ترەمپ: غەززە دەگرینەدەست و گەشەپێدانی ئابوورى تێدا دەستپێدەکەین
2 كاتژمێر لەمەوپێش
ەرۆکی ئەمریکا، نیازی وڵاتەکەی بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەرتی غەززە ڕاگەیاند، ئەمەش دوای ماوەیەکی کەم لە پێشنیاری نیشتەجێکردنی دانیشتوانی کەرتی غەززە بۆ هەمیشەیی لە وڵاتانی دیکە.
ئێوارەی سێشەممە، بەکاتی واشنتۆن، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەم لێدوانەیدا، لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، دوابەدوای دانوستانە دووقۆڵییەکان لە کۆشکی سپی.
ترەمپ وتی: ئەمریکا کۆنترۆڵی غەززە دەکات، ئێمەش لەوێش ئەرکێک ئەنجام دەدەین.
دۆناڵد ترەمپ پێشنیاری کردووە کە دەکرێت خەڵکی فەلەستین لە وڵاتانی دیکە نیشتەجێ بکرێنەوە لە کاتێکدا ئەمریکا دەست بەسەر غەززەدا دەگرێت بۆ لابردنی بۆمبە نەتەقیوەکان و ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئابوری خاکەکە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "پلانی گەشەپێدانی ئابووری (لە کەرتەکەدا) دەستپێدەکەین کە ئامانجی دابینکردنی ژمارەیەکی بێسنوور لە هەلی کار و شوێنی نیشتەجێبوونە بۆ دانیشتوانی ناوچەکە".
ترەمپ بانگەشەى ئەوەى کرد غەززە "دەتوانێت ببێتە ڕیڤێرای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" دوای ئەوەی وڵاتەکەی دەستی بەسەردا گرت و پەرەی پێدا.
ترەمپ ئەگەری بڵاوەپێکردنی هێزەکانی ئەمریکا بۆ پاڵپشتیکردن لە ئاوەدانکردنەوەی غەززە بەدوور نەگرت و پێشبینیشی کرد ئەمریکا "خاوەنیەتی درێژخایەن" لە غەززە بگرێتە ئەستۆ.
ترەمپ هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد، تاکە هۆکار کە فەلەستینییەکان نایانەوێت بگەڕێنەوە غەززە بەهۆی ئەوەیە کە هیچ بژارەیەکی دیکەیان نییە. هەروەها غەززەی وەکو ناوچەیەکی وێرانە ناوبرد.
دۆناڵد ترەمپ لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانیەکەیدا وتی، سعودیە داوای لێنەکردووە کە دەوڵەتی فەلەستین دابمەزرێنن. هەروەها پێشنیازی ئەوە دەکات خەڵکی غەززە بۆ شەش ناوچەی دیکە بگوازرێنەوە.
ترەمپ باسی لەوە کرد کە پێویستە خەڵکی غەززە لە میسر و ئوردن جێگیر بکرێن. ئەمە سەرەڕای ئەوەی سەرۆکانی ئەو دوو وڵاتە قسەیەکی جیاوازیان کردووە لەوبارەیەوە. سەرۆکی ئەمریکا گوتی، وڵاتانی دیکەش ئامادەن خەڵکی غەززە وەربگرن، بەڵام ناوی وڵاتەکانی نەهێنا.
دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بە چەند وڵاتێک کرد کە زۆر دەوڵەمەندن و ئامادەن بە پارەکانیان هاوکاریی خەڵکی غەززە بکەن کە لە شوێنی دیکە جێگیر ببن
لە چوارچێوەیەکی دیکەدا ترەمپ ئاماژەی بەوەدا کە سەردانی ئیسرائیل، غەززە، سعودیە و شوێنەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.