نوێنەری ترەمپ: ئاوەدانکردنەوەی غەززە ١٠ بۆ ١٥ ساڵ دەخایەنێت
5 كاتژمێر لەمەوپێش
ستیڤ ویتکۆف نوێنەری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند، "نزیکە هیچ شتێک لە کەرتی غەززە نەماوەو دووبارە ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە ڕەنگە 10 بۆ 15 ساڵ بخایەنێت.
دوێنێ چوارشەممە، ستیڤ ویتکۆف نوێنەرى تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەیشتە ئیسرائیل و لەگەڵ نەتەنیاهوو کۆبووەوە. بەرپرسە ئەمریکییەکە بۆ چاودێریکردنی ئاگربەستی غەززە سەردانی ناوچەکەی کردووە.
ستیڤ ویتکۆف ئەمرۆ پێنج شەممە لە لێدوانێکدا بە ئاکسیۆسی وتووە، خەڵک دەچنە باکوور بۆ ئەوەی بچنە ماڵەوە و بزانن چی ڕوویداوە و دواتر دەگەڕێنەوە، هیچ شتێک لە غەززە نەماوە جگە لە تەقەمەنی نەتەقیو.
ئاگربەستی غەززە لە 19-01-2025 دەستیپێکرد و بڕیارە قۆناخی یەکەمی 42 رۆژ بخایەنێت.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، "تەنها هەڵمەتەکانى ڕووخاندن و لابردنی داروپەردوو لە غەززە بۆ ماوەی 5 ساڵ بەردەوام دەبێت"، ئاماژەی بەوەشکرد "ئێمە دیدگایەکمان هەبوو بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی غەززە لە ماوەی 5 ساڵدا، بەڵام ئەمە مەحاڵە".
نوێنەرى تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا، زیادی کرد: یارمەتییەکان دەچنە ناو غەززە، وەک ئەوەی پلانی بۆ دانراوە.
ناوبراو جەختى لەسەر ئەوەکردەوە، بۆیە چوومە غەززە - بۆ ئەوەی بزانم ڕێککەوتنەکە چۆن جێبەجێ دەکرێت، چونکە ئەمە زۆر گرنگە.
ویتکۆف ئاشکرای کرد کە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ باسی بیرۆکەی ئاوارەکردنی فەلەستینییەکانی لە غەززە نەکردووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، بەو شتانەی کە لە سەردانەکەیدا بینیویەتی، غەززە "ناتوانرێت کەسى تێدا نیشتەجێ بێت".