هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ سوپای کۆنگۆ دەڵێت ئەمڕۆ هەوڵی کودەتایەکی سەربازییان لە وڵاتەکەیان پەکخستووە کە لە نێویدا هێزی دەرەکی و هێزی کۆنگۆیی هەبوون. بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 19-5-2024، سیلڤەین ئیکێنج، گوتەبێژی سوپای کۆنگۆ رایگەیاند، "هێزەکانی ئاسایش و بەرگریی کۆنگۆ هەوڵێکی کودەتایان پەکخست، خەڵکی بیانی و کۆنگۆییش لە هەوڵەکەدا بەشداربوون. هەوڵی بیانی و کۆنگۆییەکانیشمان پەکخست، بە رابەرەکەشیانەوە". لە راگەیێنراوی گوتەبێژەکەدا ئەوە روون نییە کە ئایا کودەتاچییکان دەستگیرکراون یان کوژراون. هەر پێش ئەو راگەیێنراوە، دوو پاسەوان لە نزیک ماڵی ڤیتال کامێرهی، ئەندامی پەرلەمانی کۆنگۆ کوژران؛ ئەو ئەندام پەرلەمانە بڕیارە بۆ سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرێت؛ هەر لەو رووداوەدا هێرشبەرەکەش کوژرا. باڵیۆزی ئەمریکاش لەو وڵاتە زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێداوە و رایگەیاندووە، جموجووڵێکی زۆری سەربازیی سوپای کۆنگۆ لە ئارادایە و دەنگی تەقەش بیستراوە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ پۆلیس لە ویلایەتی نیو هامسفێری ئەمریکا چوار چاودێریکاری منداڵانی دەستگیرکرد کە کەپسوولی خەوتنیان داوەتە منداڵان تاوەکو خەویان لێبکەوێت. پۆلیس دەڵێت، لە تشرینی دووەمی پارەوە دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە کردووە؛ ئەمە دوای ئەوەی ئاگادارکراونەتەوە کە گومانی پێدانی میلاتۆنین بە منداڵان هەیە. میلاتۆنین هۆرمۆنێکە کە مێشکی مرۆڤ لەکاتی تاریکیدا دەریدەدات و وای لێدەکات خواستی خەوتنی هەبێت. ئەو هۆرمۆنە بە شێوەی دەرمانیش لەلایەن ئەو کەسانەوە بەکاردەهێنرێت کە خەویان ناڕێکە و وایان لێدەکات خەویان لێبکەوێت. دوای شەش مانگ لە لێکۆڵینەوە پۆلیسی نیو هامسفێر بۆیان یەکلا بۆتەوە، کە منداڵانی یەکێک لە دایەنگەکانی ئەو ویلایەتە بڕێکی زۆر میلاتۆنینیان دراوەتێ تاوەکو خەویان لێبکەوێ و ئەرکی چاودێرەکان کەمبێتەوە. پۆلیس دەڵێت، خواردنی ئەو منداڵانە بە میلاتۆنین پڕ کراوە بەبێ ئەوەی دایبابیان ئاگاداربکرێنەوە. هێشتاش روون نییە ماوەی چەنێکە منداڵەکان ئەو دەرمانەیان دەدرێتێ. ساڵی درێکمان، خاوەنی ئەو دایەنگەیە و چوار لە کارمەندەکانی بە تۆمەتی خەواندنی منداڵەکان دەستگیرکراون. پێدانی میلاتۆنین بە منداڵان لە دایەنگەکانی ئەمریکا بابەتێکی نوێ نییە. ناوەندی رێگری و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکان لە ئەمریکا دەڵێت، لە 2012 بۆ 2021، 7٪ی چالاکی لیژنەکانیان بۆ ئەو دەنگۆیانە بوون کە منداڵان لە دایەنگەکاندا گومانی وەرگرتنی میلاتۆنینیان لێدەکرێت.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ لە ئەفغانستان تەقەکەرێک سێ هاووڵاتی ئیسپانی کە گەشتیار بوون دەکوژێت و یەکێکیش بریندار دەکات. هاووڵاتییەکان گەشتیاربوون و سەردانی ناوچەیەکی شاخاویان لە ئەفغانستان کردووە کە پەیکەرێکی بودای لێیە. رۆژی هەینی 17-5-2024، عەبدول مەتین قانعی، وەزیری ناوخۆی ئەفغانستان رایگەیاند، لە رووداوێکی تەقەکردندا 3 هاووڵاتی بیانی و هاووڵاتییەکی ئەفغانی کوژراون. باسی لەوەشکردووە، هەر لەو رووداوەدا 4 هاووڵاتی دیکەی بیانی و 3 ئەفغانی برینداربوون. هەروەها چوار کەسیان بە تۆمەتی دەستهەبوون لە تاوانەکەدا دەستگیرکردووە. پێدرۆ سانچێز، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیاش لەسەر رووداوەکە هاتە دەنگ و لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، "شۆکبووم بە هەواڵی کوشتنی گەشتیاری ئیسپانی لە ئەفغانستان". ئاماژەی بەوەشکردووە، کونسوڵی ئیسپانیا لەو وڵاتە خراوەتە دۆخی ئامادەباشییەوە و لە ئیسپانیاش کەسوکاری قوربانییەکان ئاگادارکراونەتەوە. شاخەکانی بامیان کە گەشتیارە ئیسپانیەکان سەردانیان کردووە یەکێکە لەو ناوچە دێرینانەی لە رێکخراوی یونسکۆدا تۆمارکراون. لە شوێنەوارەکەدا دوو پەیکەری گەورەی بودای لێیە کە لە 2001، سەردەمی حکومڕانی پێشووی تاڵیبان تەقێنرابوونەوە. لە دوای هاتنەوە دەسەڵاتی بزوتنەوەی تاڵیبان لە ئابی 2021، لە هەوڵی ئەوەدایە دۆخی ئاسایشی وڵاتەکە ئاسایی بکاتەوە و وابکات گەشتیاری زیاتر بۆ بینینی ناوچە مێژوویی و گەشتیارییەکان رووبکەنە ئەو وڵاتە. ئەمە جاری یەکەم نییە گەشتیار و کەسایەتی بیانی لە ئەفغانستان دەکرێنە ئامانج؛ ئەمە لە دوای گرتنەوە دەستی دەسەڵات لەلایەن تاڵیبانەوە. لە 2022 تەقەکەرێک لە هۆتێلێکی کابوولی پایتەخت هاووڵاتییەکی چینی بریندارکرد.
هاوڵاتی رۆژی هەینی 17ی ئایاری 2024، بڵاوکراوەی ئاکسیۆس لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە باسی لەوەکردووە، برێت مەک گۆرک، راوێژکاری باڵای ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئابراهام پیلی، نوێنەری کاتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، هەفتەی داهاتوو بەشێوەی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دەربارەی چۆنییەتی بەرگرتن بە پەرەسەندنی ناکۆکییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گفتوگۆ دەکەن. بەپێی ئەم راپۆرتە، مەک گۆرک و پیلی، سێشەممە گەیشتوونەتە عوممان و لەگەڵ نێوانیگرە عوممانییەکان کۆبوونەتەوە، بەڵام دیار نییە کامە بەرپرس لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە لەم گفتوگۆیانەدا بەشداری دەکات. سەرچاوە ئاگادارەکان بە ئاکسیۆسیان راگەیاندووە، مەبەست لەم گفتوگۆیانە روونکردنەوەیە دەربارەی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی و هێزەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە و هەروەها نیگەرانییەکانی ئەمریکا دەربارەی بەرنامەی ناوەکی ئێران گفتوگۆی لێدەکرێت. لە چەند هەفتەی رابردوودا و دوای ئەوەی ژمارەیەک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی باسیان لەوە کرد ئێران توانای بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی هەیە، نیگەرانییەکان دەربارەی بەرنامە ناوەکییەکانی ئێران زیاتر بووە. ئەمە دووەم گەڕی گفتووگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکایە لە سەرەتای ساڵی 2024ەوە، بەپێی راپۆرتی فایننشیاڵ تایمز، یەکەم گەڕی گفتوگۆکان سەرەتای مانگی ئازار لە عوممان بەڕێوەچوو.