ترەمپ بانگهێشتکرا بۆ یادى٨٠ ساڵەى کارەساتى هیرۆشیما
دوێنێ
سەرۆک شارەوانیەکانی هیرۆشیما و ناگازاکی ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایانگەیاند، بانگهێشتی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکایان کردووە بۆ ئەوەی ئەمساڵ سەردانیان بکات و بە بۆنەی یادى 80 ساڵەی تەقینەوە ئەتۆمییەکانی ئەو دوو شارەی ژاپۆن.
لە 6ی ئابی 1945، فڕۆکەیەکی ئەمریکی بۆمبێکی ئەتۆمی بۆ سەر شاری هیرۆشیما خستە خوارەوە و لەماوەی چەند چرکەیەکدا سەتان هەزار کەسی کردە قوربانی، بەوهۆیەوە نزیکەی ٢١٤ هەزار کەسی کوشت.
دوای سێ رۆژ ئەمریکا بۆمبێکی دیکەی لە ناگازاکی فڕێدایە خوارەوە، لەوێش 70 هەزار کەسی کوشت و ژاپۆن ناچاربوو خۆی بەدەستەوەبدات.
لە نامەیەکی هاوبەشدا بۆ سەرۆکی ئەمریکا، سەرۆک شارەوانییەکان ترەمپیان بانگهێشتیان کردووە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی شەخسیی گوێ لە شایەتحاڵی هیباکوشا (رزگاربووانی بۆمب بە زمانی ژاپۆنی) ببیستێت، بۆ گوێگرتن لە ئارەزووی پڕ لە سۆزیان بۆ ئاشتی، بۆ گەیشتن بە ئاشتی و بۆ قووڵکردنەوەی تێگەیشتنتان لە نامرۆڤایەتی چەکی ئەتۆمی.
لە نامەکەدا هاتووە: هیوادارین بیرۆکەی وابەستەیی ئەتۆمی دەستبەردار بن و دەستپێشخەریی بەهێز بەرەو هەڵوەشاندنەوەی چەکی ئەتۆمی و دامەزراندنی ئاشتی جیهانی بەردەوام بن.
لە ساڵی ٢٠١٠ جۆن ڕۆس باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە ژاپۆن بووە یەکەم نوێنەری ئەمریکا کە بەشداری لە ئاهەنگی ساڵانەی یادکردنەوەی بۆردومانی ئەتۆمی هیرۆشیما کرد پێش ئەوەی دوو ساڵ دواتر بەشداری لە یادى ناکازاکی بکات.
لێدانی شاری هیرۆشیما و دواتر شاری ناکازاکی بە بۆمبی ئەتۆمی لە سەردەمی شەڕی جیهانی دووەمدا لەلایەن ئەمریکاوە، بە یەکێک لە رووداوە گرنگە مێژووییەکان دادەنرێت کە ساڵانە لە ژاپۆن یاد دەکرێتەوە.
باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، یەکەمین سەرۆکی ئەمریکا بوو کە لەماوەی پۆستەکەیدا ساڵى ٢٠١٦ سەردانی شاری هیرۆشیما بکات.