هەوراز حوسێن وارشۆ، هاوڵاتی دوای هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکی رووسیا بۆ جاری پێنجەم لە مێژوودا، ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا سەردانی چین دەکات. چین دەڵێت "هیچ سنوورێک" لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ رووسیا نییە. رۆژی سێشەممە 14-5-2024، وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاندووە، ڤلادمیر پووتین سەردانی پەکین دەکات و لەگەڵ شی ژینگ پینگ، سەرۆکی چین گفتووگۆ لەبارەی پەیوەندییە دوولایەنەکانیان و کێشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دەکەن. کۆشکی کرێملن هەمان رۆژ سەردانەکەی پشتڕاستکردەوە و باسی لەوەکرد، پووتین لەسەر بانگهێشتی فەرمی شی دەچێتە چین. ئەمەش یەکەم سەردانی وڵاتێکی بێگانەیە بۆ پووتین لە دوای بوونی بە سەرۆکی رووسیا بۆ جاری پێنجەم. لە سەرەتای دەستپێکی جەنگی ئۆکرایناوە تاوەکو ئێستا، چین سەرکۆنەی هێرشی رووسیای بۆ سەر کیێڤ نەکردووە؛ ئەمە لەلای رۆژئاوا بە پاڵپشتیی ناڕاستەوخۆی هێرشەکە لێکدەدرێتەوە. لە سەرەتای جەنگەکەوە چین هەناردەی کەرەستە و بابەتی تەکنەلۆجی و ئەلیترۆنی بۆ رووسیا زیادکردووە و وڵاتانی رۆژئاوا دەڵێن، ئەو هەناردانە هاوکاری سوپای رووسیان لە هێرشەکەیان بۆ سەر ئۆکراینا. لەلایەکی دیکەشەوە چین دابینکارێکی سەرەکی وزەی رووسیایە، ئەمەش وادەکات رووسیا لە دۆخی جەنگیشدا دووچاری کەمی لە وزەدا نەبێت. چین لە سەرەتای دەستپێکی جەنگەکەوە بەردەوام ئەوەی دووپاتکردووەتەوە کە هاوبەشی و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ رووسیادا "بێ سنوورە" و بە توندی سەرکۆنەی سزا ئابووری دیپلۆماسییەکانی وڵاتانی رۆئاوای بۆ سەر مۆسکۆ کردووە. هەروەها لەماوەی ئەو دوو ساڵەدا چەندین جار مانۆڕی سەربازیی هاوبەشیان کردووە و هەردوولا هەوڵ بۆ سەپاندنی هەژموونی هاوبەش بەسەر ئەفریقا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریکای باشوور دەدەن. سەردانەکەی پووتین لەکاتێکدایە، هەفتەی رابردوو شی ژینگ پینگ سەردانێکی پێنج رۆژەی بۆ ئەوروپا کرد، کە دووان لە وڵاتەکان سڕبیا و هەنگاریا بوون کە بە نزیک لە مۆسکۆ سەیردەکرێن.
هاوڵاتی ئەمساڵ بەڵگە فیلمی کۆرۆوای-ی تۆڕی میدیایی رووداو لەنێو زیاتر لە 13 هەزار بەشداربوو بووە براوەی خەڵاتی وێبی، بەڵگە فیلمەکە سەر بە بەشی گەشت و شێوەی ژیانە (Travel and Lifestyle) لەنێو هەزاران بەڵگە فیلمێکی ئەمەریکی، نیوزیلاندی و جۆرجیایی بووە براوەی خەڵاتەکە. سی ئێن ئێن و بلوومبێرگ دوو میدیای نێوداری ئەمریکی و جیهانی لەگەڵ رووداو لە رکابەریی بەدەستهێنانی وێبی بوون، رووداو بە دەنگی خەڵک لەو دوو میدیایەی بردەوە. بەڵگە فیلمی کۆرۆوای لە دارستانەکانی پاپوای رۆژئاوا لە ئیندۆنیزیا تۆمارکراوە و لەسەر خێڵێکی نێو دارستانەکەیە کە تاوەکو ساڵی حەفتاکانی سەدە رابردوو، نە کەس دەیزانی ئەو خێڵە هەن و نە ئەندامانی خێڵەکەش دەیانزانی جیهانێک لە دەرەوەی دارستانەکەیاندا هەیە. رۆژ عەلی زاڵە کە دەرهێنەری بەڵگە فیلمەکەیە رایگەیاند "سەرۆکی رێکخراوی خەڵاتی وێبی پێیوتم، ئەم ساڵ 13 هەزار ئەکتەر و فیلم و بەڵگە فیلم لە 70 وڵاتی جیهانەوە، هەوڵیان بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە دا، کە رووداو بردییەوە. دەیان هەزارانی دیکە بە هیوای ئەوەبوون لە وێبی کارەکانیان هەر تەنیا ناویان بهێنرێت". خەڵاتی وێبی ساڵی 1996 دامەزراوە و ساڵانە لەلایەن ئەکادیمیای نێودەوڵەتی هونەر و زانستە دیجیتاڵییەکان (IADAS) پێشکەش دەکرێت، ئەمساڵ یادی 28 ساڵەی خەڵاتەکەیە، خەڵاتەکان تایبەتن بە داهێنان و لێهاتوویی تەکنیکی لەسەر پلاتفۆڕمە جیاوازەکان لە تۆڕی ئینتەرنێتدا، بەشێوەیەک بە ئۆسکاری ئینتەرنێت ناوی دەهێندرێت.
هاوڵاتی سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان "یونیسێف" رایدەگەیەنێت لە سەرەتای جەنگی رووسیا - ئۆکرانیا نزیکەی دوو هەزار منداڵ کوژراون و برینداربوون. ئەمڕۆ دووشەممە 13ی ئایاری 2024، سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان "یونیسێف" رایگەیاند، "لە سەرەتای جەنگی رووسیا - ئۆکرانیا لانیکەم هەزار و 993 منداڵ لە ئۆکرانیا کوژراون و برینداربوون". لە رۆژی 24ی شوباتی 2022، رووسیا هێرشی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکرد و لەو کاتەوە جەگی نێوان ئەم دوو وڵاتە دەستیپێکردووە، بەپێی ئامارەکانی یونیسێف لەگەڵ دەستپێکی جەنگی نێوان رووسیا - ئۆکرانیا، هەموو رۆژێک دوو منداڵ لە ئۆکرانیا دەکوژرێن یان برینداردەبن. رێجینا دی دۆمینیسێس، بەرپرسی یونیسێف بۆ کاروباری ئەوروپا و ئاسیای ناوەند و رێکەخەری تایبەت بۆ وەڵامدانەوە بە پەنابەر و کۆچبەرەکان، لە راگەیاندنێکدا وتی "ئەم ئامارە لەو زانیاریانەوە وەرگیراوە کە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پشتڕاستکراونەتەوە، ژمارەی مناڵانی قوربانی لە جەنگی ئۆکرانیادا رەنگە زۆر زیاتر لەمە بێت کە بڵاودەکرێتەوە". بە وتەی دۆمینیسێس، جگە لەوەی منداڵان کوژراون و برینداربوون، بەشێکی زۆر لە منداڵانی ئۆکرانیا کەسە نزیکەکانی خۆیان لە دەستداوە و بە شێوەی جیاواز رووبەڕووی تووندوتیژی بوونەتەوە و ئەمە کاریگەری خراپی دەروونی هەیە لە سەریان.
هاوڵاتی پیاوێکی تەمەن 62 ساڵ چەند مانگێک دوای ئەوەی کە بووە یەکەم کەس لە جیهاندا کە نەشتەرگەری گواستنەوەی گورچیلەی بەرازی بۆ بکرێت گیانی لەدەستدا و نەخۆشخانەکەش دەڵێن جارێ نازانرێت بەهۆی نەشتەرگەرییەکەوە مردبێت یان نا. یک سلەیمان، لە مانگى سێ-ى ئەمساڵ دواى ئەوەى توشى وەستانى گورچیلەکانى ببو، بڕیارى چاندنەوەىە گورچیلەى بۆ دراو و دواى چوار نەشتەرگەریی بە سەرکەوتویی لە نەخۆشخانەی ماساچوسێتس جەنەڕاڵ لە ولایەتی ماساچوسێتس گورچیلەى بەرازێکى بۆ دانرا. سلەیمان بۆ ماوەى مانگێک و دواى نەشتەرگەرییەکەى لە نەخۆشخانە ماوەتەوە و مانگى رابردو نێردراوەتەوە ماڵەوە، دواى نەشتەرگەریی پێی راگەیەنراوە کە ئەم گورچیلەیەی کە گورچیلەى بەرازە ماوەى ساڵێک دەمێنێتەوە، بەڵام بەپێی وتەى پزیشکەکان "زۆر شتى نەزانراو هەیە کە لە دانانى ئەندامى ئاژەڵ بۆ مرۆڤ دروست دەبن". ئەو هاوڵاتییە ئەمەریکییە سلێمان بۆ ماوەی 11 ساڵ نەخۆش بووە و پێشتر لە ساڵی 2018 گورچیلەیەکی لە مرۆڤێکی بەخشەر وەرگرتووە و دوای چاندنی گورجیلە نوێکەی بۆ ماوەی چەندین ساڵ بە نەخۆشی شەکرە و بەرزی پەستانی خوێنەوە ژیاوە و گورچیلەکە دوای پێنج ساڵ دەستی کرد بە نیشانەکانی شکست هێنان ولە ساڵی 2024 بووە یەکەم مرۆڤ کە گورچیلەی ئاژەڵی بۆ دابنرێت. بەپێی ئامارێکى تۆڕی دابینکردن و چاندنی ئەندامەکانی جەستە لە ئەمەریکا زیاتر لە 100 هەزار کەس چاوەڕێی بەخشینى ئەندامە جیاوازەکانى لەش-ن و ئەو پێویستییەى هەیە زۆر زیاترە لەو ئەندامانەى کە دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ نەخۆشەکان. دانانى ئەندامى جەستەى ئاژەڵ بۆ مرۆڤ کە بە وتەى پسپۆڕانى تەندروستى ئەمەریکا یارمەتیی کێشەى کەمى ئەندامانى جەستە دەکات تا ئێستا سێ جار لە ئەمەریکا ئەنجام دراوە، دوانیان بۆ دوو نەخۆش بوە و دڵیان بۆ چێنراوە، هەردوکیان دواى چەند هەفتەیەک لە نەشتەرگەرییەکە کۆچى دواییان کردوە و دواینیشیان ریک سلەیمانە کە تەنها چەند مانگێک بە گورچیلەى بەرازێکەوە ژیا.
هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕۆژی یەکشەممە داکۆکی لەو بڕیارەی ئەمەریکا کرد کەتیایدا ناردنی 3,500 بۆمبی بۆ ئیسرائیل ڕاگرتووەو وتی ئیسڕائیل " پلانێکی بەجێی " نیە بۆ پاراستنی نزیکەی 1.4 ملیۆن هاووڵاتی مەدەنی کە ڕەفەحییان وەکو پەناگەیەک بەکارهێناوە. بلینکن لە پڕۆگرامی This Week ی کەناڵی ئەی بی سیدا ڕایگەیاند، "ئەو پلانەی ئیسرائیل لە رەفەح بیری لێدەکاتەوە زیانێکی گەورە بە هاوڵاتیانی مەدەنی دەگەیەنێت بەبێ ئەوەی کێشەکە چارەسەر بکات." گوتیشى، "هێرشی ئیسرائیل لە رەفەح دەتوانێت پشێویی بەدوای خۆیدا بهێنێت." بلینکن باسی لەوەشکرد کە بایدن ڕوونی کردووەتەوە بۆ ئیسڕائیل کە ئەگەر " ئەم ئۆپەراسیۆنە گەورە سەربازییە لە ڕەفەح ئەنجام بدات ئەوا هەندێک سیستمی سەربازیی هەن کە ئێمە پشتگیرییان لێناکەین لەم ئۆپەراسیۆنەدا بۆ ئیسڕائیلی دابین بکەین." ئاماژەی بەوەشدا کە " زۆر نیگەرانین سەبارەت بە چۆنێتی بەکارهێنانی ئەو سیستمانە. ئیسڕائیل پێویستی بەوەیە پلانێکی بەجێ و ڕوونی هەبێت بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل، ئەو پلانەشمان نەبینیوە." وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەوەشى روونکردەوە، ژمارەی کوژراوانی مەدەنی لە کەرتی غەززە زیاترە لە ژمارەی کوژراوانی بزووتنەوەی حەماس لە ئێستادا نزیکەی 1.4 ملیۆن هاووڵاتی سڤیل لە ڕەفەحن، زۆربەیان ئاوارەن و لە شوێنەکانی دیکەی غەززەوە بە مەبەستی پارێزراوییان هەڵاتوون بۆ ڕەفەح، لە نێوەندی کەمی خۆراک و ئاودا دەژین.
هاوڵاتی هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا "سێنتکۆم" خستنەخوارەی سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسییەکان لە دەریای سوور راگەیاند. ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ی ئایاری 2024، هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا "سێنتکۆم" لە بەیاننامەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، "هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا سەرکەوتووبوون لە تێکشانی ئەو سێ فڕۆکەیەی کە حوسییەکان لە ئاسمانی دەریای سوورەوە و لە ژێر ناوچەی دەسەڵاتی خۆیان لە یەمەن هەڵیان دابوو". ئاماژە بەوەشکراوە، "تێکشکاندنی ئەو سێ فڕۆکەیە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و هیچ زیانێکیش بەر کەشتییە ئەمەریکییەکان و هاوپەیمانان نەکەوتووە". سێنتکۆم روونیشیکردووەتەوە، "ئەو فڕۆکانە مەترسییەکی گەورەبوون بۆ هەردوو هێزەکانی هاوپەیمانان و کەشتییە بازرگانییەکان لە ناوچەکەدا، ئێمەش ئەم رێگەیەمان لەپێناو پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان و پاراستنی ئازادی کەشتیوانییە".
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ سەرۆکی پارتی کاری ئۆپۆزسیۆنی بەریتانیا دەڵێت ئەو هەنگاوانەی حکومەت بۆ رێگریکردنن لە هاتنی کۆچبەر گرتوویەتییە بەر بەفیڕۆدانی پارەیە و ئەوان پلانیان هەیە بە هێزی دژەتیرۆر باندەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لەناوبەرن. رۆژی هەینی 10-5-2024، کیەر ستامەر، سەرۆکی پارتی کاری بەریتانیا لە گوتارێکدا لە کەناری باشووری بەریتانیا رایگەیاند، "ئەمە پەیامی منە بۆ قاچاخچییەکان، کەناراوەکان دەبنە ناوچەیەکی توندوتیژ بۆتان. دەتاندۆزینەوە، راتاندەگرین و قوربانییەکانی دەستتان دەپارێزین". ئەو سەرکردە ئۆپۆزسیۆنەی بەریتانیا دەشڵێت، ئەو کارانەی حکومەت دەیکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کۆچبەر لە بەریتانیا بێ سوودە، بەڵام ئەگەر ئەوان حکومەت بگرنە دەست بە هێزی دژە تیرۆر و هاوکاریی هاوپەیمانە ئەوروپییەکانیان ئەو باندانە دەکەنە ئامانج کە کۆچبەر بۆ بەریتانیا دەبەن. لە پێشتردا پارتی پارێزگاران ئۆپۆزسیۆنی بەوە تۆمەتبارکردبوو کە هیچ پلانێکیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی چوونی کۆچبەر بۆ بەریتانیا نییە. ئەم گوتار و رووبەڕووبوونەوانەی پارتی دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆن لەکاتێکدایە بڕیارە کانوونی دووەمی 2025 هەڵبژردنی پەرلەمانیی بەریتانیا بەڕێوەبچێت و لە ئێستاوە کامپەینی ناڕاستەوخۆ لەلایەن هەردوولاوە دەستیپێکردووە. ستامەر دەڵێت، پلانی ناردنی پەناخوازان بۆ رواندا لەلایەن حکومەتەوە تەنیا 1٪ چوونی کۆچبەر بە نۆکەندی ئینگلیزدا بۆ بەریتانیا کەمدەکاتەوە. لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 8 هەزار کۆچبەری نایاسایی گەیشتوونەتە بەریتانیا، ئەمە دوای تەواوی رێکارەکانی حکومەتی تۆرییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کۆچبەران. لە 2023دا 29 هەزار و 437 کەس بە نۆکەندی ئینگلیزدا پەڕیونەتەوە بەریتانیا، ژمارەکە بۆ 2022، 45 هەزار و 755 پەناخواز بووە کە ریکۆردی بەرزترینی شکاند لە 2018ـەوە کە دەستکرا بە تۆمارکردنی چوونی کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیزەوە بۆ بەریتانیا.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ کێشەی کەمی لەدایکبوونی منداڵ دەمێکە یەخەی ئیتاڵیای گرتووە و چەندین ساڵە کەمترین رێژەی زیادبوونی دانیشتووانەکەی لە یەکێتی ئەوروپا هەبووە، بەڵام کێشەکە تا بێت زەقتر دەبێت. بە گوێرەی ئاماری نوێی حکومەتی ئیتاڵیا، جارێکی دیکە رێژەی لەدایکبوون لە ئیتاڵیا لە 2023 بەراورد بە 2022 کەمیکردووە. لە 2022 رێژەی لەدایکبوونی منداڵ بەرامبەر ژنانی پێگەیشتوو 1.24 بووە، واتە هەر ژنێک 1.24 منداڵی بووە، بەڵام لە 2023 رێژەکە ئەوەندەی دیکە هاتووەتە خوارەوە و بووە بە 1.2. لە 2022دا تەنیا 379 هەزار منداڵی ئیتاڵی لەدایکبوون، ئەمەش نوێترین ریکۆردی کەمترین رێژەی لەدایکبوونە لە ئیتاڵیا کە 15 ساڵە بەرەو کەمبوونەوە دەچێت. شارەزایانی بواری گەشەسەندنی دانیشتووان ئەمە وەک مەترسییەکی زۆر گەورە بۆ گۆڕانی دیمۆگرافیای ئیتاڵیا دادەنێن و دەڵێن کار وا بڕوات تاوەکو 2030، ئەو 59 ملیۆن دانیشتووانەی ئەمڕۆی ئیتاڵیا بۆ 1 ملیۆن کەمدەبنەوە. لە ئێستاوە زیادبوونی رێژەی بەساڵاچوو کاریگەرییەکانی بەسەر ئیتاڵیاوە دەرکەوتووە، بەتایبەت لەسەر هەریەک لە سێکتەرەکانی تەندروستی و خانەنشینی. تەمەنی 24٪ی دانیشتووانی ئیتاڵیا لە سەروو 63.5٪ ساڵەوەیە، 63٪ لە نێوان 15 بۆ 64 ساڵ و 12.4٪یش لە خوار 15 ساڵییەوەن. ئامارێکی دیکەش دەڵێت ئێستا ئیتاڵیا 4.5 ملیۆن هاوڵاتی سەروو تەمەن 80 ساڵی هەیە لەکاتێکدا تەنیا 4.4 ملیۆن منداڵی خوار تەمەن 10 ساڵ هەن. پۆپ فرانسیس، لە دواین گوتاریدا بۆ ئیتاڵییەکان داوایان لێدەکات منداڵیان ببێت، "تاوەکو هیوا بە داهاتووی وڵاتەکە لەناونەچێت". فرانسیس دەڵێت بەردەوامدەبێت لە بانگەوازەکەی بۆ پاراستنی دیمۆگرافیای ئیتاڵیا و چاوەڕێدەکات تا 2025 ئەنجامی کامپەینەکەی ببینێت. حکومەتەکەی جۆرجیا میڵۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا هەر لە دەستبەکاربوونییەوە بە جیددی کاری لەسەر ئەم کێشەیە کردووە و ئامانجیانە ژمارەی لەدایکبوونی منداڵی ئیتاڵی ساڵانە بۆ سەروو 500 هەزار بەرزبکەنەوە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ئەمڕۆ کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان دەنگیان لەسەر پرۆژەیاسای پێدانی "ماف و بەرژەوەندیی" زیاتر بە فەڵەستیندا و پشتیوانی خۆیان بۆ رێگەدان بە بەئەندامبوونی فەڵەستین لە رێکخراوەکە نیشاندا. رۆژی هەینی 10-5-2024، کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر بوون بە ئەندامی 194ـەمی فەڵەستین و پەسەندکردنی پرۆژەیاسایەک بۆ پێدانی بەرژەوەندی و مافی زیاتر بە فەڵەستین دەنگیدا. لە کۆی 193 ئەندامی رێکخراوەکە، 143یان دەنگیان لە بەرژەوەندی پرۆژەیاساکەدا. ئەمە لەکاتێکدایە 18ی مانگی نیسانی ئەمساڵ ئەمریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایش هەمان پرۆژەیاسای ڤیتۆ کردبوو. رۆبێرت ود، جێگری باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، ئیدارەی بایدن بە تەواوی دژی پرۆژەیاساکەیە؛ دەشڵێت، ئەمریکا لەسەر ئەم بابەتە زۆر روون بووە لە سەرەتاوە کە دەبێت بە ئەندامبوونی تەواوەتی فەڵەستین بە دانوستاندن لەگەڵ ئیسرائیل دەستپێبکات. دەشڵێت، هەموو دەزانن بە ئەندامبوونی تەواوەتی لە نەتەوەیەکگرتووەکان کۆهەنگاوێکی سەرەتایی پێویستە، بەڵام وادیارە "وڵاتە عەرەبییەکان و فەڵەستینییەکان هەوڵدەدەن باز بەسەر ئەو کۆهەنگاوەدا بنێن". لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکاندا تەواوی 193 ئەندامی رێکخراوەکە مافی دەنگدانیان هەیە و هیچ کەس مافی ڤیتۆی نییە، بۆیە ئەم جارە ئەمریکا و ئیسرائیل ناتوانن رێگربن. پێشبینی دەکرێت پرۆژەیاساکە زۆرینەی دەنگ بەدەستبێنێت. بە گوێرەی دەستووری نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەگەر پرۆژەیاسایەک دوو لەسەر سێی دەنگەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بەدەستبێنێت، ئیدی ئەنجوومەنی ئاسایش ناتوانێت رەتی بکاتەوە. فەڵەستین لە 2012ـەوە وەک چاودێر چووە نەتەوەیەکگرتووەکان و هەوڵەکان بۆ بوون بە ئەندامی فەرمی لەو کاتەوە دەستیان پێکردووە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ رووسیا هێرشی زەمینی بۆ سەر ئۆکراینا لە نزیک شاری خارکیڤ دەستپێکردەوە و ئۆکراینا دەڵێت ژمارەیەک هێڵی بەرگریان تێپەڕاندووین. ئۆکراینا هێزی پشتیوانیی بۆ ئەو ناوچەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان ناردووە. ئەمڕۆ هەینی 10-5-2024، سوپای رووسیا لە نزیک شاری خارکیڤ لە باکووری رۆژهەڵاتی ئۆکراینا هێرشی زەمینی بە بەکارهێنانی تۆپ و دەبابە کردە سەر هێڵەکانی بەرگریی ئۆکراینا. ڤۆلۆدێمیر زیلنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، رووسیا هێرشی پێچەوانەی لەو ئاڕاستەیەوە دەستپێکردووە و ئێستا شەڕێکی زۆر سەخت لەو ناوچەیە دەگوزەرێت. ئۆکراینا لە پێشتردا هۆشداری دابوو کە رووسیا لەو ناوچەیە دەستی بە کۆکردنەوەی هێزی زیاتر کردووە، بەڵام وەک خۆیان دەڵێن دڵنیا نەبوون کە ئایا رووسیا هێرشەکە دەکات یاخود نا. زیلنسکی ئاماژەی بەوەشکرد، پێشبینی دەکەن رووسیا ئەم بەهارە یان هاوین هێرشێکی فراوان بکات؛ دەشڵێت، بۆ هێرشەکەی ئەمجارە سوپاکەیان ئامادەبووە، بەڵام لەوانەیە رووسیا سەربازی زیاتر بۆ ئەو ناوچەیە بنێرێت و کێشەیان بۆ دروستبکات. زیلنسکی دەڵێت، بە نزیکەیی کاژێر 5:00ی سەرلەبەیانی رووسیا هەوڵێکی بۆ تێکشکاندنی یەکێک لە هێڵەکانی بەرگریمان دا، بەڵام وەڵامی درایەوە. تاوەکو ئێستاش بە گوتەی زیلنسکی شەڕ بە چڕی جۆراوجۆر بەردەوامی هەیە. رووسیا لە شوباتی 2022ـەوە هێرشی بۆ ئۆکراینا کردووە و تاوەکو ئێستا بە کریمیاوە 18٪ی خاکی ئەو وڵاتەی داگیرکردووە و دەشڵێت ئامانجم هەرێمی دۆنباسە لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە. هێرشەکانی ئەمڕۆی رووسیا بۆ سەر خارکیڤی ئۆکراینا لە سەرووبەندی ناردنی هاریکاریی سەربازی زیاتر لە لەلایەن رۆژئاواوە بۆ ئۆکراینا بوو.