ناوەڕۆکى پەیوەندیە تەلەفۆنیەکەى ترەمپ و پووتین بڵاوکرایەوە

10 كاتژمێر لەمەوپێش



هاوڵاتى

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئەمریکا گفتوگۆی "باش و بەرهەمدار"ی لەگەڵ پوتین ئەنجامداوە، هەروەها داوای لە سەرۆکی ڕوسیا کرد، ژیانی هەزاران سەربازی ئۆکرانیای "گەمارۆدراو" بپارێزێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بە تەلەفۆن قسەیان کردوە.

دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکیدا لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیای خۆیدا بەناوی تروس سۆشیال، ستایشی "گفتوگۆی باش و بەرهەمدار"ی دوێنێی نێوان ڕوسیا و ئەمریکای کرد.
هەرچەندە هۆشداری دەدات هەزاران سەربازی ئۆکرانیا "بە تەواوی گەمارۆدراون" لەلایەن سوپای ڕووسیا و دەڵێت لە دۆخێکی زۆر خراپ و لاوازدان.

هەروەها ئاشکرای کرد کە داوای لە پوتین کردووە "کە ژیانیان ڕزگار بکرێت"، ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەمە کۆمەڵکوژییەکی ترسناک دەبێت" بە پێوەرێک کە "لە دوای وۆرلەوە نەبینراوە".
دۆناڵد ترەمپ دەلێت: "دوێنێ گفتوگۆیەکی بەرهەمدار و باشم لەگەڵ سەرۆک پووتین کرد. دەرفەتێکی باش هەیە ئەو جەنگە خوێناوییە بوەستێت."
سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت: "داوام لە سەرۆک پووتین کرد گیانی ئەو سەربازە ئۆکرایناییانە بپارێزێت کە خۆیان رادەستکردووە." 

ڕوسیا دەڵێت "گەشبینییەکی وریا" هەیە لەسەر ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئۆکرانیا، بەڵام "زۆر شت لەپێشدایە".

دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین دووپاتی دەکاتەوە کە ڤلادیمێر پوتین هێشتا پێویستی بە وەڵام هەیە، دوای ئەوەی سەرۆکی ڕووسیا چەند پرسیارێکی سەبارەت بە چۆنیەتی کارکردنی ئاگربەستێک بە نێوەندگیری ئەمریکا وروژاند.

ئەم هەفتەیە ئەمریکا پلانێکی ئاگربەستی 30 رۆژەی بۆ ئۆکراینا و رووسیا پێشنیاز کرد. 

ترەمپ لە کۆشکی سپی گوتی، هیوادارە کرێملین بە پێشنیازەکەی ئەمریکا بۆ ئاگربەستی 30 رۆژە رازی بێت.

ئۆکراینا و رووسیا هەردووکیان بە پێشنیازەکە رازی بوون. ڤۆلۆدۆمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا گوتی: "ئاگربەست، کاتی پێویست بەردەست دەخات بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەکانی ئاسایشی ماوە درێژ، ئاشتییەکی متمانەپێکراو و پلانی راگرتنی جەنگ بداتەوە."

پووتین گوتی: "پێویستە ئەم ئاگربەستە ببێتە هۆی ئاشتیی بەردەوام و لابردنی هۆکارە بنەڕەتییەکانی ئەم قەیرانە. بیرۆکەکە تەواوە و بێگومان پشتگیری دەکەین، بەڵام چەند پرسێک هەن کە دەبێت باسیان بکەین. پێم وایە دەبێت لەگەڵ هاوکارە ئەمریکییەکانیشمان قسە بکەین."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار