دۆناڵد ترەمپ: رێگەنادەین ئێران ببێتە خاوەنى چەکى ئەتۆمى
4 كاتژمێر لەمەوپێش
دۆناڵد ترەمپ واژۆی لەسەر یاداشتێکی سەرۆکایەتی کرد تاوەکو ئەمریکا سیاسەتێکی تووند بەرامبەر بە ئێران بگرێتەبەر بۆ ئەوەی رێگەی لێبگرێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
رۆژی سێ شەممە، 4ـی شوباتی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەوەی ژمارەیەک فەرمانی سەرۆکایەتی واژۆ کرد، قسەی بۆ رۆژنامەنوسان کرد.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رۆژى سێشەممە فەرمانێکى واژۆکرد کە ڕێگری لە ئێران دەکات ببێتە خاوەنى چەکی ئەتۆمی، لەگەڵ ئەوەشدا هیواى خواست ناچارنەبن یاداشتەکە دژى تاران بەکاربهێنن و لەجیاتى ئەوە بتوانن لەگەڵ ئەو وڵاتە بگەنە رێککەوتن، هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا جەختیکردەوە گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتدارانى تاران ئەنجام دەدات لەو بارەیەوە.
بەگوێرەی ئەو یاداشتەی کە ترەمپ بۆ گوشارکردنە سەر ئێران واژۆی کردووە، هەموو فەرمانگەکانی حکومەتی ئەمریکا دەبێت سزای نوێ بۆ سەر ئێران دابڕێژن.
ترەمپ پەشیمانی لەبارەی گرتنەبەری رێکارەکان بەرامبەر بە ئێران نواند، وتی، "ئەمە یەکێکە لەو شتانەی کە لێی دوودڵم. هەموو کەس دەیانەوێت من ئەوە واژۆ بکەم، من واژۆیان دەکەم زۆر تووند دەبێت بۆ ئێران."
سەرۆکی ئەمەریکا هەرچەندە جەختیکردەوە کە لەگەڵ هاوتا ئێرانیەکەی مەسعوود پزیشکیان گفتوگۆ و دانوستان دەکات، ئاماژەى بەوەشکرد، ئێران ناتوانێت خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت و ئەمەریکا مافی خۆیەتی ڕێگری لە فرۆشتنی نەوتی ئێران بە وڵاتانی دیکە بکات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە ماوەی خولی یەکەمیی سەرۆکایەتیدا، سیاسەتی "ئەوپەڕی فشاری" دژی ئێران جێبەجێکرد و ساڵى 2018 تاک لایەنە لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە، دوابەدوای ئەوەش سزای قورسی ئابووری بەسەر ئێراندا سەپاند.
پرسیاری ئەوە لە ترەمپ کرا، ئایا ئێران چەند لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نزیکە؟ لە وەڵامدا وتی: ئەوان زۆر زۆر نزیکن.
لەبارەی هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر خۆی و ئەگەری هەوڵی کوشتنی پرسیار لە ترەمپ کرا، ئەویش لە وەڵامدا گوتی، "ئەوان ئەو شتەیان نەکردووە و شتێکی زۆر خراپە ئەگەر ئەوە بکەن، ئەگەر ئەوان ئەوە بکەن، دەسڕێنەوە، هیچ شتێک نامێنێت. هەروەها نابێت توانای ئەوەیان هەبێت.
هەفتەى رابردوو عەلى خامنەیی رابەرى باڵاى ئێران و مەسعود پزیشکیان سەرۆکى ئەو وڵاتە رێککەوتن لەسەر هەڵکردنى گڵۆپى سەوز بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئیدارەى دۆناڵد ترەمپ بەمەبەستى گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر بەرنامەى ئەتۆمی.