خامنەیی: دانوستان ناکەین ئەمریکا پابەندنابێت بە بەڵێنەکانیەوە
.png)
5 كاتژمێر لەمەوپێش
عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵاى ئێران، ڕایدەگەیەنێت هێشتا نامەکەى ترەمپم پێنەگەیتشتووە، ئێران هیچ دانوستانێکیش ناکات لەکاتێکدا دەزانین لایەنى بەرانبەر کە ئەمریکایە بەڵێنەکانى جێبەجێ ناکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە لە دیدارێکدا لەگەڵ کۆمەڵێک ڕێکخراوە خوێندکارییەکانى وڵاتەکەى، عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵاى ئێران، قسەیکردو وتى: بۆچی ئێران ئامادە نییە دانوستان بکات، چەند ساڵێک دانیشتین و دانوستانمان کرد و هەر ئەم کەسە دانوستانە تەواو و واژۆکراوەکەی لە سەر مێزەکە فڕێدا و دڕاندى، چۆن دەتوانین دانوستان بکەین لە کاتێکدا دەزانین هیچ کارى پێناکرێت.
ئەو وتیشى: دانوستان لەگەڵ ئیدارەی ئێستای ئەمریکا نابێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان، بەڵکو تەنها سزاکان هێندەی تر توندتر دەکات، ساڵی ڕابردوو دۆخێکی جیاوازمان هەبوو. شەهید ڕەئیسی لە ژیاندا بوو، شەهید سەید حەسەن نەسروڵڵا لەگەڵمان بوو، شەهید هانیە، چەند کەسایەتییەکی تری شۆڕشگێڕی دیار لەنێو ئێمەدا ئامادە بوون یان لەگەڵ ئێمەدا، بەڵام ئەمساڵ لێرە نین.
لەکۆتایی قسەکانیدا دەشڵیت: ئەوەی کە سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت ئێمە ئامادەین بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران و بانگهێشتی دانوستان دەکات، فریودانی بیروڕای گشتی جیهانە.
رۆژی چوارشەممە، 12ی ئاداری 2025، ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەنوەر قەرقاش، راوێژکاری سەرۆکی ئیمارات بۆ کاروباری دیپلۆماسی ئەمڕۆ لە تاران لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران کۆدەبێتەوە و نامەکەی سەرۆکی ئەمریکا دەگەیێنێتە تاران.
بەپێی هەواڵی میدیای ئێران، دوێنێ سێشەممە نامەی ترەمپ گەیشتووەتە دەست بەرپرسانی ئیمارات تاوەکو بیگەیێننە ئێران.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ رایگەیاند، تاران ئامادەیە بۆ دانوستاندن لەسەر پرسی ئەتۆمی و لەو چوارچێوەیەدا تاوەکو ئێستا چوار گەڕی دانوستاندن لەنێوان ئێران و وڵاتانی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا بەڕێوەچووە و رۆژی هەینیش کۆبوونەوەی سێ قۆڵی ئێران، رووسیا و چین لەبارەی پرسی ئەتۆمی بەڕێوەدەچێت.
