ئێران: بەم زووانە نامەکەى ترەمپ دەگەیەنرێتە تاران

7 كاتژمێر لەمەوپێش
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، نامەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ دامەزراوەی ڕۆحانییەکانی ئێران "بەم زووانە لەلایەن وڵاتێکی عەرەبییەوە دەگەیەنرێتە تاران".
رۆژی هەینی رابردوو دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو، نامەیەکی بۆ رێبەری ئێران ناردووە و داوای لێ کردووە بێن گفتوگۆ لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی بکەن، ئەگەرنا چاوەڕێی هێرشی سەربازیی ئەمریکا بکەن.
دواتر عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران، هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای دژی وڵاتەکەی سەرکۆنەکردن کە هەڕەشەی کردبوو هێرشی سەربازی بکاتە سەر ئێران. وەزیری دەرەوەی ئێرانیش رەتیدەکاتەوە هیچ نامەیەکیان لە ترەمپەوە پێ گەیشتبێت.
خامنەیی گوتی: "هەندێ حکومەتی کەڵەگا پێداگری لەسەر دانوستاندن دەکەن، ئامانجی دانوستاندنیان چارەسەرکردنی کێشەکان نییە، ئامانجیان سەپاندنە."
عەباس عێراقچی لە کاردانەوە بە کۆبوونەوەی داخراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئەمڕۆ چوارشەممە لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانەوە بەڕێوەچوو، وتی گردبوونەوەکە "پرۆسەیەکی نوێ و سەیر و سەمەرەیە کە نیازپاکی ئەو دەوڵەتانە دەخاتە ژێر پرسیارەوە کە داوای دەکەن".
ئەم کۆبوونەوەیە لەلایەن شەش ئەندامی ئەنجومەنەکە لە کۆی ١٥ ئەندامی ئەنجومەنەکە - فەرەنسا، یۆنان، پەنەما، کۆریای باشوور، بەریتانیا و ئەمریکا، بەهۆی فراوانکردنی کۆگاکانی یۆرانیۆمی نزیک لە پلەی چەک لەلایەن ئێرانەوە بوو.
