ئەمریکا داوادەکات بەخێرایی هەناردەی نەوتی کوردستان دەستپێبکاتەوە

یەک مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتى

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕێککەوتووە ئەو وڵاتە لەڕووی وزەوە سەربەخۆ بێت و هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانیش لەڕێگەی ‌هێڵی بۆری عێراق  و تورکیاوە بەخێرایی دەستپێبکاتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، وردەکاری نوێی سەبارەت بە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردبووی راگەیاند.
تامی بروس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە بەیاننامەیەکدا وتی: رۆبیۆ لەگەڵ سودانی کۆمەڵێک بابەتی تاوتوێ کردووە، لەوانە، کاریگەری ئێران لە ناوچەکە، پێویستی سەربەخۆیی عێراق لە بواری وزەو وەبەرهێنانە بازرگانییەکانی ئەمریکا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەردوولا رێککەوتوون لەسەر پێویستی سەربەخۆیی عێراق لەبواری وزەو دەستپێکردنەوەی کارپێکردنی هێڵی بۆری عێراق-تورکیا بەخێرایی و، پابەندبون بە مەرجەکانی گرێبەستی کۆمپانیا ئەمریکییەکان کە لە عێراق کاردەکەن بۆ راکێشانی وەبەرهێنانی زیاتر.
وەزیری دەرەوە جەختیکردەوە کە گرنگە سووریا نەبێتە پێگەیەک بۆ تیرۆر و هەڕەشە بۆ سەر دراوسێکانی، لەم بوارەشدا سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە جەختیان لە بەردەوامی ڕاوێژ لەبارەی دۆسییەکانی ناوچەکە و بەهێزکردنی هاوبەشی ئەمنی لەنێوان  عێراق و ئەمریکا کردەوە.

بەیاننامەكەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە كاتێكدایە، پێشتر نوسینگەی راگەیاندنی سودانی لەبارەی پەیوەندییە تەلەفونییەی رۆبیۆو سودانی لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند،  گفتوگۆ لە بوارەكانی هەماهەنگی نێوان عێراق و ئیدارەی نوێی ئەمریكاو چوارچێوەی هاوكاری كراوە، لەسەر بنەمای رێككەوتنە دوو قۆڵیەكان. 
هاوكات ئەو پێشكەوتنانە خراوەتەڕوو كە لە كاری هاوبەش لە بوارە جیاوازەكان بە ئەنجام گەیشتووە، رێككەوتون لەسەر چڕكردنەوەی پەیوەندیەكان و قۆڵكردنەوەی هاریكاری نێوانیان، بەبێ‌ ئەوەی ئاماژە بە هیچ كام لەو زانیارییانە بكات كە لە بەیاننامەكەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكادا هاتووە.

ئەمریکا بڕیاریداوە سزای توند بەسەر ئێراندا بسەپێنێت و هەناردەی نەوتەکەی بۆ سفر بەرمیل دابەزێنێت، بۆ ئەو مەبەستەش دەیەوێت عێراق بە خێرایی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ قەرەبووکردنەوەی نەوتی ئێران دەستپێبکاتەوە، تا ڕێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهاندا بکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار