ئەنەکەسە بەتەنها لەگەڵ شەرع کۆدەبێتەوە

6 كاتژمێر لەمەوپێش



تەلەفزیۆنى فەرمى سوریا، لەزارى سەرچاوەیەکی بەرپرس لە ئەنجومەنی نیشتمانی کورد (ئەنەکەسە) بڵاویکردەوە، ئەنجومەنەکە بانگهێشتی فەرمی لە حکومەتی سوریاوە پێگەیشتوە بۆ ئەوەى دیدارێک لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا لە دیمەشقی پایتەخت ئەنجامبدەن.

ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد یان ئەنەکەسە دامەزراوەیکی سیاسییە لەدوای ھاتنی بەھاری عەرەبی یان شەڕی ناوخۆیی سووریا دامەزراوە، ئەم دامەزراوە لە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١١ دامەزراوە.

بەپێى ڕاپۆرتى تەلەفزیۆنى سوریا، ئامانجی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی ماف و داخوازییەکانی کورد و ئایندەی وڵاتەکەیە، بەبێ ئەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) بەشداربن لەو کۆبوونەوەیەدا.

ئەو سەرچاوەیە ڕاشیگەیاندووە، بانگهێشتنامە فەرمییەکە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکى کاتى سوریاو کۆبوونەوەیەکیش لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سووریاى لەخۆ گرتووە و ئاماژەی بەوەشکردووە، "پەیوەندییەکانی نێوان ئەنجوومەنەکە و حکومەتی سووریا لە ماوەی ڕابردوودا بەردەوام بووە.

بەپێى وتەى ئەو سەرچاوەیە ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ قبوڵکردنی بانگهێشتنامەکە و لیستی 15 کەسی لە سەرکردەکانی پێشکەش کردوە، کە بەرپرسانی پێشووی هاوپەیمانی نیشتمانی و لیژنەی دانوستانیشیان تێدابووە. ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا وادەی کۆبوونەوەکە دیارینەکراوە، بەڵام پێدەچێت لەم مانگەدا بەڕێوەبچێت.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەم کۆبوونەوەیە ئاماژە بە دابەشبوون لە نێوان لایەنە کوردییەکاندا ناکات، سەرەڕای ئەوەی بە جیا لە کۆبوونەوەکانی شاندی پارتی (هەسەدە) لەگەڵ حکومەتی سوریا بەڕێوەدەچێت. 

جەختیشی لەوە کردەوە کە "ئەنجومەنەکە پابەندە بە دیدگای سیاسی هاوبەشی کوردەوە، وە شاندی هاوبەشی کورد ئەو کەسەیە کە دەسەڵاتی ئەوەی هەیە تاوتوێی چەسپاندنی دەستووری مافەکانی کورد لە سوریای نوێدا بکات".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار