مەزڵوم عەبدى: كۆبونەوەیەكی گرنگمان كرد لەگەڵ فەرماندەی سوپای ئەمریكا
18 كاتژمێر لەمەوپێش
مەزڵوم عەبدی، فەرماندی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، ڕایدەگەیەنێت کۆبونەوەکەیان لەگەڵ فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی (سنتكۆم)، كۆبونەوەیەکى گرنگ بووە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستای سوریاو ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان دژی داعش.
لەچەند رۆژى رابردوودا، جەنەڕاڵ مایكل كۆریلا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سنتكۆم)، سەردانی رۆژئاوای کوردستانی کرد و لەگەڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆبویەوە.
لەتۆڕى کۆمەڵایەتى (ئێكس) مەزڵوم عەبدی، فەرماندی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات نوسینێکى بڵاوکردوەتەوە دەڵێت: بەم دواییانە چاومان كەوت بە جەنەڕاڵ مایكل كۆریلا، جەنەڕاڵ لایهی كیڤن، فەرماندەی هێزی هاوبەشی پێداگری پۆڵاین، جەنەڕاڵ مایكل برۆكس، فەرماندەی هێزی ئەركی هاوبەشی ئۆپراسیۆنە تایبەتەكان لە وڵاتی شام.
فەرماندەی گشتی هەسەدە ئاماژە بەوەدەکات: لەو کۆبونەوەیە جەختیان لە هەوڵە نێودەوڵەتیان كردەوە بۆ سەرلەنوێ ئامادەكردنەوەی خێزانەكان لەناوی كەمپی هۆل و كۆنتڕۆڵكردنی زیندانەكان.
هەروەها دەڵیت جەختمان لە گرنگی بەهێزکردنی هاوبەشییەکە و ڕۆڵی ئەمریکا لە بەدیهێنانی ئاگربەستێکی هەمیشەیی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری وڵاتدا کردەوە.
پێشتریش فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندبوو، مایکل کۆرێلا سەردانی سووریای کردووە و لەگەڵ فەرماندەکانی هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆبووەتەوە، هەڵسەنگاندنێکی گشتی بۆ شەڕی داعش و ڕێگاکانی ڕێگریکردن لە سوودوەرگرتن لە دۆخی ئێستای سووریا کردووە.