ترامپ یەکەم وتاری خۆی لە ماوەی پێنج ساڵدا پێشکەش بە کۆنگرێس دەکات
.png)
یەک هەفتە لەمەوپێش
دۆناڵد ترامپ ئەمشەو سێشەممە وتارێک لە کۆنگرێسی ئەمەریکا پێشکەش دەکات و تیایدا تیشک دەخاتە سەر بەشێک لە کارەکانی چەند هەفتەی سەرەتایی سەرۆکایەتییەکەی.
ئەم وتارەی کە وەک بارێکی باو بە وتارێک لەسەر ڕەوشی وڵات دوای دەستبەکاربوون بەناوبانگە، دەرفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ سەرۆک ترامپ هەتا بۆچوونەکانی خۆی لەسەر ئابوری و ڕێبازی کۆچبەری ئەمەریکا بخاتە ڕوو و ڕێگە خۆش دەکات تا بەرگری لە بڕیارە مشتومڕ لەسەرەکانی ئەم دواییەی بکات بۆ کەمکردنەوەی هێزی کاری فیدراڵی و ڕووبەڕووبوونەوەی سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی.
بەڵام یەکێک لە ئاستەنگە بەرچاوەکان بۆ ترامپ بریتی دەبێت لە یەکخستنی زۆرینەی کۆمارییەکان لە سینات و ئەنجومەنی نوێنەران بۆ تێپەڕاندنی بودجەی حکومەت هەتا دوا وادەی 14ی مانگی 3. کۆمارییەکان دوودڵن لەسەر ئەوەی کە ئایا بەرنامە بەناوبانگەکانی تۆڕی سەلامەتی کۆمەڵایەتی وەک مێدیکەید کە بیمەی تەندروستی بۆ ئەو کەسانە دابین دەکات کە داهاتیان کەمە ببڕن یان نا، بۆ دانەوەی قەرزی ئەمەریکا و پێدانی درێژکردنەوەی کەمکردنەوەی باجەکانی ساڵی 2017 کە لە خولی یەکەمی ترامپدا پەسەندکرا.
ترامپ داوای "یەک پڕۆژە یاسای گەورە و جوان" دەکات بۆ دابینکردنی بودجەی کارنامەی سیاسەتە ناوخۆییەکانی.
مایک جۆنسۆن سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران هەفتەی ڕابردوو بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە، "کاری زۆر قورسمان لە پێشە، بەڵام بڕیارە کارنامەی ئەمەریکای یەکەم بگەیەنین". گوتیشی "ئێمە هەمووی ئەنجام دەدەین، نەک تەنها بەشێکی."
دیموکراتەکانی کۆنگرێس ڕەخنەیان لە بودجە گرتووە و دەڵێن سوودی بۆ دەوڵەمەندەکان هەیە.
چاک شومەر سەرۆکی کەمینە لە سینات هەفتەی ڕابردوو وتی "هەڵە مەکەن، ئەمە کەسانی بەساڵاچوو و منداڵان و کەمئەندامان تاڵان دەکات بۆ ئەوەی پارە بدەن بۆ دەوڵەمەندەکان هەتا دەوڵەمەندتر بن".
هەروەها پێدەچێت سەرۆک ترامپ باس لە هۆکاری سەپاندنی باج لەلایەن ئەمەریکاوە بەسەر وڵاتانی دیکەدا بکات. دووپاتی کردەوە کە 25% باج لەسەر کەنەدا و مەکسیک لە ڕۆژی سێشەممەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ترامپ ڕۆژی دووشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "دەبێت باجێکیان لەسەر دابنرێت." و گوتیشی "کەواتە، ئەوەی دەبێت بیکەن دروستکردنی کارگەی ئۆتۆمبێلەکانیانە، ڕاشکاوانە، و شتی دیکە لە ئەمەریکا، لەو حاڵەتەدا هیچ باجێکیان لەسەر دانانرێت."
هەفتەکانی سەرەتای سەرۆکایەتی ترامپ چەندین فەرمانی سەرۆکایەتیشی تێدا مۆر کران لەسەر ئەو بابەتە سەرەکییانەی کە لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنیدا ئاماژەی پێکردبوون لە ناویاندا چاکسازی لە کۆچبەریدا. چاوەڕوان دەکرێت لە وتارەکەیدا سێشەممە شەو تیشک بخاتە سەر گۆڕانکارییەکانی ئاسایشی سنووری باشووری ئەمەریکا لەگەڵ مەکسیک.
هەروەها دەشێت قسە لەسەر دامەزراندنی وەزارەتی کارایی حکومەت بکات کە بە DOGE ناسراوە و بە سەرۆکایەتی ملیاردێر ئیلۆن ماسک.
لە کاتێکدا کە پرسە ناوخۆییەکان بە شێوەیەکی نەریتی جێگەی بایەخی وتاری سەرۆکایەتن بۆ کۆنگرێس، بەڵام پێدەچێت باس لە چەندین ئاستەنگی سیاسەتی دەرەوەییش بکات.
ترامپ دوای مشتومڕێکی لەگەڵ ڤۆلدمیر زێڵێنسی ڕۆژی هەینی لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، هەست ناکات ئۆکرانیا بە شێوەیەکی پێویست دان بە بەشداریکردنی نزیکەی 200 ملیار دۆلاری ئەمەریکادا ناوە لەو ململانێیەدا کە کاتێک ڕووسیا لە 24ی دووی 2022دا هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستیپێکرد.
هەروەها چاوەڕوان دەکرێت ترامپ باس لە ئاگربەست لە غەززە بکات و پلانەکانی بۆ پەرەپێدانی خانووبەرە لەو ناوچە پڕ لە کێشەیە بخاتە ڕوو.
ئەلیسا سلۆتکین، سیناتۆر و شرۆڤەکاری پێشووی سی ئای ئەی وەڵامی دیموکراتەکان بۆ وتارەکەی ترامپ دەداتەوە. سلۆتکین لە ویلایەتی میشیگان سەرکەوتنی بەدەستهێنا بە گرنگیدان بە ئابووری لە گەیاندنی خۆی بۆ دەنگدەران.
