پووتین بەمەرج ڕازى دەبێت بە پێشنیازی وەستاندنی شەڕ 

14 كاتژمێر لەمەوپێش




ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند، ڕازین بە پێشنیازی وەستاندنی شەڕ و پێکدادانەکان، بەڵام، بەمەرجى ئەوەى پێویستە ببێتە هۆی بەردەوامیی ئاشتی و سڕینەوەی هۆکارە بنەڕەتییەکانی ئەم قەیرانە.

ئەو قسەیەی پووتنین لە کاتێکدا بوو کە ستیڤ ویتکۆف نوێنەری دۆناڵد ترەمپ لە مۆسکۆیە لە پێش دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و ڕووسیا لەسەر پێشنیاری ئاگربەست بۆ ماوەی 30 ڕۆژ.

ئێوارەى ئەمڕۆ پێنج شەممە، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا سوپاسی ترمپى کرد کە هێندە گرنگیداوە بە گەیشتن بە یەکلاییکردنەوەى پرسەى ئاشتى لەگەڵ ئۆکرانیا.

ئەو دەشڵێت: ڕووسیا هاوڕایە لەگەڵ پێشنیازی ئاگربەست، بەڵام پێویستە ببێتە هۆی "ئاشتییەکی بەردەوام، پووتین وتى: پێویستە لەگەڵ هاوکار و هاوبەشە ئەمریکییەکانمان دانوستان بکەین" و "ڕەنگە" پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەنجامبدەم.

سه‌رۆكى ڕوسیا جەختیشی لەوە کردەوە کە "چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکرانیا پێویستی بە چارەسەرکردنی ڕەگ و ڕیشەی ململانێکان هەیە"، ئاماژەی بەوەشکرد، پرسی چاودێریکردنی ئاگربەست لە کاتی ئاگربەستدا پێویستی بە لێکۆڵینەوەی قووڵ هەیە.

پێشتریش ڕۆژی پێنجشەممە، ڕاوێژکاری دیپلۆماسی سەرۆکی ڕووسیا ڕەخنەی لە پێشنیازی ئاگربەستی ئەمریکا و ئۆکرانیا گرت و ڕایگەیاندبوو کە "ژووری هەناسەدان" بۆ سوپای ئۆکرانیا دابین دەکات.

یوری ئوشاکۆڤ دوای ئەوەی بە تەلەفۆن لەگەڵ مایک والتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا قسەی کرد، بە میدیای دەوڵەتی ڕاگەیاند: ئەمە جگە لە پاشەکەوتێکی کاتی بۆ سوپای ئۆکرانیا هیچی تر نابێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پەیوەندییەکەی لەگەڵ واڵتز ڕێگەی بە "ئاڵوگۆڕی بیروڕا" لە کەشێکی "ئارام"دا داوە.

ئوشاکۆڤ هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ڕووسیا بەدوای "چارەسەرێکی درێژخایەنی ئاشتیانە"دا دەگەڕێت کە گەرەنتی "بەرژەوەندییە ڕەواکانی ڕووسیا" بکات، جەختیشی لەوە کردەوە "ئەمە ئەوەیە کە ئێمە هەوڵی بۆ دەدەین".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار