ترەمپ: لەڕووداوەکەى واشنتن هیچ سەرنشینێک ڕزگارى نەبووە
8 كاتژمێر لەمەوپێش
ــ تا ئێستا تەرمی ٢٨ دەرهێنراون، ئێمە یەک خێزانین بەڕاستى لە ماتەمینیداین
ــ دواى دەڕۆژ لە دەستبەکاربوونى ئەمە یەکەم ڕووداوی گەورەیە ڕووبدات
ــ ترەمپ پرسیاری کرد بۆچی "نەچووە سەرەوە یان خوارەوە، یان نەگەڕاوە؟
سەرۆکی ئەمەریکا، دۆناڵد ترامپ و بەرپرسانی فیدراڵی و ناوخۆیی لە واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا رۆژی پێنجشەممە، 30ی مانگی یەک ڕایانگەیاند هیچ کام لە سەرنشینانی ئەو فڕۆکەیەی ئێوارەی چوارشەممە لەگەڵ هێلیکۆپتەرێکی سەربازی لەیەکیاندا، ڕزگاریان نەبووە، تائیستاش ٢٨ تەرم دۆزراونەتەوە.
ترامپ رەخنەی توندی لە بەشی کونتڕۆڵکردنی فڕۆکەخانە و کرداری فڕۆکەوانی کۆپتەرەکە گرت، وتی "نازانین چی بووەتە هۆی ئەم کەوتنەخوارەوەیە، بەڵام کۆمەڵێک بۆچوون و بیرۆکەی زۆر بەهێزمان هەیە و کار بۆ ئەوە دەکەین هۆکارەکەی ئاشکرا بکەین."
فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی ئەمەریکەن ئەیرڵاینز کە 60 سەرنشین و چوار کەسی تیمی فڕۆکەوانی تێدابوو، لەکاتی نیشتنەوەی لە فڕۆکەخانەی نیشتمانی ڕۆناڵد ڕیگان لە نزیک واشنتنی پایتەخت شەوی چوارشەممە لەگەڵ کۆپتەرێکی سەربازیدا لەیەکیاندا و کەوتنە ناو ئاوی ڕووباری پۆتامێکەوە.
بەرپرسانی ئەمەریکا ئاماژەیان بەوەکردووە پێدەچێت سەرجەم سەرنشینەکان گیانیان لەدەستدابێت و تا ئێستاش تەرمی ژمارەیەک لە سەرنشینەکانیان لە ڕووباری پۆتامێک دەرهێناوە.
بە وتەی بەرپرسان بارودۆخی کەشوهەوا لەبار بووە و تا ئێستا هۆکاری ڕووداوەکە دیاری نەکراوە. لە کۆپتەرەکەدا سێ سەرباز بوون کە گەشتێکی مەشق و ڕاهێنانیان ئەنجامداوە.
ڕێکخراوی سکەیتینگی نمایشی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە چەند ئەندامێکیان کە بریتین لە وەرزشوانان و ڕاهێنەر و ئەندامانی خێزانەکەیان لەنێو سەرنشینانی فڕۆکەکەدا بوون و دەڵێن "بەهۆی ئەم کارەساتەوە وێران بووین و دڵمان لای خێزانی قوربانییەکانە."
لە لایەکی دیکەوە کرێملین و میدیاکانی ڕووسیا ڕایانگەیاند کە ژمارەیەک لە یاریزانانی سکەیتی ڕووسیا کە لە نێویاندا دوو پاڵەوانی جیهانی لە فڕۆکەکەدا بوون.
دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی "بەداخەوە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و هاوڕێیانیان دەکەین."
پۆلیسی واشنتن و دەوروبەری لە سۆشیال میدیادا ڕایگەیاندووە هێزەکانیان ئێوارەی چوارشەممە دەستیان بە لێکۆڵینەوە و ئۆپەراسیۆنی گەڕان و پشکنینەکانیان کردووە. بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس چەند دەزگایەک بەشدارن لە ئۆپەراسیۆنی گەڕان و فریاگوزاریدا.
نزیکەی 300 کارمەندی فریاگوزاری لە ڕووباری پۆتامێک و ناوچەکانی دەوروبەری دەگەڕێن.قووڵایی ڕووباری پۆتامێک لە شوێنی ڕووداوەکە نزیکەی دوو مەتر و نیوە.
جان دانێڵی، بەڕێوەبەری دەزگای ئاگرکوژێنەوە و فریاکەوتنی واشنتن بە ئاماژەدان بە کەشوهەوای سارد و بای بەهێز ڕایگەیاند بارودۆخەکە زۆر سەختە بۆ کارمەندانی فریاگوزاری.
ئیدارەی فڕۆکەوانی فیدراڵی ڕایگەیاندووە فڕۆکە نەفەرهەڵگرەکە سەر بە هێڵی ئاسمانی ئەمەریکەن ئەیرڵاینزە و لە ڕێگەی کانساسەوە بەرەو واشنتن هاتووە.
پێشتریش دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی 'ترۆث سوشاڵ' نووسیبووی "چ شەوێکی ترسناکە! گڵۆپی فڕۆکەکە دەدرەوشێتەوە، بۆچی هێلیکۆپتەرەکە بەرەو سەرەوە یان خوارەوە نەجووڵایەوە یان نەگەڕاوەتەوە؟ بۆچی تاوەری کۆنتڕۆڵ بە هەلیکۆپتەرەکەی نەگوتووە چی بکات لەبری ئەوەی بپرسێت ئایا فڕۆکەکەی بینیوە یا نا؟ ئەمە دۆخێکی خراپە کە دەبوو بەری پێبگیرێت، ئەمە باش نییە!."
هەروەها پیت هەگسێت وەزیری بەرگری ئەمەریکا دۆخەکەی بە "بەتەواوی کارەساتبار" ناوبرد.
لە کاردانەوەیەکی دیکەدا، مایک جانسۆن، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ڕایگەیاند زۆر بەداخەوە بۆ کارەساتی ترسناکی پێکدادانی ئەو فڕۆکە و هەلیکۆپتەرەکە.