بارزانى لەسەر پێکهێنانى حکومەت زانیارى دەخاتەڕوو

5 كاتژمێر لەمەوپێش
مەسعود بارزانی سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ FRANCE 24 باسی لە کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر و پێکهێنانی حکومەتی نوێی کوردستان کرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە کەناڵی FRANCE 24، چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ مەسعود بارزانی بڵاوکردەوەو تێیدا تیشک دەخاتەسەر کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ڕایگەیاند، بەداخەوە لە بارەی ڕێککەوتنی بەغدا و هەولێر کێشە هەیە، پێویستە لەوبارەیەوە ڕاستگۆ بین ئەگەر نیەتی ڕاستەقینە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هەبێت، ئێمە دەتوانین سەرکەوتووبین.
بارزانى هەر لەوچاوپێکەوتنە، وتیشى: ئێمە دەستوورێکمان هەیە کە نەخشە ڕێگایە بۆ ئێمە و بۆ بەغداش، ئێمە داوای زیاتر لەوە ناکەین کە لە دەستووردا بۆمان دیاریکراوە، هەرچۆنێک بێت، ئێمە ڕێگە نادەین دەستوور پێشێل بکرێت.
بارزانی هیوای خواست دەستوور جێبەجێ بکرێت، وتی کێشەمان هەیە لەوەی دانناندرێت بە سیستمی فیدراڵیدا. ئێستا کێشەی ئێمە لەگەڵ بەغدا ئەوەیە، ئەوان دان بە فیدراڵیزمدا نانێن.
لەلایەکی دیکەوە: بارزانی وتی، "بەداخەوە، خۆشحاڵ نین بەم دۆخە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکنەهێنراوە، هیوادارین لە مانگی نۆ یان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پەرلەمان دووبارە بتوانێت کۆببێتەوە، بۆ دەستپێکردن بە خولی نوێ و پێکهێنانی حکومەت."
بارزانی، هۆشداری له کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دهدات و ڕایدهگهیهنێت، دەبێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی داعش لە ناوچەکە؛ هاوکات هیواشی خواست ناکۆکییەکانی کورد و عەرەب لە سووریا نەبێتە هۆی دەستوەردانی دەرەکی، هەروەها بارزانی پێشوازی لە چەکدانانی پەکەکە کرد.
هاوکات لە بارەی دۆخی سووریا و ڕێککەوتنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی دیمەشق کە لە ئاداری ئەمساڵ بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانییان واژۆ کرا و هێشتا جێبەجێ نەکراوە، ئاماژەی بهوهدا، نیگەرانە لەوەی دۆخی سووریا و پەیوەندییەکانی نێوان کورد و عەرەب خراپتر ببێت و وای لێ بێت دەستوەردانی دەرەکی ڕوو بدات.
مەسعود بارزانی جەختیشی کردووەتەوە، "دەبێت کێشەکان چارەسەر بکرێن، بەڵام بە شهڕ نا، چونکە شهڕ چارەسەر نییە، هاوکات دەسەڵاتی نوێ دەبێت هەموو پێکهاتە جیاوازهكانی وڵاتهكهی و تایبهتمهندییهكانیان لەبەرچاو بگرێت."
