هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی جولیان ئاسانج، دامەزرێنەر و خاوەنی ماڵپەڕی ویکی لیکس، کە ماڵپەڕێکی تایبەت بە بڵاوکردنەوەی دۆسیە و زانیاریی دزەپێکراوی وڵاتانە رادەستی ئەمریکا کرایەوە. ئەمڕۆ سێشەممە 25-6-2024، لە لاپەڕەی تایبەتی ماڵپەڕی ویکی لیکس بڵاوکرایەوە، جولیان ئاسانج لە دوای پێنج ساڵ دەستبەسەربوون لە زیندانێکی لەندەن ئازادکرا. هەرچەندە باس لە ئازادکردنی دەکرێت، بەڵام ئاسانج رادەستی حکومەتی ئەمریکا کراوەتەوە و بڕیارە لە دورگەی ماریانای باکوور لە زەریای ئارام دادگایی بکرێت. گەوایە ئاسانج رۆژی چوارشەممە دادگایی دەکرێت و پێشبینی دەکرێت دادگە ئەمریکییەکەش 5 ساڵ زیندانیکردن بەسەر ئاسانجدا بسەپێنێت. بڕیارە دوای زیندانیکردنەکەی ئیدی بە تەواوی ئازادبکرێت و بگەڕێتەوە ئوسترالیا کە خۆی هاووڵاتی ئەوێیە. ئەوە 14 ساڵە کەیسەکەی ئاسانج بە جیهان ئاشنایە کە زانیاریی نهێنی کە لای زۆرێک وەک هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا لێکدەدرێتەوە بڵاوکردووەتەوە. جولیان ئاسانج تەمەنی 52 ساڵە و یەکێکە لە داواکراوانی حکومەتی ئەمریکا. لە ساڵی 2010دا هەزاران بەڵگەنامەی نهێنیی ئەمریکای پەیوەست بە ناوەندە سەربازی و دیپلۆماسییەکانەوە بڵاوکردەوە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی ئەمڕۆ کاتژمێر هەشتی ئێوارە بە کاتی هەولێر پەخشی کەناڵی زووم دەستپێدەکات. بەڕێوبەری تۆڕە میدیاییەکە بە هاوڵاتی گوت، ئەوان کەناڵێکی بێلایەن نین و لایەنگری خەڵکن. رۆژی سێشەممە 25-6-2024، تۆڕی میدیای زووم دەست بە پەخشی تەلەفزیۆنی دەکات و بارەگای سەرەکیی تۆڕەکە لە گەڕەکی کەڕادەی بەغدا دەبێت. هەروەها لە هەولێر و سلێمانیش نوسینگە و ستۆدیۆیان دەبێت. هێمن مەحمود، بەڕێوبەریی گشتی تۆڕی میدیای زووم بە هاوڵاتی گوت، زووم کەناڵێکی ئاسمانیی هەواڵی دەبێت، بەڵام جگە لەوەش، لایەنەکانی کلتوور، ئابووری، وەرزش و تەندروستی بەشێک لە بەرنامە و کارەکانی کەناڵەکە پێکدەهێنن. بە گوێرەی بەڕێوبەری گشتیی زووم، رۆژانە پەخشی راستەوخۆی کەناڵە ئاسمانییەکە لە 8:00ی بەیانییەوە دەستپێدەکات و تاوەکو 12:00ی شەو بەردەوام دەبێت. لە شەویشەوە تاوەکو بەیانی بەرنامەکانیان دووبارە دەکرێتەوە، واتە 16 کاتژمێر پەخشی راستەوخۆیان هەیە و 8 کاتژمێریش پەخشی ئاسایی دەکەن. هاوڵاتی لەبارەی پۆرتاڵی تۆڕی زوومەوە پرسیاری لە هێمن مەحمود، کرد. پێی راگەیاندین، ماڵپەڕی زووم بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و کوردی بەردەست دەبێت بۆ خوێنەران و لە ماوەیەکی نزیکدا بەشی عەرەبیش دەکەنەوە. لەبارەی تۆڕی پەیامنێرانی زوومەوە هێمن مەحمود، گوتی، "ئێمە پەیامنێرمان لە سلێمانی، هەولێر، کەرکوک، دهۆک، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین هەیە". لەبارەی بەشەکانی دیکەی کوردستانەوە گوتی، لە رۆژئاوای کوردستان لە هەریەک لە شارەکانی قامیشلۆ و کۆبانی پەیامنێریان هەیە. هەر لەبارەی تۆڕی پەیامنێرانی تەلەفزیۆنی زوومەوە هێمن مەحمود، گوتی، لە پلانیاندایە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، باکووری کوردستان، ئێران و تورکیاش پەیامنێر دابنێن. هەروەها باسی لەوەکرد، لە ئەمریکا و ئەوروپا و ژمارەیەک شوێنی دیکەی جیهانیش لە داهاتوودا پەیامنێر دادەنێن و کاریان لەسەری کردووە. ئەو بەڕێوبەرەی زووم بە هاوڵاتی گوت، ئەوان لەلایەن کەرتی تایبەتەوە هاریکاریی داراییان دەکرێت و یەکێک لەو کۆمپانیا سەرەکیانەش کە هاریکاریانە کۆمپانیای مەعادل زەهەبییە. هاوڵاتی لەبارەی لایەنگیری کەناڵەکەوە بۆ پارتە کوردستانییەکان پرسیاری لە هێمن مەحمود، کرد و لە وەڵامدا گوتی، ئەوان سەر بە هیچ پارتێکی سیاسی دیاریکراو نین. زیاتر روونیکردەوە و گوتی، "ئەگەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، ئەوان ئامادەن رێکلام