پێنج وەزیرى پێشوو داواى لێپرسینەوە لە ترەمپ دەکەن

4 ڕۆژ لەمەوپێش
پێنج وەزیری پێشووی بەرگریی داوا لە کۆنگرێس دەکەن لێپرسینەوە لە ترەمپ بکات لەسەر کارە بێباکەکانى و دەرکردنی چەند سەرکردەیەکی سەربازی.
لە نامەیەکی کراوەیاندا ئەو پێنج وەزیرەى بەرگریی لە کابینەکانى پێشووتری ئەمریکادا بوون، ئێوارەى پێنج شەممە بەکاتى ئەمریکا بڵاویانکردەوە و نیگەرانی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە "بە سیاسیکردنی" دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ سوپای وڵاتەکەى، هەروەها داوایان لە پەرلەمانتاران کرد دانیشتن ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی داوای ڕوونکردنەوە لە ئیدارەی ترەمپ بکەن.
لای خۆیەوە ئیدارەی ترەمپ جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەڵبژاردنی کارمەندانی باڵای سەربازی ئیمتیازێکی سەرۆکایەتییە کە سەرۆکەکانی پێش سەرۆکی کۆمارییەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاریان هێناوە. بەڵام ڕەخنەگرانی ئەو هەنگاوە لە نێویاندا پێنج وەزیرەکە دەڵێن هیچ پاساوێکی لەگەڵ نەبووە سەبارەت بە لێهاتوویی یان کردەوەی ئەو سەربازانەی کە بەشداربوون.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ترامپ هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند کە چارڵز براون سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی ئەرکانی سوپای ئەمریکا دەگرێتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی زنجیرەیەک گۆڕانکاری فراوان لە سەرکردایەتی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا. پاشان پیت هێگسێت وەزیری بەرگری وڵاتەکەی نیازی خۆی بۆ گۆڕینی چەند بەرپرسێکی باڵای سەربازی دەربڕی.
سکرتێری پێشووی ویلیام پێری، لیۆن پانێتا، چاک هاگڵ، جەیمس ماتیس و لۆید ئۆستین کە لە ژێر ئیدارەکانی دیموکراتەکاندا خزمەتیان کردووە، لە نامەیەکدا بۆ کۆنگرێس ڕایانگەیاندووە، “ئێمە زۆر نیگەرانین لە دەرکردنی چەند سەرکردەیەکی سەرەکی سەربازی ئەم دواییەی سەرۆک ترامپ”.
سکرتێرەکانی پێشووی ئەمریکا لە نامەیەکدا نووسیویانە: “ئێمە دەنووسین بۆ ئەوەی داوا لە کۆنگرێسی ئەمریکا بکەین لێپرسینەوە لە ترەمپ بکات لەسەر ئەو کارە بێباکانە”، داوایان لە یاسادانەران کردووە دانیشتن ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی داوای ڕوونکردنەوە لە ئیدارەی ترەمپ بکەن.
هەر لە هەمان چوارچێوەدا پێنج وەزیرە پێشووەکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم دەرکردنانە "پرسیارێکی نیگەرانکەر لەبارەی خواستی ئیدارە بۆ بە سیاسیکردنی هێزە چەکدارەکان و لابردنی سنووردارکردنی یاسایی لەسەر دەسەڵاتی سەرۆک کۆمار دەوروژێنن".

