تورکیا و ئێران لەسەر هاریکاریی نێوانیان دژ بە کورد کۆکن
2 ڕۆژ لەمەوپێش
تورکیا و ئێران لەسەر روداوەکانی ئەم دواییەی شاری حەلەبی سوریا تەواو ناکۆکن، بەڵام لەسەر هاریکاری نێوانیان دژ بە کورد کۆکن و هەماهەنگی تەواویان هەیە.
ئامادەکردنی هاوڵاتی
دوای سەردانەکەی عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ تورکیا و کۆبونەوەی لەگەڵ هاکان فیدان، هاوتا تورکییەکەی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسی هاوبەشدا ناکۆکی ئەو دوو وڵاتە ئاشکرابوو سەبارەت بە رووداوەکانی شاری حەلەبی سوریا.
لەوبارەیەوە هەرچی ئێرانە پێی وایە کۆی ئەو روداوانە دەستی دەرەکی لە پشتە، تورکیاش پێی وایە تۆمەتبارکردنی دەستی دەرەکی بۆ روداوەکانی سوریا هەڵەیەکی گەورەیە، ئێران هاوکاری سوریا دەکات لەشەڕی دژ بە چەکدارە توندڕەوەکان، بەڵام تورکیا هاوکار و پشتیوانی ئەو چەکدارانەیە و دیمەشقیش دەڵێت ئەنقەرە چەک و تەقەمەنی پێداون.
لەگەڵ بوونی ئەو هەموو ناکۆکییە بەڵام ئەو دوو وڵاتە لەسەر پرسی بەرنگاربوونەوەی کوردی سوریا تەواو کۆکن و هاریکاری تەواوی یەکتر دەکەن، لەوبارەیەوە وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت ئەنقەرە و تاران هاریکاری یەکترن لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەوڵی هاوبەشیان هەیە دژ بەو دوژمنە کە پارتی کرێکارانی کوردستان و یەکینەکانی پاراستنی گەلە لە سوریا.