیل لە گەشتی ماڵدیڤ دەرکردووە. ئەو گوتەبێژە کاتی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی نەخستەڕوو. بڕیارەکەی سەرۆکی ماڵدیڤ دوای ئەوە هات، هاووڵاتی و پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنی ماڵدیڤ گوشاریان لەسەر محەممەد مویزو، سەرۆکی ماڵدیڤ دروستکرد تا قەدەخە بکاتە سەر چوونی گەشتیارانی ئیسرائیل بۆ دورگەکە. لە وەڵامی قەدەخەکردنەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە راگەیێنراوێکدا داوای لە ئیسرائیلییەکان کرد، چیدیکە سەردانی ماڵدیڤ نەکەن. پێش دەرکردنی بڕیارەکەش، ئامارە فەرمییەکانی ماڵدیڤ ئەوە نیشاندەدەن، ژمارەی ئەو ئیسرائیلییانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا سەردانی ماڵدیڤیان کردووە 528 کەسن، ئەوەش 88٪ کەمترە لە ژمارەی گەشتیارانی ئیسرائیلی لەو دورگەیە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ئاژانسی نیشتمانیی بۆشایی ئاسمانی چین رایگەیاند، بە سەرکەوتوویی کەشتییەکی بێ سەرنشینیان گەیاندە سەر جەمسەری باشووری مانگ. یەکەم جارە لە مێژوودا وڵاتێک بگاتە ئەو شوێنەی مانگ. رۆژی شەممە 1-6-2024، کاژێر 11:23 خولەکی شەو (بەکاتی هەولێر)، ئاژانسی نیشتمانیی بۆشایی ئاسمانی چین رایگەیاند، کەشتی چانگە 6 بە سەرکەوتوویی لەسەر رووی مانگ نیشتووەتەوە. کەشتییەکە لە 3ی ئایاری ئەمساڵەوە نێردراوەتە بۆشایی ئاسمان و درەنگانێکی دوێنێ شەو گەیشتووەتە سەر جەمسەری باشووری رووی مانگ. ئامانجی کەشتییەکە وایە بەرد و خۆڵی سەر ئەو ناوچەیەی مانگ بگەڕێنێتەوە سەر زەوی. بڕیارە کەشتییەکە 3 رۆژ لەسەر رووی مانگ بمێنێتەوە و نزیکەی 2 کیلۆگرام خۆڵ و بەرد لە رێگەی کونکەرێک و دەستێکی میکانیکییەوە کۆبکاتەوە. ئەمە یەکەم جارە مرۆڤایەتی بەردی ئەو ناوچەیەی مانگ بگەڕێنێتەوە سەر زەوی. ئاژانسەکە رایگەیاندووە، پێش ئەوەی کەشتییەکە بنیشێتەوە، بە دەوری خولگەی مانگدا بۆ ماوەیەک خولاوەتەوە و چاوەڕێی نیشتنەوەی کردووە. کەشتییەکەی سەر مانگ دوای ماوەیەک لە خولڕۆکە (ئۆربیتەر) جیابووەتەوە و بۆ بەرزایی نزیکەی 100 مەتر لە رووی مانگ نزیک بووەتەوە. بە بەکارهێنانی لەیزەرێکی سێ رەهەندی پشکنینی بۆ بەرز و نزمی ناوچەی نیشتنەوەکە کردووە و شوێنێکی بۆ نیشتنەوەیەکی بێ ترس دیاریکردووە. تەواوی کۆقۆناخەکە لەلایەن مانگی دەستکردی چینیی چوەیچیاوەوە چاودێریکراوە. میدیای فەرمیی چین، نیشتنەوەی کەشتییەکەی لەسەر رووی مانگ بە "کاتێکی مێژوویی" پەسندکرد. چین لە 10ساڵی رابردوودا هەوڵی جیددی بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆگرامی بۆشایی ئاسمان داوە، ئەوەش بۆ رکابەریکردنی رووسیا و ئەمریکا لەو مەیدانەدا. تاوەکو ئێستا بە سەرکەوتوویی توانیویەتی رۆبۆت بۆ سەر مانگ و مەریخ بنێرێت و ئامانجیشی وایە تا 2030 مرۆڤ بنێرێتە سەر مانگ و لەسەر مانگ بنکەیەک دروست بکات.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لاپەڕەیەکی تایبەت بە خۆی لە تیکتۆک داناوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرۆکی ئەمریکا بوو کامپەینێکی فراوانی دژی تیکتۆک راگەیاند و هەوڵی قەدەخەکردنی لە ئەمریکا دەدا. لە یەکەم ڤیدیۆیدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردووەتەوە، ترەمپ لەگەڵ دانا وایت، سەرۆکی یو ئێف سی دا دەردەکەوێت. لە ڤیدیۆکەدا وایت دەڵێت، "سەرۆک ئێستا لە تیکتۆکە"، پاشان ترەمپ دەڵێت، "جێگەی شانازیمە". لاپەڕەکەی دۆناڵد ترەمپ لەسەر تیکتۆک باجی فەرمیی لەسەرە و تاوەکو ئێستا تەنیا یەک ڤیدیۆی تێدا بڵاوکراوەتەوە. تەنیا لە ماوەی یەک رۆژدا 650 هەزار شوێنکەوتووی لە خۆی کۆکردووەتەوە و ڤیدیۆکەش کە بڵاویکردووەتەوە 6 ملیۆن جار بینراوە. لایەنگرانی ترەمپ دەڵێن، بەشداریکردنی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە تیکتۆک بۆ ئەوەیە پەیامی، تێڕوانینی " ئەمریکا یەکەمینە"ی ترەمپ بگەیێننە هەموو سووچێکی وڵاتەکە. تۆڕی کۆمەڵایەتی تیکتۆک لەلایەن 170 ملیۆن ئەمریکییەوە بەکاردەهێنرێت. لە پێشوودا ترەمپ دژی بەکاربردنی تیکتکۆک بوو و هەوڵی قەدەخەکردنی لە ئەمریکا دەدا. دروستکردنی لاپەڕەی تیکتۆک لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە لەکاتێکدایە، دوو رۆژ لەمەوبەر لەلایەن دادگەیەکی ئەمریکاوە تاوانبارکرا بەوەی، لەو کاتەدا ویستوویەتی کامپەینی بۆ بوون بە سەرۆکی ئەمریکا کردووە، پارەی داوەتە ئەکتەرێکی فیلمە رووتەکان تاوەکو پەیوەندیی نێوانیان بشارێتەوە.
هاوڵاتی هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ دوو وەزیری راستڕۆی ئیسرائیلی هەڕەشەی ئەوە دەکەن، ئەگەر ئیسرائیل بە پێشنیازی ئاگربەستەکەی ئەمریکا قایل بێت، دەست لەکاردەکێشنەوە. ئەمە دوای ئەوەی رۆژی هەینی جۆ بایدن پێشنیازی بۆ ئاگربەستێکی "تەواوەتی" کرد. رۆژی یەکشەممە 6-2-2024، ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایش و بیزالێل سمۆتریک، وەزیری دارایی ئیسرائیل رایانگەیاند، ئەوان بە تەواوەتی دژی ئاگربەستن. بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش پێشتر ئەوەی راگەیاندبوو کە هێشتا ئامادەی ئاگربەست نین. بیزالێل سمۆتریک لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا رایگەیاندووە، "ئەوەم بۆ [بنیامین ناتانیاهو] روونکردووەتەوە، کە نابم بە بەشێک لەو حکومەتەی بە پێشنیازی ئاگبەستەکە رازیبێت و پێش لەناوبردنی حەماس و گێڕانەوەی تەواوی بارمتەکان جەنگ رابگرێت". هاوکات ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی ئیسرائیل پێشنیازەکەی بە "لەرزۆک" و "سەرکەوتنی تیرۆر" ناوبردووە و دەشڵێت، قایلبوون بەو ئاگربەستە مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل. ئیتامار کە سەرۆکی پارتێکی هاوپەیمانی ناتانیاهووە و بەیەکەوە حکومەتی ئێستای ئیسرائیلیان پێکهێناوە دەڵێت، ئەگەر سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە ئاگربەستەکە قایلبێت، پارتی ئۆتزما یەهوودی حکومەت هەڵدەوەشێنێتەوە. لەم کاتەدا بنیامین ناتانیاهو لە ژێر گوشارێکی گەورەی ناوخۆیی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دایە. هەرچی ئیسرائیلە دابەشبوون بەسەر دوو بەرەدا، بەشێکیان دەڵێن نابێت ئاگربەستەکە قبوڵ بکرێت و بەشێکیشیان بە پێچەوانەوە. بزوتنەوەی حەماس هەرزوو رایگەیاند، پێشنیازەکەیان بە ئەرێنیانە لێکداوەتەوە و ئامادەی هەر گفتووگۆیەکن لەبارەی ئاگربەستی هەمیشەییەوە بکرێت. رۆژی هەینی، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازی ئاگربەستێکی سێ قۆناخیی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی 8 مانگەی نێوان ئیسرائیل و حەماس کرد. قۆناخەکان بریتین لە ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان لە بەرامبەر ئازادکردنی بەندکراوە ئیسرائیلییەکان، دواتر گفتوگۆی نێوان حەماس و ئیسرائیل بۆ دڵنیابوون لە دروستنەبوونی پێکدادانی دیکە لە داهاتوودا و پاشانیش پلانێک بۆ بنیاتنانەوەی غەززە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ بنیامین ناتانیاهو دەڵێت، هیچ ئاگربەستێکی تاهەتایی ناکەن تاوەکو ئامانجەکانیان لە غەززە بەدەستنەهێنن، ئەویش تێکشکاندنی توانای سەربازی و بەڕێوبەرایەتی حەماس و ئازادکردنی تەواوی بارمتەکانیانە. رۆژی هەینی، 1-6-2024، بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، تاوەکو ئامانجەکانیان لە غەززە بەدەستنەهێنن، ئاگربەست ناکەن. ئەمە لەکاتێکدایە، حەماس رایگەیاندووە ئەوان ئاگربەستەکە پەسەند دەکەن ئەگەر ئیسرائیلیش وابکات. قسەکانی ناتانیاهو دوای ئەوە دێت، رۆژی هەینی 31-5-2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازی ئاگربەستێکی 3 قۆناخیی بۆ وەستاندنی شەڕ لە غەززە کرد و داوای لە حەماس و ئیسرائیلیش کرد پەسەندی بکەن. لە راگەیێنراوەکەی نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلدا هاتووە، "هیچ شتێک لەبارەی کاتی کۆتایی هێنان بە جەنگەکە نەگۆڕاوە". ئاماژە بەوەکراوە، تاوەکو ئامانجەکانیان بەدەستن نەهێنن دەست لە جەنگ هەڵناگرن، ئەوانیش، "لەناوبردنی توانای سەربازی و بەڕێوەبردنی حەماس، ئازادکردنی تەواوەتی بارمتەکان و دڵنیابوونەوە لەوەی غەززە چیدیکە هەڕەشە نابێت لەسەر ئیسرائیل". باسم نەعیم، گوتەبێژی حەماس لە قەتەر بە میدیای بەریتانی راگەیاندووە، ئەوان پێشوازیان لە پێشنیازەکە کردووە، ئەوەی دەمێنێتەوە دەکەوێتە سەر ئیسرائیل. باسم ئەوەشی گوتووە، "ئەگەر ئەو [ناتانیاهو] هەوڵبدات بەردەوام بێت، هیچی دەستناکەوێت جگە لە ئامادەیی خەڵکی فەڵەستینییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی داگیرکارییەکە". تاوەکو ئێستا لە پێکهاتەکانی دیکەی حکومەتەکەی ناتانیاهوەوە هیچ قسەیەک نەکراوە، بەڵام یایر لاپید، سەرۆکی پارتی ئۆپۆزسیۆن رایگەیاندووە، پاڵپشتی ناتانیاهو دەکات ئەگەر ئاگربەستەکە پەسەند بکات. ئەمریکا، میسر، قەتەر، ئیسرائیل و بەرپرسانی حەماس چەند مانگێکە لە قاهیرە گفتووگۆ بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئەنجامێکی نەبووە. جەنگی ئیسرائیل و حەماس دوابەدوای پەلامارەکەی حەماس هات بۆ سەر ئیسرائیل، کە تێیدا 1200 هاووڵاتی ناوخۆیی و بیانی و پۆلیس کوژران و 252 کەسی دیکەش بە بارمتە گیران. لە هێرشەکانی ئیسرائیلیشدا بۆ سەر غەززە، تاوەکو ئێستا 36 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و لانیکەم دوو هێندەی ئەو ژمارەیەش برینداربوون.
هاوڵاتی هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانیی هیندستان لە دوای شەش هەفتە و حەوت قۆناخی جیاواز کۆتایی هات. ئەنجامە بەراییەکان وای نیشاندەدەن، نارێندرا مۆدی بۆ جاری سێیەم دەبێتەوە سەرۆکوەزیرانی هیندستان. رۆژی شەممە، 1ی حوزەیرانی 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانیی هیندستان کە نزیکەی 1 ملیار کەس تێیدا مافی دەنگدانیان هەبوو کۆتایی هات. بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی دوو ئاژانسی ئەو وڵاتە، مۆدی لە 543 کورسی پەرلەمانی هیندستان توانیویەتی زیاتر لە 350 کورسی بەدەستبهێنێت. بۆ ئەوەی هەر پارتێک بتوانێت دەسەڵات لە هیندستان بگرێتە دەست، پێویستی بە 272 کورسییە. پارتەکەی سەرۆکوەزیران لە هەڵبژاردنی 2019دا 353 کورسی بەدەستهێنابوو. پێشبینی دەکرێت پارتی ئیندیا، کە پارتی ئۆپۆزسیۆنە نزیکەی 120 کورسیی بەدەستهێنابێت، بەڵام ئەو ئەنجامانە رەتدەکەنەوە و بە پڕوپاگەندە ناوی دەبەن. هەڵبژاردنی پەرلەمانیی هیندستان لە 19ی نیسانی ئەمساڵەوە دەستی پێکردووە و شەش هەفتەی خایاند. لە هەلبژاردنەکەدا نزیکەی یەک ملیار کەس مافی دەنگدانیان هەبوو. دەنگدان بە حەوت قۆناخی جیاواز بەڕێوەچوو. ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکە لە 4ی حوزەیرانی ئەمساڵ رادەگەیێنرێت. ئەگەر مۆدی لە هەڵبژاردنەکاندا بیباتەوە، ئەوە دەبێتە دووەم سەرۆکوەزیران لە مێژووی هیندستان کە توانیبێتی 3 جار لەسەر یەک حکومەتی هیندستان بەڕێوەبەرێت. مۆدی لە بانگەشەکانیدا بەردەوام باسی ئەو دەستکەوتانەی دەکرد لە 10 ساڵی رابردوودا بەدەستی هێناوە و یەکێک لەو تۆمەتانەش کە دەیدایە پاڵ پارتی ئۆپۆزسیۆن ئەوەبوو، ئەو پارتە لایەنگری پێکهاتەی موسڵمانان لە هیندستان دەکات. ئەمڕۆ نزیکەی 100 ملیۆن کەس لە کۆتا قۆناخی هەڵبژاردنەکەدا دەنگیاندا، لەبەر بەرزبووەنەوەی پلەی گەرما بۆ 48 پلەی سلیزی، لانیکەم 33 کەس گیانیان لەدەستداوە.