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ناتانیاهو وەڵامی قسەکانی جۆ بایدنی دایەوە کە باس لە راگرتنی ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل دەکات؛ دەڵێت، ئەگەر پێویستکات بە نینۆک شەڕدەکەین. رۆژی پێنجشەممە 10-5-2024، لە سەرووبەندی یادی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل کورتە ڤیدیۆیەکی بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڵاوکرایەوە کە تێیدا پەیامێک ئاڕاستەی سەرۆکی ئەمریکا دەکات. ناتانیاهو دەڵێت، "بۆ لەناوبردنی دوژمنەکانمان کە دەیانەوێت بمانکوژن، ئەگەر پێویستکا بە تەنیا شەڕکەین، بە تەنیا شەڕدەکەین. پێشتریش گوتوومە، ئەگەر پێویستکا بە نینۆک شەڕدەکەین". رۆژی چوارشەممە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی گوتی، ئیسرائیل بچێتە ناو رەفەح ناردنی چەک بۆ تەلئەڤیڤ رادەگرێت. ئەوەش لەبەرئەوەی مەترسی کارەساتی مرۆیی لێدەکەوێتەوە. بەڵام وادیارە ئیسرائیل سوورە لەسەر هێرشکردنە سەر رەفەح کە وەک خۆی دەڵێت بۆ لەناوبردنی یەکجاریی حەماسە. دانیاڵ هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بە هەمان شێوە لە وەڵامی قسەکانی بایدن دەڵێت، "سوپا چەکی پێویستی بۆ ئەو ئەرکانە هەیە کە پلانی بۆ دادەنێت، بۆ ئەرکی رەفەحیش بەشی پێویستی هەیە، ئەوەی پێویستمانە لەبەردەستمانە". ئیتەمار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی ئیسرائیل لە دوای قسەکانی بایدن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لە پۆستێکدا ناوی حەماس و بایدنی بەیەکەوە نووسیوە و دڵێکی لە نێوانیان داناوە، ئەوەش وەک تەنزێک کە گوایە بایدن پشتیوانی لە حەماس دەکات. 1 ملیۆن و 300 هەزار کەس لە رەفەح ئاوارەبوون کە زیاتر لە نیوەی تەواوی دانیشتوانی کەرتی غەززەن، ئیسرائیلیش بەردەوام هەڕەشەی ئەوە دەکات هێرشبکاتە سەر شارەکە. رەفەح جگە لە پەناگەی مانەوەی ئاوارەکانی غەززە، دەرچەیەکی سەرەکی گەیاندنی هاریکارییە مرۆییەکانە بۆ فەڵەستینییەکان. ئێستا بەهۆی هێرشی ئیسرائیلەوە بۆ سەر شارەکە، دوو لە رێڕەوە مرۆییە سەرەکییەکان داخراون. نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، بەهۆی ئەو داخرانەوە ئێستا 2 ملیۆن و 300 هەزار کەس لە غەززە لەسەر لێواری لەبرسامردنن.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ بڕیارە ئەمڕۆ کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان دەنگ لەسەر پرۆژەیاسایەک بدات کە گوایە "ماف و بەرژەوەندی" زیاتر دەداتە فەڵەستین و رێگە بۆ پێداچوونەوە بە داواکاریی بە ئەندامبوونی دەسەڵاتی فەڵەستین لە نەتەوەیەکگرتووەکان خۆشدەکات. رۆژی هەینی 10-5-2024، کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر بوون بە ئەندامی 194ـەمی فەڵەستین و پەسەندکردنی پرۆژەیاسایەک بۆ پێدانی بەرژەوەندی و مافی زیاتر بە فەڵەستین کۆدەبێتەوە و دەنگدەدات. ئەمریکا کە مافی ڤیتۆی لە ئەنجوومەنی ئاسایش هەیە، بە تەواوەتی لە دژی ئەو هەنگاوەیە، هەربۆیە بە ئەندامبوونی فەڵەستینی لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە 18ی نیسانی ئەمساڵ ڤیتۆ کرد. رۆبێرت ود، جێگری باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، ئیدارەی بایدن بە تەواوی دژی پرۆژەیاساکەیە؛ دەشڵێت، ئەمریکا لەسەر ئەم بابەتە زۆر روون بووە لە سەرەتاوە کە دەبێت بە ئەندامبوونی تەواوەتی فەڵەستین بە دانوستاندن لەگەڵ ئیسرائیل دەستپێبکات. دەشڵێت، هەموو دەزانن بە ئەندامبوونی تەواوەتی لە نەتەوەیەکگرتووەکان کۆهەنگاوێکی سەرەتایی پێویستە، بەڵام وادیارە "وڵاتە عەرەبییەکان و فەڵەستینییەکان هەوڵدەدەن باز بەسەر ئەو کۆهەنگاوەدا بنێن". لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکاندا تەواوی 193 ئەندامی رێکخراوەکە مافی دەنگدانیان هەیە و هیچ کەس مافی ڤیتۆی نییە، بۆیە ئەم جارە ئەمریکا و ئیسرائیل ناتوانن رێگربن. پێشبینی دەکرێت پرۆژەیاساکە زۆرینەی دەنگ بەدەستبێنێت. بە گوێرەی دەستووری نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەگەر پرۆژەیاسایەک دوو لەسەر سێی دەنگەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بەدەستبێنێت، ئیدی ئەنجوومەنی ئاسایش ناتوانێت رەتی بکاتەوە. فەڵەستین لە 2012ـەوە وەک چاودێر چووە نەتەوەیەکگرتووەکان و هەوڵەکان بۆ بوون بە ئەندامی فەرمی لەو کاتەوە دەستیان پێکردووە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ وەزارەتی بەرگری پۆڵەندا رایگەیاندووە، سنوورەکەیان لەگەڵ بێلارووس بەهێزتر دەکەن، ئەوەش بۆ رێگریکردنی کۆچی نایاسایی لە بێلارووسەوە بۆ ناو پۆڵەندا و دواتریش بۆ وڵاتانی دیکەی یەکێتی ئەوروپا. رۆژی پێنجشەممە 9-5-2024، کۆشینیاک کامیژ، وەزیری بەرگریی پۆڵەندا بە میدیای وڵاتەکەی گوت، "بەربەستی سەر سنووری پۆڵەندا و بێلارووس بەهێزتر دەکەین. ئەو بودجەیەی بۆمان دابینکردووە، گەورەترینە لە مێژووی پۆڵەندادا". ئەو بەرپرسەی پۆڵەندا ئەوەشی خستەڕوو، زیادکردنی هێزی سەربازیی پۆڵەندا و هاوپەیمانانی لە نزیک سنوورەکانی بێلارووس، دەبێتە رووگەیەکی بەهێز بۆ ناتۆ و وڵاتانی دیکەی یەکێتی ئەوروپاش. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارە لە نزیک سنووری بێلارووس و کالینینگراد هێڵێکی بنکەی سەربازیی بەرگری دروستدەکەن و کەند لێدەدەن، تاوەکو خۆیان لە لێشاوی کۆچبەری نایاسایی بپارێزن. لای پۆڵەندا وایە، ئەو ژمارە زۆرەی کۆچبەر کە هەوڵدەدەن لە بێلارووسەوە بچنە پۆڵەندا و یەکێتی ئەوروپا، لەلایەن بەرپسانی مینسک و مۆسکۆوە هاندەدرێن، بۆیە بەرپرسانی وارشۆ هەموو هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی ئەو دیاردەیە دەدەن. پۆڵەندا لە 5 ساڵی رابردوودا وەک دەرچەیەک بۆ چوونە ناو ئەوروپاوە لەلایەن کۆچبەرانەوە سەیردەکرێت، بەتایبەت لە دوای لاشاوە زۆرەکەی لە 2019دا رووی لەو وڵاتە کرد کە بەشێکی کۆچبەرەکان هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان بوون. بە گوێرەی ئاماری حکومەتی پۆڵەندا، لە 2021دا رێگەیان لە لانیکەم 30 هەزار و 781 پەڕینەوەی نایاسایی لە بێلارووسەوە بۆ ناو وڵاتەکەیان گرتووە؛ ژمارەکە لە 2022دا 12 هەزار و 157 کەس بووە. لە 2023شدا زیاتر لە 30 هەزار کەس هەوڵی چوونەژوورەوەیان داوە و لەو ژمارەیە 13 هەزاریان گەیشتوونەتە ئەڵمانیا و 17 هەزاریشیان دەستگیرکراون. لە رابردوودا چەندین جار بەرپرسانی وارشۆ رووسیا و بێلارووسیان بەوە تۆمەتبارکردووە کە هەوڵی ناسەقامگیرکردنی پۆڵەندا بە رێگەدانی چوونی کۆچبەری نایاسایی بۆ ناو وڵاتەکەیان دەدەن؛ ئەوەش لەبەر ئەوەی پۆڵەندا هاوپەیمانێکی سەرەکی ئۆکراینایە و ئەندامە لە ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ سەرۆکی رووسیا لە گوتارەکەیدا لە یادی بردنەوەی رووسیادا لە جەنگی جیهانی دووەم دەڵێت، وڵاتانی رۆژئاوا مەترسیی جەنگێکی دیکەی جیهانی دروستدەکەن؛ دەشڵێت هیچ کەس بۆی نییە هەڕەشە لە گەورەترین هێزی ئەتۆمی بکات. رۆژی پێنجشەممە 9-5-2024، ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە گۆڕەپانی سوور لە مۆسکۆی پایتەختی ئەو وڵاتە گوتارێکی لەیادی بردنەوەی یەکێتی سۆڤیەت لە ئەڵمانیای نازی ئەوکات پێشکێشکرد و گوتی، "ئەو سەرکردە لەخۆباییانەی رۆژئاوا" بیریانچۆتەوە یەکێتی سۆڤیەت چی رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە تێکشکاندنی نازییەکان هەبوو. هاوکات دەڵێت، رۆژئاوا بەم کارانەی مەترسیی پێکدادانی جیهانی زیاتردەکات، "ئێمە دەزانین ئەم دنەدانانە بەرەو کوێ دەڕۆن، رووسیا هەموو شتێک بۆ رێگریکردن لە جەنگی جیهانی دەکات"، بەڵام لە هەمان کاتدا "رێگە بە کەس نادەین هەڕەشەمان لێبکات. هێزە ستراتیجییەکانمان بەردەوام لە دۆخی ئامادەباشیی جەنگدان". وڵاتانی رۆژئاوا بەیەکەوە رژدن لەسەرئەوەی لە جەنگی ئۆکراینادا لە رووسیا ببەنەوە کە لە 2015ـەوە 18٪ی خاکی ئۆکراینای کۆنترۆڵکردووە؛ ئەمە بە کریمیاشەوە. رۆژئاوا دەڵێن رووسیا "داگیرکەرە" و کرێملنیش دەڵێت، ئەوانە بەشێک لە خاکی ئیمپراتۆرییەتی رووسیا و بوون ئێستاش بەشێکن لە وڵاتی رووسیا. کاژێر 11:01 خولەکی شەوی 8ی ئایاری ساڵی 1945، سوپای نازییەکانی ئەڵمانیا کە هیتلەر سەرکردایەتی دەکردن تێکشکان، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەمریکا ئەو رۆژەیان بە "بردنەوەی رۆژی ئەوروپا" دیاریکرد. بەڵام لە رووسیا 9ی ئایار دیاری کراو بە ناوی "رۆژی بردنەوە" ناونرا و رووسییەکانیش ئەو جەنگە چوار ساڵییەی لەگەڵ نازییەکان لە 1941 بۆ 1945 کردیان بە “جەنگی گەورەی پاتریۆت” ناودەبەن.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ جۆ بایدن لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی دەڵێت، زۆر بە جوانی ئەوەم بۆ نەتانیاهو روونکردووەتەوە کە ئەگەر پێبخەنە ناو ناوەندەکانی نیشتەجێبوونی رەفەحەوە لە غەززە، هەناردەی چەک رادەگرم. دەشڵێت، ئەمریکا بەردەوامدەبێت لە پاراستنی ئیسرائیل. شەوی چوارشەممە 8-5-2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ کەناڵی بی بی سی ئەمریکی هەڤپەیڤینێکی بڵاوبووەوە. دەڵێت، ئەگەر ئیسرائیل بچێتە ناو رەفەحەوە ناردنی چەک رادەگرم. ئەم قسانەی سەرۆکی ئەمریکا لەکاتێکدایە، ئیسرائیل سوورە لەسەر داگیرکردنی رەفەح کە وەک خۆی دەڵێت ئامانج لێی لەناوبردنی یەکجاری حەماسە. بایدن دەڵێت، "هێشتا نەچوونەتە ناو سەنتەری شاری رەفەحەوە، ئەو هێرشەی کردوویانە رێک لەسەر سنوورەکەیە. بەڵام بە ئەوەم بە روونی بە ناتانیاهو و دەستەی جەنگ گوتووە، ئەگەر بچنە ناو شارەکەوە، پاڵپشتیی ئێمەیان نابێت". هەرچەندە بایدن دەزانێت چەکەکانی ئەمریکا لە کوشتنی هاووڵاتی سڤیلدا بەکارهاتوون، بەڵام کاتێک رۆژنامەنووسەکە لێیدەپرسێت، ئایا ئیسرائیل "هێڵی سووری" تێپەڕاندووە، بایدن دەڵێت، "نا، هێشتا نا". بە گوێرەی رێکخراوی ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوە، کە رێکخراوێکی ناحکومی ئەمریکییە، لە 7ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە تا ناوەڕاستی مانگی نیسانی ئەمساڵ، ئیدارەی بایدن بە بەهای 18 ملیار دۆلار چەک و تەقەمەنی و کەرەستەی جەنگیی بۆ ئیسرائیل ناردووە، لە نێویاندا 50 فڕۆکەی ئێف 15 بوونی هەیە. شەڕی حەماس و ئیسرائیل ئێستا پێیناوەتە مانگی حەوتەمەوە؛ لە دوای ئەوە دەستیپێکرد حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمی پاردا پەلاماری ئیسرائیلیدا و 1200 هاووڵاتی سڤیلی کوشت و 250ی دیکەشی بە بارمتە گرت. ئیسرائیل راستەوخۆ هێرشی کردەوە سەر غەززە و تاوەکو ئێستا 34 هەزار و 800 هاووڵاتی سڤیلی فەڵەستینی بەهۆی ئەو شەڕەوە کوژراون.