بەریتانیا دوو قاچاخچی دەستگیر دەکات یەکێکیان کوردە

یەک مانگ لەمەوپێش
لە ئۆپرسیۆنێکى تایبەتدا، حکومەتی بەریتانیا دوو قاچاخچی دەستگیر دەکات بە تۆمەتی گواستنەوەی خەڵک بە ڕێگەی نایاسایی بۆ وڵاتانی ئەوروپا، ئەو دووکەسە لەلایەن وڵاتی فەرەنساوە داواکراوبوون و لە لە لەندەن دەستگیرکراون و یەکێکیان کوردەو ناوى ڕێبینە.
ئاژانسی ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانەکان لە بەریتانیا ڕایگەیاند: ماوەیەکە چاودێر ئەو دووسەکە دەکەن، دواجا دوێنێ لەلایەن ئەفسەرانی پسپۆڕی یەکەی ڕادەستکردنەوەی نیشتمانی لە ناوەندی هاوبەشی تاوانە نێودەوڵەتییەکانی دەزگای تاوانی نیشتمانی بەناوی دەسەڵاتدارانی فەرەنسا دەستگیرکراون.
بەپێى ڕاگەیەندراوەکە، ئەو دوو قاچاخچیە کە دەستگیرکراون، خەڵکیان لە کەناڵی ئینگلیزەوە بۆ بەریتانیا پەڕاندووەتەوە و کاری سپیکردنەوەی پارەشیان کردووە.
پۆلیس دەڵێت یەکێک لەو قاچاخچییانەی کە دەستگیرکراوە کە ناوی ڕێبین شەریفە و تەمەنی 25 ساڵە و خەڵکی هەرێمی کوردستانە، ئەوى دیکەشیان ناوى لولزم براهاجی بەڕەگەز ئەلبانییە و تەمەن 47 ساڵە، هەردوو تۆمەتبار لە لەندەن دەستگیر کراون.
ئەو دوو تۆمەتبارە، هەردووکیان لە فەرەنسا داواکراون کە داواکارانی گشتی تۆمەتباریان دەکەن بەوەی لە ساڵی ٢٠٢٢دا خەڵکیان لە کەناڵی ئینگلیزەوە بۆ بەریتانیا پەڕاندووەتەوە و کاری سپیکردنەوەی پارەشیان کردووە، ئەو پارەو داهاتانەى دەستیان کەوتوە لە نێوان مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢١ تا حوزەیرانی ٢٠٢٣ سپیانکردوەتەوە.
ئەمە یەکەمجار نییە حکومەتی بەریتانیا قاچاخچیی بە ڕەگەز کورد دەستگیر بکات، پێشتریش هەر یەکە لە بەرزان مەجید ناسراو بە "دووپشک" و ئامانج حەسەنزادەی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دەستگیر کردووە.
یەکێک لەو ئەفسەرانەى بەشدارى ئۆپراسیۆنەکەى کردووە دەڵێت: باندەکانی قاچاخچییەکان ژیانی ئەو کەسانە دەخەنە مەترسییەوە کە تەنها بۆ قازانج و تەماح دەیانگوازنەوە، گرنگی بە مەترسییەکان و سەلامەتی خۆیان نادەن".
ئەو وتیشى: ڕووبەڕووبوونەوەی قاچاخچێتی خەڵک لە پێشینەی کارەکانی NCA و ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردنی نزیکمان لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە فەرەنسا و لە سەرانسەری ئەوروپا بۆ ئەوەی هەموو هەوڵێک بدەین بۆ تێکدان و هەڵوەشاندنەوەی گروپەکانی پشت ئەم کارانەوەن.
