حکومەتی هەرێم بۆ حکومەتی ناوەند: دەبێت ئەو پێشنیارەی لەسەری رێککەوتووین، بخرێتە دەنگدانەوە.
ئەم هەوڵانە زیان بە هەموو عێراق دەگەیەنن و کێشەکان قووڵتر دەکەنەوە
4 ڕۆژ لەمەوپێش
ئامادەکردنی: هاوڵاتی
حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: بەبێ راوێژکردن لەگەڵیاندا، پێشنیازێک لەبارەی هەمواری یاسای بودجەی گشتی، تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوت رەوانەی پەرلەمانی عێراق کراوە حکومەتی هەرێم پێشیوایە، ئەم هەوڵانە کێشەکان قووڵتر دەکەنەوە.
لە راگەیەندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئەمرۆ پێنجشەممە بڵاویکردەوە دەڵێت: دوای چەندین کۆبوونەوە و هەوڵ و ماندووبوون بۆ ئەوەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە هەموار بکرێتەوە و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە، هەرچەندە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمیشی بۆ کرا، بەڵام بەداخەوە لە کۆتا ساتەکاندا، دەنگی لەسەر نەدرا.
سەبارەت پێشنیازەش کە بۆ پەرلەمان نێردراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ئێمە تووشی سەرسوڕمان بووین بەوەی پێشنیارێک لە لایەن نوێنەری حکومەتی فیدراڵ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە، تاکلایەنە و بەبێ ئەوەی راوێژ لەگەڵ حکومەتی هەرێم بکرێت، یان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵەوە دەنگی لەسەر درابێت بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران نێردراوە، كە ئەم پێشنیارە لە هەمانکاتدا دژی بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵیشە تایبەت بە هەموارکردنەوەی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە ئەم هەوڵانە زیان بە هەموو عێراق دەگەیەنن و کێشەکان قووڵتر دەکەنەوە و خزمەت بە چارەسەرکردنی پرسەکان ناکات.
حکومەتی هەرێم پێشنیازەکە رەتدەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەکات، ئێمە ئەو هەوڵ و پێشنیارانە، بە هەموو شێوەیەک رەتدەکەینەوە و دژی دەوەستین. بۆیە دەبێت ئەو پێشنیارەی لەسەری رێککەوتووین، بخرێتە دەنگدانەوە.