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ئەمڕۆ زیاتر لە 150 بارهەڵگر هاریکاریی مرۆیی لە رێگەی بەندەرەکەی ئەمریکاوە کە لە کەناراوەکانی غەززە دروستیکرد، گەیشتە غەززە. ئەمڕۆ هەینی 17-5-2024، بۆ جاری یەکەم ئەو بەندەرەی سەرەتای ئەم مانگە ئەمریکا دروستیکرد، دەستی بەکار کرد و لە لە رێیەوە 150 بارهەڵگر خۆراک و پێداویستی دیکە گەیشتنە دەست خەڵکی غەززە. گەیشتنی ئەو پێداویستیانە لەکاتێکدایە، دۆخی نزیکەی 3 ملیۆن فەڵەستینی لەوپەڕی خراپیدایە و دووچاری برسێتی بوونەتەوە، ئەمە بە گوێرەی نەتەوەیەکگرتووەکان. دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشی زەمینی و ئاسمانی بۆ سەر باشووری شاری رەفەح کە هاوسنووری میسرە دەستپێکرد، دوو دەروازەی سنووری سەرەکی کە لە رێگەیەوە خۆراک و پێداویستی دەگەیشتە دەست غەززەییەکان داخران. هەربۆیە دۆخی خەڵک رووی لەوپەڕی خراپی کردووە و نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، خۆراک، کەلوپەلی پێویست و دەرمان وەک پێویست ناگاتە دەست خەڵکەکە. هەرچەندە ئەوە بەندەرە کاتییەی ئەمریکا هیوایەکی بۆ خەڵکی غەززە گەڕاندووەتەوە، بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەڵێن بەندەرەکە ناتوانێت گواستنەوەی تەواوی ئەو هاریکارییانەی بۆ خەڵکی غەززە پێویستن بەڕێبکات. چونکە لە پێشووتردا رۆژانە لانیکەم 500 بارهەڵگر خۆراک و هاریکاری دەگەیشتنە خەڵکی غەزە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ حکومەتی رووسیا بڵاویکردووەتەوە، هەرچەندە ئەوە دوو ساڵە لەگەڵ ئۆکراینادا لە جەنگدان، بەڵام ئابووریەکەیان گەشەیکردووە. رۆژی هەینی 17-5-2024، ئاژانسی فیدراڵیی زانیاری حکومەتی رووسیا بڵاویکردەوە، گەشەسەندنی ئابووری وڵاتەکە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا 5.4٪ بووە، ئەمە لەکاتێکدایە، لە چارەکی کۆتایی ساڵی رابردوو 4.5٪ بووە. هەرچەندە لە دوای دەستپێکی شەڕی ئۆکرایناوە رووسیا خەرجییە سەربازییەکانی زیادکردووە، بەڵام ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە سەردانەکەی ئەم هەفتەیەیدا بۆ چین باسی لەوەکرد، هێشتا خەرجییەکان نەگەیشتووەتە دۆخی نائاسایی. بە گوتەی پووتین، ئێستا خەرجیی سەربازی رووسیا 8٪ی داهاتی ناوخۆی ئەو وڵاتەیە، بەڵام لە کاتی یەکێتی سۆڤیەتدا 13٪ی داهاتی یەکێتییەکە بۆ کەرتی سەربازی بووە. هەرچەندە تاوی گەشەسەندنی ئابووری رووسیا زیادیکردووە، هەڵاوسان لە رووسیا بۆ 7.8٪ لە مانگی ئایاردا بەرزبووەتەوە کە لە مانگی نیساندا 7.7٪ بوو. لە 24ی شووباتی 2022، رووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکراینا و وەک خۆی گوتی ئامانجی هێرشەکەی "ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتە"، بەڵام وڵاتانی رۆژئاوا بە داگیرکاریی تەواوەتی ناوی دەبەن. لەو کاتەوە چەندین وڵاتی رۆژئاوا و هاوپەیمانەکانیان سزای هەمەجۆری دیپلۆماسی و ئابوورییان بەسەر رووسیادا سەپاندووە. رۆژئاوا دەڵێت ئەو سزایانە کاریگەریی نەرێنی گەورەیان کردووەتە سەر ئابووری رووسیا و بەهۆیەوە هەڵاوسان و باری ژیانی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە سەختبووە؛ کرێملن ئەو قسانە رەتدەکاتەوە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ لە نێو تەواوی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپادا 4 میدیا و رۆژنامە قەدەخەکران کە گوایە پڕوپاگەندە لە بەرژەوەندی کرێملن بڵاودەکەنەوە و هەوڵی ناسەقامگیرکردنی وڵاتانی دراوسێی ئۆکرایناش دەدەن. رۆژی هەینی 17-5-2024، ئەنجوومەنی ئەوروپا رایگەیاند، چوار میدیا و رۆژنامەمان خستووەتە لیستی رەشەوە کە پێکدێن لە دەنگی ئەوروپا، نۆڤۆستی RIA، ئیزڤێستیا و رۆسیسکایا گازێتا. ئەوەش بە تۆمەتی ئەوەی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەلایەن کرێملنەوە بەڕێوەدەبرێن. لە راگەیێنراوەکەی ئەنجوومەنی ئەوروپادا ئەوەش باسکراوە، "رووسیا سەرقاڵی کامپەینێکی نێودەوڵەتی و سیستماتیکە بۆ بەلاڕێدابردنی میدیا، ئەوەش بۆ پاڵپشتیکردن لە هێرشەکەی بۆ سەر ئۆکراینا و بەروپێشبردنی ستراتیجیی ناسەقامگیرکردنی وڵاتانی دراوسێی و یەکێتی ئەوروپا و ئەندامانی". رۆژی چوارشەممە ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا هۆشداری دابوو کە ئەگەر کارێکی لەو جۆرە بکرێت، ئەوانیش لە مۆسکۆ میدیاکانی رۆژئاوا لەکاردەخەن. ئەنجوومەنەکە باسی لەوەشکردووە، ئەوروپا لەبەردەم گەورەترین هێرشی میدایی و ئەلیکترۆنی رووسیایە و نابێت چیدیکە رێگە بەوە بدات.
دەیان پارێزەر: تاران بەرتیلی بە ئەفریقای باشوور داوە بۆ ئەوەی سکاڵا لە سەر ئیسرائیل تۆمار بکات ژمارەیەک پارێزەر کە 160 پارێزەرن لە نامەیەکدا بۆ وەزیری دەرەوە، وەزارەتی داد و ئەنجومەنی نوێنەرانی باڵای کۆنگرەی ئەمەریکا، نووسیویانە کۆماری ئیسلامی ئێرانیان بەرتیلی داوە بە حزبی دەسەڵاتداری ئەفریقای باشوور، بۆ ئەوەی لە دادگای لاها، ئیسرائیل بە جینۆساید تۆمەتبار بکات. ئەم 160 پارێزەرە خوازیاری ئەوە بوون لێکۆڵینەوە بکرێت لە گەندەڵی ماڵی ئەم حزبە. بەپێی راپۆرتێك کە لە میدیاکان بڵاوکراوەتەوە، ١٦٠ پارێزەر بە رێبەری ناوەندی یاسایی ئیسرائیل شۆرات هادین (ShuratHaDin) داوایان لە بەرپرسانی سیاسی و دادوەری ئەمەریکا کردووە بۆ ئەوەی لێکۆڵێنەوە بکەن دەربارەی رێبەرانی ئەفریقای باشوور و ئەندامانی حزبی کۆنگرەی نەتەوەیی لەو وڵاتە کە دەسەڵاتیان بە دەستە و زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی ئەفریقای باشوور سەر بەم حزبەن. ئەم پارێزەرانە داوایان کردووە بە پێی یاسایی ماگنێتسکی (Magnitsky Act) لێکۆڵینەوە لە گەندەڵی بەربڵاو و بەتایبەت بەرتیل بکرێت لەمبارەوە. ماگنیتسکی یاسایە کە ساڵی 2012 پەسەندکراوەو بە پێی ئەم یاساییە، دەوڵەتی ئەمەریکا بۆی هەیە گەمارۆ بخاتە سەر ئەو وڵات و لایەنە بیانیانەی کە پێشێلکاری مافی مرۆڤن یان لە گەندەڵی مادییەوە گلاون و هەروەها دەست بەسەر داراییەکانیاندا بگرێت. لە نامەی ئەم 160 پارێزەرەدا ئەوە هاتووە کە بەرپرسانی باڵای حیزبی کۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقای باشوور بۆ ئەوەی بتوانین قەرزەکانی حیزبەکەیان بدەنەوە بەرتیلیان لە کۆماری ئیسلامی وەرگرتووە بۆ ئەوەی لە دادگای نێونەتەوەیی لاها، ئیسرائیل بە جینۆساید لە غەززە تۆمەتبار بکەن. ئەمڕۆ هەینی 17ی ئایاری 2024، دانیشتنی دادگای لاها لەسەر سکاڵای ئەفریقای باشوور دژی ئیسرائیل بەڕێوەچوو و ئەفریقای باشوور لە بەردەم 15 دادوەری نێونەتەوەیی، لەوانە دادوەرێکی باڵای ئیسرائیلی، داوای کردووە بەر بە " جینۆساید" و " تاوانی جەنگی" بگیردرێت لە غەزە لە لایەن ئیسرائیلەوە. لە بەرامبەردا پارێزەرەکانی ئیسرائیل بەرگریان لە سوپای ئیسرائیل کرد و سکاڵای ئەفریقای باشووریان بە نادروست ناوبرد.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ پزیشکانی غەززە هۆشداری دەدەن کە خەریکە دەرمانیان نامێنێت. باس لەوە دەکەن چەندین جار دۆخی نەخۆشخانەکانی جەنگیان بینیوە، بەڵام ئەمە "کارەساتاویترینە". رۆژی پێنجشەممە 15-5-2024، دکتۆر جاوید عەلی، سەرۆکی رێکخراوی نەخۆشخانەی سەربازیی نێودەوڵەتی لە غەززە رایگەیاندووە، بەهۆی جێهێشتنی 1 ملیۆن و 400 هەزار هاووڵاتی فەڵەستینی لە رەفەحی باشووری غەززە، نەخۆشخانەکانی مەواسی زیاد لە توانای خۆیان قەرەباڵخبوون. مەواسی ناوچەیەکە لە باشوور و رۆژئاوای غەززە و ئیسرائیل داوای لە خەڵک کردووە بەرەو ئەوێ بڕۆن تا ژیانیان پارێزراوبێت لە هێرشەکانی سەر رەفەح. ئەو پزیشکە باس لەوەشدەکات، زۆرینەی ئەو خەڵکانەی سەردانیان دەکەن زۆربەیان برینی سەختیان هەیە و دوای چارەسەریشیان داوای خۆراک، پارە و دەرمانی زیادە دەکەن تاوەکو خێزانەکانیان بپارێزن. لە هەفتەی رابردووەوە ئیسرائیل دەستی بە هێرش بۆ سەر شاری رەفەحی باشووری غەززە کردووە. بەهۆی هێرشەکەوە لە 3 دەروازەی سنووری، دووانیان داخراون و بووەتە هۆکاری وەستانی گەیشتنی هاریکاریی مرۆیی و تەندروستی بۆ خەڵکی غەززە. دوێنێ چوارشەممە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند زیاتر لە 2 ملیۆن خەڵک بەبێ خۆراک و چادر ماونەتەوە و ئەوانیش نیانە بیاندەنێ.
هاوڵاتی وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا لە راپۆرتێکی نوێدا باسی لەوە کردووە، لە 2023دا هێرش بۆ سەر هاوڕەگەزخوازانی فەرەنسا بەراورد بە 2022 بە رێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە. ئەمڕۆ 16-5-2024، وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا راپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە بە شێوەیەکی گستی لە 2023دا توندوتیژی بەرامبەر هاوڕەگەزخوازان 13٪ بەراورد بە ساڵی 2022 زیادیکردووە. تاوانە راستەوخۆکانی وەک هەڕەشە، دەستدرێژی و ناوزڕاندن بە رێژەی 19٪ بەرامبەر ئەو کەمینەیە زیادیکردووە. بە گوێرەی حکومەتی فەرەنسا تەنیا لە 2023دا، 2 هەزار و 870 دۆسیەی توندوتیژی، دەستدرێژی و ناوزڕاندنیان بەرامبەر هاوڕەگەزخوازان تۆمارکردووە. رێکخراوەکانی پاڵپشتیکاری هاوڕەگەزخوازان دەڵێن ئەم ئامارە مەترسیدارە و حکومەتی فەرەنسا دەبێت بە جیددی کاری لەسەر بکات. وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا ئەوەشی باسکردووە، لە 2016ـەوە تاوەکو ئێستا هەموو ساڵێک رێژەی تاوان بەرامبەر هاوڕەگەزخوازان لەو وڵاتە 16٪ زیادیکردووە. لە راپۆرتەکەدا هاتووە 70٪ی ئەو هاوڕەگەزخوازانەی توندوتیژیان بەرامبەر کراوە پیاوبوون و 82٪ی تۆمەتبارەکانیش هەر پیاوبوون. ئاماژە بەوەشکراوە، زیاتر لە نیوەی ئەوانەی توندوتیژییان بەرامبەرکراوە تەمەنیان لە خوار 30 ساڵەوەیە و زیاتر لە سێیەکێکیان خوار 19 ساڵ بوون.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ حکومەتی بەریتانیا پێشنیازێکی بڵاوکردووەتەوە کە وانەونتنەوە لەبارەی رەگەزەوە لە خوێندنگەکاندا قەدەخەبکات، ئەوەش دوای ئەو نیگەرانیانەی لەبارەی زۆربوونی ژمارەی ئەو کەسانەوە دروستبوون کە رەگەزیان دەگۆڕن دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 16-5-2024، جیلیان کیگان، وەزیری پەروەردەی بەریتانیا پێشنیازێکی بڵاوکردەوە و لە بەشێکیدا هاتووە، بابەتی هەستیاری وەک فرەیی لە رەگەزدا نابێت بە خوێندکارانی پۆلی یەکی سەرەتایی هەتا 12ی ئامادەیی بگوترێتەوە. وەزیری پەروەردەی بەریتانیا دەڵێت، پێشنیازەکە بۆ ئەوە کراوە منداڵان بەر ئەو زانیارانە لە تەمەنێکی کەمدا نەکەون، تاوەکو هەستی منداڵی و بێتاوانیان لە منداڵی و مێرمنداڵیدا لەدەستنەدەن. ئاماژە بەوەشدەکات، لە پێشنیازەکەدا رێکارەکانیان بە روونی نوێکردۆتەوە کە نابێت منداڵان تاوەکو تەمەنی 18 ساڵی بابەتی فرەیی رەگەز و گۆڕانی رەگەز فێربکرێن. لە دوای 2020ـەوە خوێندن و بڵاوکردنەوەی رۆشنگەری لەسەر فرەیی رەگەز لە بەریتانیادا لە خوێندنگە ناوەندییەکانەوە کرا بە زۆرەملێ. منداڵان لە تەمەنی 11 ساڵییەوە فێردەکران کە "رەگەز تەنیا نێر و مێ نییە و دەیانی دیکە هەن". ئێستا بابەتەکە لە نێوان ئەوانەی بیرکردنەوەیەکی پارێزگاریان هەیە و ئەوانەی لیبراڵن خەریکە دەبێتە جەنگێکی کۆمەڵایەتی لەو وڵاتە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ئەمڕۆ لوتکەی کۆمکاری عەرەب لە بەحرەین دەکرێت و سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی گفتووگۆ بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لە غەززە دەکەن. ئەمڕۆ پێنجشەممە 16-5-2024، فڕۆکەی سەرکردەی 22 وڵاتی عەرەبی لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین نیشتنەوە؛ لوتکەی کۆمکاری عەرەبی بەڕێوەدەبەن کە گوایە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ دۆخی ئێستای غەززە بەڕێوەدەچێت. ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی بەرپرسانی عەرەبییە لە دوای دواین لوتکەی کۆمکارەکە لە تشرینی دووەمی ساڵی 2023 لە ریاز. لەو کۆبوونەوەیەدا وڵاتانی عەرەبی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیلیان بۆ سەر غەززە کرد و بە "بەربەریانە" ناویان برد، بەڵام نەیانتوانی بڕیار لەسەر گرتنەبەری هەنگاوی سیاسی و ئابووری دژ بە ئیسرائیل دەربکەن. وادیارە ئەم جارە ئەو ئاڕاستەیە دەگۆڕێت و توندتر دەبێت بەرامبەر ئیسرائیل، بەتایبەت لەم کاتەدا کە زۆرینەی وڵاتانی جیهان داوای چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ فەڵەستین دەکەن. ئەوە حەوت مانگ زیاترە شەڕی نێوان ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس دەستیپێکردووە؛ لە دوای پەلامارەکەی 7ی تشرینی یەکەمی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، تەلئەڤیڤ دەستی بە ئۆپەراسیۆنەکەی بۆ "لەناوبردنی یەکجاریی حەماس" کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا ئامانجەکەی بەدەستنەهێناوە. بەهۆی شەڕەکەوە تاوەکو ئێستا 35 هەزار و 233 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و زیاتر لە 2 ملیۆن و 500 هەزار کەسیش ئاوارەبوون. جگە لە شەڕی ئیسرائیل و حەماس، بڕیارە سەرکردەکانی عەرەب گفتووگۆی شەڕ لە لیبیا، سوودان، یەمەن و سووریا بکەن. ئەمەش بە بەشداریی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا کە پار دوای بومەلەرزەکەی 12ی شوبات گەڕایەوە ناو کۆمکارەکە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ وەزیری دەرەوەی ئێرلەندا رایگەیاند، پێش کۆتایی ئەم مانگە دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێن. دەڵێت لایان وایە چارەسەری دوو دەوڵەتی لەم دۆخی شەڕەدا باشترین رێگەیە بۆ سەقامگیربوونی ئاشتی لە غەززە. رۆژی چوارشەممە 15-5-2024، مایکڵ مارتن، وەزیری دەرەوەی ئێرلەندا گوتی، "پێش کۆتایی ئەم مانگە دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێین. بەروارەکە هێشتا دیاریکراو نییە، چونکە هێشتا لە گفتووگۆداین لەگەڵ هەندێک وڵاتدا بۆ ئەوەی بە هاوبەشی دانپێدانانەکە بکەین". مەبەستی وەزیری دەرەوەی ئێرلەندا لە دانپێدانانی هاوبەش، ئیسپانیا، سلۆڤینیا و ماڵتایە کە ئەوانیش ئامادەیی خۆیان بۆ داننان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا نیشانداوە. هەریەک لەو وڵاتانە داوای ئەوە دەکەن، دەوڵەتی فەڵەستین دروستبێت و لەو خاکەی ئێستا فەڵەستین و ئیسرائیلی لەسەر دوو دەوڵەتی دراوسێ دروستببن. هەوڵەکان دوای دەستپێکی شەڕی نێوان غەززە و چەکدارانی حەماس دەستیانپێکردووە، کە ئێستا ئیسرائیل دەڵێت ئامانجیانە حەماس بە تەواوی بسڕنەوە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش داوای ئاگربەستی هەمیشەیی و گفتووگۆی ورد بۆ دروستبوونی ئاشتی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا دەکەن. لە ساڵی 1988ـەوە تا ئێستا، 139 دەوڵەتی ئەندام لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە 193 ئەندامی تەواوی ئەو رێکخراوە، دانیان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا ناوە. مارتن دەڵێت، هەنگاوەکان لەسەر رێچکەی رێکەوتنی ئاشتیی عەرەب دەکەن کە ئامانج لێی دروستبوونی دەوڵەتی فەڵەستینە و "پەیامێک بۆ خەڵکی فەڵەستین بە گشتی دەنێرین کە پاڵپشتیان دەکەین لە مافی چارەی خۆنووسین".
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری دەرکرد کە خۆراک و چادریان بەشیی دوو ملیۆن فەڵەستینیی ئاوارە نەماوە و ناتوانن چیدیکە دەستەبەریکەن. دەشڵێت، قاتووقڕیی گەورە بەڕێوەیە. رۆژی چوارشەممە 15-5-2024، یەریۆش پێترۆپۆلۆس، سەرۆکی نوسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە غەززە بۆ کارووباری هاریکاریی مرۆیی بە میدیای ئەمریکییان راگەیاندووە، کۆگەکانیان خاڵی بوونەتەوە لە خۆراک و چادر و هیچ ئومێدێکیشیان نییە دووبارە بتوانن کەرەستەی نوێیان بەدەست بگات؛ ئەمە لەبەر هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر رەفەح و داخرانی رێگەکانی گواستنەوەی هاریکاری. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئیدی کات نەماوە بۆ کردنەوەی خاڵە سنوورییەکان بۆ گەیاندنی هاریکاری بۆ غەززە و دەبێت چی زووە بکرێتەوە. رۆژی سێشەممە 54 بارهەڵگر بە دەروازەی ئەرەزدا گەیشتوونەتە غەززە، بەڵام بەرپرسانی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێن، بۆ ئەوەی بتوانن خۆراک و پێداویستی بۆ تەواوی 2 ملیۆن و 300 هەزار کەسەکەی غەززە دابینبکەن، پێویستیان بە 500 بارهەڵگر هەیە. لە دوای دەستپێکی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر شاری رەفەحی باشووری غەززە، لانیکەم 600 هەزار کەس ئاوارەبوون و لە ماڵەکانیان هەڵبڕاون. 100 هەزار کەسی دیکەش لە باشووری غەززە بەهۆی هۆشداریی ئیسرائیلەوە لە هێرشکردنە سەر ئەو ناوچانە ماڵەکانیان جێهێشتووە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ سەرۆکی رووسیا لە پێش سەردانەکەیدا بۆ چین بە میدیای چینی راگەیاند، ئامادەیە گفتووگۆ لەبارەی ئاشتییەوە لە ئۆکراینا بکات. رۆژی چوارشەممە 15-5-2024، ڤلادمیر پووتین رایگەیاند، "رووسیا هەرگیز لە دژی گفتووگۆی ئاشتی نەبووە. خواستی وایە رێکەوتنێکی گشتگیر، سەقامگیر و دادوەرانە لەسەر شەڕەکە بکرێت لە رێگەی گفتووگۆی ئاشتییەوە." ساڵی رابردوو، چین پێشنیازێکی 12 خاڵیی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا خستە بەردەستی وڵاتانی جیهان. ئەمریکا و ئەوروپا هەرزوو لە دژی وەستانەوە و رووسیا گوتی خاڵەکانی پێشنیازەکەی لەلا رەوایە. بە گوێرەی کرێملن، ڤلادمیر پووتین و شی ژینگ پینگ گفتووگۆیەکی ورد لەبارەی تەواوی کێشەکانی پەیوەست بە هاوبەشییە گشتگیرەکەیان و هاوئاهەنگییە ستراتیجییەکەیانەوە دەکەن. هەروەها رێگەی نوێ بۆ بەرەوپێشبردنی هاوپەیمانێتییەکەیان لە داهاتوودا دەدۆزنەوە. هەروەها بە وردی باسی کێشە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان پێکەوە دەکەن. لە سەروبەندی بوونەوەی پووتین بە سەرۆکی رووسیا و سەردانەکەی بۆ چین، مۆسکۆ هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی خارکیڤ لە ئۆکراینا چڕکردووەتەوە و بەهۆیەوە 8 هەزار هاووڵاتی ئۆکراینی ئاوارەبوون. چین لە رابردوودا باسی ئەوەی کردووە کە لە شەڕی رووسیا و ئۆکراینادا بێ لایەنە، بەڵام لەوکاتەوەی شەڕەکە لە شوباتی 2022 دەستیپێکردووە، پەیوەندیی ئابووری و ستراتیجی لەگەڵ کرێملن زیاترکردووە.