ئەمەریکا: نامانەوێت حـ.ـەماس جارێکی دیکە حوکمڕانی غەززە بکات
21 كاتژمێر لەمەوپێش
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند پێویستە ئەمەریکا و میسر پێکەوە کاربکەن بۆ دڵنیابوون لەوەی کە حەماس جارێکی دیکە نەتوانێت حوکمڕانی غەززە یان هەڕەشە لە ئیسرائیل بکات.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە پەیوەندییە جیاجیاکاندا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی قەتەر و میسر دوایین پێشهاتەکانی غەززە و پرسەکانی ئاسایشی ناوچەکەی تاوتوێ کرد.
مارکۆ ڕوبیۆ لە وتووێژەکەیدا لەگەڵ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، هەوڵەکانی نێوەندگیری وڵاتەکەی بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی حەماس لە غەززە و هەروەها هاوکاری ئەمنییەکانی نێوان دۆحە و واشنتنی بە بەرز نرخاند.
ڕوبیۆ جەختی لەسەر پێویستی لێپرسینەوە لە بزووتنەوەی حەماس و ئازادکردنی هەموو بارمتەکان کردەوە، هەروەها ڕۆڵی قەتەری بەرز نرخاند لە ئاسانکاری بۆ ئازادکردنی دوو هاووڵاتی ئەمەریکایی کە لە ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە دەستبەسەرکرابوون.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەروەها بە گرنگی زانی کە هاوکاری لەگەڵ قەتەر بکات بۆ بەهێزکردنی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە و پلاندانان بۆ داهاتووی غەززە لە دوای جەنگ.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ بەدر عەبدولعاتی وەزیری دەرەوەی میسر، سوپاسی ئەو وڵاتەی کرد بۆ ڕۆڵی نێوەندگیری لە ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان و ناردنی هاوکاری مرۆیی بۆ غەززە.
مارکۆ ڕوبیۆ جارێکی دیکە جەختی لەسەر پێویستی هاوکاری نزیک بۆ پلاندانانی دوای جەنگ کردەوە و ئاماژەی بەوەشکرد "دەبێت دڵنیابین لەوەی حەماس جارێکی دیکە ناتوانێت حوکمڕانی غەززە بکات یان هەڕەشە لە ئیسرائیل بکات".
ئەم بانگەوازانە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا بە هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانانی ناوچەکە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێک دەدات بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی غەززە و دەستەبەرکردنی ئاسایشی درێژخایەن لە ناوچەکەدا.