ئەمەریکا و ئیسرائیل مانۆڕى ئاسمانی ئەنجامدەدەن

6 ڕۆژ لەمەوپێش



لەگەڵ پەرەسەندنی نیگەرانییەکان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل پێکەوە مانۆڕێکی ئاسمانی هاوبەش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەدەبەن.

فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند ڕۆژی سێشەممە فڕۆکە بۆمبهاوێژکان لە ئەرکێکدا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە سەربازییەکانیان لەگەڵ هاوبەشەکانی ئەمەریکا و نیشاندانی تواناکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مانۆڕێکی سەربازی هاوبەشیان ئەنجامدا.

سێنتکام بە بڵاوکردنەوەی وێنەی مانۆڕەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئاماژەی بەوەشکردووە ئەمە سێیەم ئەرکی فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی بووە لە دوو هەفتەی ڕابردوودا و لەو ماوەیەشدا فڕۆکەیەکی جەنگی جۆری بۆینگ بی 52 ستراتۆفۆرتریس A B-52H Stratofortress) ) کە بنکەکەی لە ڕاف فێرفۆردی بەریتانیا بووە، بە فڕینی بەسەر کیشوەری ئەوروپادا بەشداریی لە مانۆڕەکەدا کردووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکامدا بەبێ ئەوەی ئاماژە بە بەشداری ئیسرائیل بکات لە مانۆڕەکەدا، ئاماژەی بەوەشکردووە لە کاتی مانۆڕەکەدا گەیاندنی سووتەمەنی لە ئاسماندا و ڕاهێنانی "گەلانی هاوبەش" ئەنجامدراوە.

هاوکات سوپای ئیسرائیل وێنەی ئەم مانۆڕە ئاسمانییە هاوبەشەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە مانۆڕەکە "بۆ بەهێزکردن و پاراستنی هاوکارییە درێژخایەنەکانی نێوان هەردوو هێزەکە داڕێژراوە، ئەمەش بۆ بە فراوانکردنی پەیوەندییەکان و پەرەپێدانی توانا هاوبەشەکان بۆ سیناریۆی جۆراوجۆر".

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی سوپای ئیسرائیل، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلی F-35I و F-15I گەشتێکی هاوبەشیان لەگەڵ فڕۆکەیەکی بۆینگ بی 52 بۆمبهاوێژ ئەنجامداوە و لەو ماوەیەدا ڕاهێنان بۆ پەیوەندی ئۆپەراسیۆنی نێوان هەردوو سوپا "بەمەبەستی باشترکردنی توانای بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە جۆراوجۆرەکانی ناوچەکە" بەڕێوەچووە.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە هاوکاری نێوان هێزەکانی سوپای ئیسرائیل و سێنتکام "دەرخەری هاوپەیمانی ستراتیژی و پەیوەندی نزیکی نێوان هەردوو سەربازییە کە بەردەوام لە گەشەکردن و بەهێزبووندایە."

هاوکات لەگەڵ مەشقی ئاسمانی هاوبەشی ئەمەریکا و ئیسرائیل، سەرۆکی ئەرکانی نوێی سوپای ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە 5ی مانگی سێ لە کۆبوونەوەی فەرماندە باڵا سەربازییەکانی وڵاتەکەیدا ڕایگەیاند کە ساڵی 2025 بە تایبەتی لەسەر شەڕی غەززە و ئێران چڕ دەبێتەوە و هاوکات بەرەکانی دیکەش وەک خۆیان دەبن لە بەرچاو دەگیرێن بۆ تاوتوێکردن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار