دەم پارتی دوای دووەمین دیدار لەگەڵ ئۆجەلان: ئەم پرۆسەیە هەموومان بە ئازادییەوە دەژیێنێت و بۆ بەدیهێنانی ئەمە چاوەڕێی هەوڵی تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەن.
شاندی دەم پارتی دوێنێ چوارشەممە نزیکەی دوو کاژێر لەگەڵ ئۆجەلان کۆبوونەوە
2 هەفتە لەمەوپێش
ئامادەکردنی: هاوڵاتی
شاندی دەم پارتی دوای دووەمین دیداری لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەم پرۆسەیە هەموومان بە ئازادییەوە دەژیێنێت و بۆ بەدیهێنانی ئەمە چاوەڕێی هەوڵی تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەن.
دوای ئەوەی شاندی دەم پارتی رۆژی چوارشەممە سەردانی ئیمراڵیی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆبووەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە پەیامێکی نووسراوی بڵاوکردەوە و دەڵێت: بەڕێز ئۆجەلان سەرەخۆشی ئاراستەی ماڵباتی ئەو کەسانە دەکات کە لە رووداوی ئاگرە هۆتێلەکەی بۆڵو گیانیان لەدەستدا، هیوای شیفای خێراشی بۆ برینداران خواست.
شاندی دەم پارتی کە لە سری سوورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی پێکدێت، دوای ئەوەی دوێنێ چوارشەممە نزیکەی دوو کاژێر لەگەڵ ئۆجەلان کۆبوونەوە، لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیاندا دەڵێن: کارەکانی بەڕێز ئۆجەلان لەمەڕ پرۆسەکە بەردەوام دەبێت. دوای تەواوکردنی ئامادەکارییەکان، پەیام بۆ رای گشتی بڵاودەکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، بەردەوام دەبن لەسەر کارەکان و دیدارەکانیان. لە هەر پێشهاتێکیشدا رای گشتی لێ ئاگادار دەکەنەوە.