ئەمەریکا هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ئۆکرانیا ڕاگرت
.jpg)
یەک هەفتە لەمەوپێش
واشنتن لە چوارچێوەی پێداچوونەوە بە هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و ململانێ، سەرجەم هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ئۆکرانیا بەشێوەیەکی کاتی، ڕاگرێت.
بەرپرسێکی ئیدارەی ترەمپ ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی پشتیوانییە سەربازییەکانی بۆ ئۆکرانیا ڕاگرت و جێگری سەرۆکی ئەمەریکاش دەڵێت: ڕێککەوتنی کانزا باشترین گەرەنتی ئەمنی دەبێت بۆ کیێڤ.
هاوکات وتەبێژی کۆشکی سپی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە: دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، هەموو سەرنجەکانی لەسەر ئاشتییە و بۆ ئەوەش پێویستی بەوەیە سەرجەم هاوبەشەکانی پابەندی ئەو ئامانجە بن، بۆیە سەرجەم هاوکاریی و پاڵپشتییەکانی رادەگرێت، بۆ ئەوەی بەشداربێت و رۆڵی هەبێت لە چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکراینا.
بە وتەی ئەو بەرپرسە ئەمەریکییەکە، کە ناوی ئاشکرا نەکراوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بەڵێنی داوە کۆتایی بە شەڕ و ململانێیکانی ئۆکرانیا بهێنێت، بەڵام پێویستە وڵاتە هاوپەیمانەکانی پابەندی پرۆسەی ئاشتی بن.
هەروا ئاشکرای کردووە، لە دوای ئەو دەمەقاڵێیەی بە بەرچاوی میدیاکانەوە لە کۆشکی سپی لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕووی دا، ترەمپ بڕیاری بلۆک کردن و ڕاگرتنی هەموو هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمەریکای بۆ کیێڤ دەرکردووە، هەربۆیە هەموو هاوکارییەکان ڕاگیراون و پێداچوونەوە بە هەنگاوەکانی ڕێککەوتنی ئاشتی دەکرێت.
هەر لەم بارەوە، کەناڵی تەلەفزیۆنی فۆکس نیوز و ئاژانسی بلۆمبێرگ بڵاویان کردووەتەوە، ڕاگرتنی هاوکارییە سەربازییەکانی بە بڕیاری ترەمپە بۆ ئەوەی سەرکردە و بەرپرسانی ئۆکرانیا ناچار و پابەندی ئاشتی بکات.
لە لایەکی دیکەوە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا قسەی بۆ فۆکس نیووز کردووە و ئاماژەی داوە، ئەو سوود و بەرژەوەندییە ئابوورییەی واشنتن بۆ ئۆکرانیا پێشنیازی کردووە، گەرەنتی ئەمنیی بەو وڵاتە دەدات بەرانبەر بە جەنگەی ڕووسیا لە شوباتی 2022ـەوە دژی دەستی پێ کردووە.
هەروەها ڕایگەیاندووە، ڕێککەوتنی کانزا لەگەڵ ئۆکرانیا، پرۆژەیەکی وەبەرهێنانی درێژ مەودای ئەمەریکا دەبێت لەو وڵاتە و ئەمەش زەمانەتێکی ئەمنی تەواو دەبێت بۆ کیێڤ تاوەکوو ڕووسیا جارێکی دیکە هێرشی سەر ئەو وڵاتە نەکاتەوە.
جەی دی ڤانس دەشڵێت: ئێمە دەرگامان بۆ ئاشتی کراوەیە، گەر زێلێنسکی ئاشتی دەوێت با گەڕێتەوە، چونکە جارێکی دیکە ناتوانێت بێتە کۆشکی سپی و ئاشتی ڕەت بکاتەوە.
