چوار ژنە بارمتەى ئیسرائیل بەرانبەر ٢٠٠ فەلەستینى ئازاد دەکرێن

3 مانگ لەمەوپێش
لە حەوتەمین ڕۆژی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە، لیواکانی قەسام 4 ژنە سەربازی ئیسرائیلی ئازاد کرد کە لەلایەن ئەوانەوە بە دیل گیرابوون، لە وەجبەی دووەمی پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دیل لە نێوان حەماس و ئیسرائیل.
ئەلقەسام زیندانییە ژنە ئازادکراوەکانی لە گۆڕەپانی فەلەستین لە ناوەڕاستی غەززە ڕادەستی خاچی سوور کرد و کەناڵی ١٢ی ئیسرائیلیش ڕایگەیاند کە ئامادەکارییەکان بۆ ئازادکردنی زیندانیانی فەلەستینی لە زیندانی کەتسوت لە نەگڤ دەستی پێکردووە.
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، بنەماڵەی ئەو ژنە زیندانییە ئیسرائیلییە بۆ پێشوازیکردنیان بەرەو دەروازەی ڕەعیم بەڕێکەوتوون، هاوکات پەیامنێری کەناڵی جەزیرەش هەواڵی بڵاوەپێکردنی ئەندامانی لیواکانی قەسام لە گۆڕەپانی فەلەستین لە ناوەندی شاری غەززە، وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنى پرۆسەی ڕادەستکردنەوە.
لەلایەکی دیکەوە، کەناڵی جەزیرە بڵاویکردەوە لیستی ئەو ٢٠٠ زیندانییە فەلەستینییەی دەستکەوتووە کە بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، شەممە ئازاد بکرێن.
لە نێو ئەو ٢٠٠ زیندانییەی کە بڕیارە ئازاد بکرێن، ١٢١ زیندانییان بە سزای هەتاهەتایی و ٧٩ کەسیان بە سزای درێژخایەن.
ئامادەکارییەکان لە زیندانەکانی ئیسرائیل بۆ ئازادکردنی زیندانیانی فەلەستینی کە لە وەجبەی دووەمی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لە نێوان بەرخۆدانی فەلەستین و ئیسرائیلدا بەشداربوون دەستیپێکردووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە دەستدرێژی ئیسرائیل بۆ سەر کەمپی جنین لە باکووری کەناری ڕۆژئاوای داگیرکراو بۆ پێنجەمین ڕۆژی لەسەریەک بەردەوامە.
هاوکات لە بەیاننامەیەکی نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلدا هاتووە، "حکومەتی ئیسرائیل پابەندە بە گەڕاندنەوەی سەرجەم ڕفێنراوەکانی ناو کەرتی غەززە".
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە کە "هێزەکانی سوپای ئیسرائیل پێشوازییان لەو چوار سەربازە ژنە ئازادکراوە لە ناوخۆی غەززە کردووە".
ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی تایبەتى سوپا یاوەری ئەو چوار زیندانییە ژنە بوون لە ڕێگەی خۆیان بۆ ئیسرائیل.
ئاژانسەکان لە زاری خاچی سوورەوە بڵاویانکردەوە کە "دۆخی گشتی ئەو چوار ژنە زیندانییە ئیسرائیلییە باشە".
بەرپرسانی باڵای ئەمنی، لەوانەش سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا و سەرۆکی ڕێکخراوی شین بێت و مۆساد، سەرپەرشتی پرۆسەی وەرگرتنی کچە ڕفێنراوەکان دەکەن".
