ئەمریكا: کارمانکردوە بۆ ڕێككەوتنێكی هەمیشەیی لەبارەی بودجەى هەرێمەوە

2 ڕۆژ لەمەوپێش



وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ بەرپرسانى حکومەتى بەغداو هەولێر كارمان كردووە بۆ ئەوەى بگەن بەرێككەوتنێكی هەمیشەیی لەبارەی بودجە، بەجۆرێك ئاسانكاری بكات بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم.
ماسیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا دەڵێت: ئێمە هەوڵمان لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان داوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی بەردەوام لەسەر بودجە کە درێژە بە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بدات.
هەروەها ئەوەشى خستەڕوو ویلایەتە یەكگرتووەكانى ئەمریکا، داوا لە پەرلەمانی عێراق دەكات پەلەبكات لە تێپەڕاندنی یاسای بودجەی فیدراڵی.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، راشیگەیاند: ئەم هەفتەیە پێداچونەوەی هەمواری بودجەمان بینی و هانیان دەدەین بەزوویی تێیپەڕێنن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ڤیکتۆریا تایلەر، یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ عێراق و ئێران، لە چوارچێوەی گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان بۆ سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان سەردانی هەولێری کردووە.
رۆژی چوارشەممە، 15-01-2025، ڤیکتۆریا تایلەر، یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ عێراق و ئێران سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد.
بەرپرسەکەى وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، جەختى لەسەر ئەوەکردەوە ئەوان هانی لایەنە سیاسییەکان دەدەن پشتیوانی لە پێکهێنانی حکومەتێکی فرەلایەن و بەپەلە بکەن.
وتیشى: دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێ رێگە بە حکومەت و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەدات پێشکەوتن لە مافەکانی مرۆڤ، گەشەی ئابووری و بەهێزکردنی هەرێمی کوردستان بکەن وەک بەشێک لە عێراقێکی سەقامگیر و سەروەر.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار