دۆناڵد ترامپ: دەمەوێت بەزوویی لەگەڵ پۆتین کۆببمەوە

3 هەفتە لەمەوپێش
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، دەیەوێت بە زووترین کات لەگەڵ ڤلادیمێر پۆتین سەرۆکی ڕووسیا کۆببێتەوە بۆ ئەوەی کۆتایی بەو شەڕە بهێنێت کە بە شەڕێکی گاڵتەجاڕانە وەسفی کردووە.
دۆناڵد ترامپ لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "بە گوێرەی ئەوەی دەیبیستم، پۆتین دەیەوێت لەگەڵم کۆببێتەوە، هەر ڕۆژێک کە ئێمە کۆنابینەوە، سەربازەکان لە بەرەکانی شەڕدا دەکوژرێن". ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا پێی وتووە کە ئامادەیە بگەنە ڕێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا دووپاتیکردەوە کە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە بەبێ هەوڵی ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدی نەدەهات و دیسانەوە هۆشداریی دا لە دەرئەنجامەکانی ئەگەر ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکرا.
دۆناڵد ترامپ وتی: ئێمە لە غەززە گەیشتینە ڕێککەوتن و بەبێ ستیڤ ویتکۆف ئەوە ڕووی نەدەدا و ئەگەر ئاگربەستی ئەوێ بەڕێوەنەچێت لێکەوتەکانیشی دەبێت.
هاوکات هیوای خۆی دەربڕی کە کێشەکانی پەیوەست بە ئێران چارەسەر بکرێن بەبێ ئەوەی پێویست بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بکات و هەروەها ڕاپۆرتی فاینانشیاڵ تایمزی سەبارەت بە ڕاسپاردنی ستیڤ ویتکۆف بۆ مەلەفی ئەتۆمی ئێران ڕەتکردەوە.
دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: زۆر باش دەبێت ئەگەر کێشەکان لەگەڵ ئێران چارەسەر بکرێن بەبێ ئەوەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەکانیان بکرێت، سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕەتیکردەوە وەڵامی پرسیارێک بداتەوە سەبارەت بە پشتیوانییەکانی بۆ ئەگەری هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەڵام هیوای ئەوەی دەربڕی کە کێشەکان بەبێ پەنابردن بۆ ئەو جۆرە ڕێوشوێنانە چارەسەر بکرێن.

