وەڵامی نامە هاوپشتییەکەی نووسەران و ڕۆشنبیران و چالاکوانانی باشوری کوردستان بۆ بەرخۆدانی ڕۆژائاوا
مەزڵووم عەبدی
10 كاتژمێر لەمەوپێش
ڕۆشنبیران و چالاکوانانی کورد لە باشووری کوردستان.
سڵاوێکی پڕ لە ڕێز و پێزانین.
ئێمە بە پێزانینێکی زۆرەوە دەڕوانینە ئەو پەیامی پشتیوانی و هاودەنگییەی بۆ ئێمەتان ناردووە، گومانی تێدا نییە کە پەیامێکی نەتەوەیی کوردستانی هەمەلایەنە، و هەگبەیەکی پڕ لە هیوایە کە ئێوە دەیکەنە گڕوتین لە ناخماندا، ڕووە و ئەو پێشکەوتنانەی لەسەر گۆڕەپانی کوردستان بە گشتی و لە ڕۆژاڤا بەتایبەتی ڕوو دەدات.
گومانی تێدا نییە کە ئێمە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕین کە تیایدا ڕووبەڕووی ململانێ و دیالۆگی پڕ لە ئاڵنگاری و مەترسی دەبینەوە بۆ چارەنووسی خەڵکی ڕۆژاڤا، ئەوەشی تا ئێستا داکۆکیمان لێکردووە جگە لە ئاشتی لەسەر بنەمای پێکەوەژیان، یەکسانی، گەرەنتیکردنی مافەکان و پشتگیریکردن لە ڕۆڵی ژنان، هیچی دیکە نەبووە. کە وەک نمونەیەکە لەناو نەخشەی ململانێکاندا و شەڕ و شۆڕشەکانی ئەم ساڵانەی دوایی بەرهەمیان هێناوە.
بەدواداچوونی بەردەواممان، بە پێداگرییەکی پشوودرێژانەوە، هیچ نییە جگە لە هەوڵێکی ڕاستەقینە و دڵسۆزانە بۆ ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە بەشێکی جەوهەری و دانەبڕاو بێت لە سوریای نوێ، یەکگرتوو بێت لەگەڵ سەروەری ڕاستەقینە و کۆڕایی هەمووان، کە هەرچەشنە دەستێوەردانێکی ناوچەیی یان نێودەوڵەتی قبوڵ نەکەن و مافی هەموو پێکهاتەکانی تێدا پارێزراو بێت؛ بە تایبەتی گەلی کورد کە خەباتی کردووە و تا ئێستاش خەبات دەکات بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی و پاراستنی دەستکەوتەکانی.
ڕۆڵی ڕۆشنبیران و چالاکوانان لە سەرتاسەری کوردستاندا ڕۆڵێکی پەراوێزیی نەبووە، بەڵکو ڕۆڵێکی پێشەنگانە بووە کە ئەولەویەتێکی ڕەهای هەیە، بەو پێیەی ئەو دەنگەیە کە دەگاتە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان، هەمیشە لە نێویاندا ئامادەیە و هەر ئەوانن کە ڕێبەرایەتی ڕای گشتی دەکەن لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا بەرەو سەرزەمینی ئارامی لە میانەی ئاشکراکردنی پراکتیکەکان و پیلانەکانی دوژمن و ڕۆشنگەرکردنی گەل و پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی کوردییمانەوە بە ئامانج و ئاراستە و خواستە هاوبەشەکانمان و چارەنووسی یەکگرتووی مێژووییمان.
خەباتی ڕۆشنبیران و هەڵسوڕاوان لە قوڵایی ئەو بیرۆکە و هێزی قەڵەمدایە کە ئێوە نوێنەرایەتی دەکەن و ئێوە بە شێوەیەکی بێوێنە نوێنەرایەتی دەکەن، بە خستنەڕووی دیدگا و بیرۆکەگەلێک کە خزمەت بە هیواکانی کۆمەڵگای کوردیمان دەکەن لە سەرتاسەری کوردستان، ڕەنگە ڕۆڵی ئەمڕۆتان لە هەر کاتێکی ڕابردوو گرنگتر بێت، چونکە گەورەترین ئەرکتان دەکەوێتە سەر لە هۆشیارکردنەوەی گەلەکەمان بەم پڕۆژە نیشتمانییە و بە گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە سیاسی و فیکری و سەربازییەکان دەربارەی هەمان ڕۆڵ، بۆ ئەوەی ئەرکەکەمان بە تەواوترین شێوە کە خزمەت بە وەدیهاتنی خواستەکانی گەلی کوردمان بکات بگاتە ئەنجام.
ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بە پاڵپشتیی هزری و کولتووریی ئێوە هەیە، هێزی کوردیش لە یەکڕیزی و هاودەنگیدایە، وە پڕین لە حەماسەت بۆ ئەوەی شانبەشانی یەکتر کار بکەین، بۆ بەهێزکردنی ئەم هاودەنگییە و بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی شایستەی ئەم خەباتە درێژخایەنەی گەلەکەمان، لە بەرامبەر زۆرداران و ستەمکاراندا.
لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێز و پێزانینم
مەزڵووم عەبدی
فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات