یەکێتی ئەورووپا سێ ملیارو نیو یۆرۆ دەداتە ئۆکرانیا

16 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەنجوومەنی یەکێتى ئەوروپا ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی پرۆگرامی هاوکاری دارایی بۆ کیێڤ، بڕی ٣.٥ ملیار یۆرۆی بۆ ئۆکرانیا پەسەند کردووە.
لە بەیاننامەکەدا کە ئەنجومەنەکە بڵاویکردووەتەوە کە ئەمڕۆ دووشەممە لە برۆکسل کۆدەبێتەوە، تێیدا هاتووە:ئەنجومەنەکە قۆناغی سێیەمی پەسەندکردووە کە نزیکەی ٣.٥ ملیار یۆرۆیە بۆ ئۆکرانیا.
هەروەها ئەوەش دەخەنەڕوو بەم بەشە سێیەمەوە ئۆکرانیا نزیکەی ٢٠ ملیار یۆرۆی لە ژێر سندوقی ئۆکرانیا وەرگرتووە لە ساڵی دامەزراندنیەوە لە ساڵێک لەمەوبەرەوە.
پێشتر کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا پێشنیاری پێشکەشکردنی هاوکارییەکانی ئۆکرانیای کردبوو کە بەهاکەی لە نێوان ٢٠ بۆ ٤٠ ملیار یۆرۆ (٢٢-٤٤ ملیار دۆلار)دایە.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە ڕۆژی دووشەممە، وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا باسیان لە دەستپێشخەرییەکی نوێ کرد کە دەتوانێت بە ملیارەها یۆرۆ وەک هاوکاری سەربازیی زیادە پێشکەش بە ئۆکرانیا بکات و وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا بە پشتبەستن بە هێزی ئابووری خۆیان بەشداری بکەن.
ئەم هاوکاریەى یەکێتی ئەوروپا لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، سبەی (سێشەممە 18-03-2025) لەبارەی ئۆکراینا لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا قسە دەکات.
درەنگانی شەوی یەکشەممە بەکاتی واشنتن، واتە بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە بەکاتی هەولێر، ترەمپ لەکاتی رۆیشتنی لە فلۆریداوە بۆ واشنتن، لە فڕۆکەی Air Force Oneدا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
ترەمپ گوتی، "سەیر دەکەین بزانین تاوەکو رۆژی سێشەممە شتێک رابگەیێنین. سێشەممە قسە لەگەڵ پووتین دەکەم. کۆتایی هەفتە زۆر کار کراوە. دەمانەوێت سەیر بکەین و بزانین ئەو جەنگە کۆتایی پێدەهێنین."
رووسیا لە سێ ساڵی رابردووی جەنگدا بەشێکی بەرچاوی خاکی ئۆکراینای کۆنترۆڵ کردووە.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئەو بابەتانەی دەیانەوێت گفتوگۆیان لەسەر بکەن، دابەشکردنی خاک و وێستگەکانی وزەیە لەنێوان ئۆکراینا و رووسیا، بۆئەوەی جەنگەکە بوەستێت.