بۆ هەر بەربژێرێکی پەرلەمان و لیستێک بکەن کە خواستی رێکلامکردنی لە زووم هەبێت". لەبارەی بڵاوکراوەی کەناڵەکەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەڕێوبەری گشتیی زووم گوتی، لە تەواوی تۆڕە کۆمەڵایەتییە باوەکانی هەرێمی کوردستان لاپەڕەی تایبەتییان دەبێت و پێشتریش هەر هەیانبووە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی لە هێرشێکی سوپای ئیسرائیلدا بۆ سەر کەمپی شەتی لە رۆژئاوای غەززە، 15 فەڵەستینی کوژران و لە نێویاندا خوشکێکی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی بزوتنەوەی حەماس و 9 ئەندامی دیکەی خێزانەکەی هەبوون. بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 25-6-2024، ئیسرائیل بۆردومانی کەمپی شەتیی لە رۆژئاوای غەززە کرد و 15 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژران. میدیای ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، لە نێو ئەوانەدا کە کوژراون خوشکێکی ئیسماعیل هەنیە و 9 ئەندامی دیکەی خێزانەکەی کوژراون. لە دوای پەلاماری حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل و دەستپێکی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس تاوەکو ئێستا 38 هەزار و 179 فەڵەستینی کوژراون.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی گۆڤاری زە ناشناڵ بڵاویکردووەتەوە، بارەگای سەرەکیی بزوتنەوەی حەماس لە دۆحەی پایتەختی قەتەرەوە دەگوازرێتەوە بۆ بەغدا. ئەوەش بە هۆکاری ئەو گوشارە زۆرەی واشنتن و دۆحە دەیخەنە سەر بزوتنەوەکە بۆ دانوستان. گۆڤارەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەتی عێراق مانگی رابردوو داواکارییەکەی حەماسی قبوڵکردووە. دوای ئەوەی حەماس دەچێتە بەخدا، حکومەت ناچاردەبێت چەکداران و سەرکردەکانی حەماس بپارێزێت. زە ناشناڵ دەڵێت، ئەندام پەرلەمانێکی عێراق کە نزیکە لە هێزێکی میلیشیای سەر بە ئێرانەوە گوتوویەتی، ئیسماعیل هەنییە و محەممەد شیاع سوودانی بە تەلەفۆن ئەم بابەتەیان گفتووگۆکردووە و لەسەری رێککەوتوون. هەروەها ئیسماعیل هەنییە و نوێنەرانی بزوتنەوەکە لە عێراق و ئێرانیش گفتووگۆیان لەو بارەیەوە کردووە. بە گوێرەی ئەو ئەندام پەرلەمانەی زە ناشناڵ قسەی لەگەڵکردووە، لایەنەکانی دیکەی عێراق وەک کورد و سوننەکان ناڕازین لە گواستنەوەی حەماس بۆ عێراق، ئەوەش لەبەر مەترسی دروستکردنی جیاوازی زیاتر لەگەڵ ئەمریکا. لەم مانگەدا حەماس بە سەرۆکایەتی محەمەد حافی نوسینگەی خۆی لە بەخدا کردەوە و بڕیارە ناوەندی میدیاییش بکاتەوە. گواستنەوەی حەماس بۆ عێراق دوای ئەوە دێت، ئەمریکا و قەتەر گوشاری گەورەیان کردووەتە سەر بزوتنەوەکە بۆ ئاگربەست، حەماسیش تاوەکو ئێستا پێشنیازەکانی ئاگربەستی رەتکردووەتەوە یان بە مەرجەکانی رازی نەبووە، بەتایبەت ئاگربەستەکەی کۆتایی مانگی ئاداری جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا. ئەگەر حەماس بچێتە عێراق ئەگەری هەیە گفتووگۆی ئاگربەست سەختتر بێت، ئەوەش لەبەرئەوەی دەسەڵاتی بەرپرسانی دۆحە لەسەر بزوتنەوەکە کەمدەبێتەوە.
هاوڵاتی بەرپرسی پێشووی ژووری بازرگانی ئێران رایگەیاند، لە ماوەی ساڵانی 2011 بۆ 2023 و لە ماوەی 12 ساڵدا، بەهۆی گەمارۆ ئابوورییەکانەوە یەک تریلیۆن و 200 ملیار دۆلار زیان بە ئابووری ئێران گەیشتووە. رۆژی دووشەممە 24ی حوزەیرانی 2024، حسێن سەلاح وەرزی، بەرپرسی پێشووی ژووری بازرگانی ئێران لە بابەتێکدا کە لە رۆژنامەی شەرق بڵاوکراوەتەوە نووسیویەتی، "گەمارۆکان زیانی گەورەی بە ئابووری ئێران گەیاندووەو زۆر هەلی ئابووری بە هۆی گەمارۆکانەوە لەدەستچوون". ئەم وتانەی بەرپرسی پێشووی ژووری بازرگانی ئێران لە کاتێکدایە کە چوار رۆژی ماوە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری و بە ئەگەری زۆر ئەگەر یەکێک لە پاڵێوراوەکانی سەر بە کۆنسێرڤاتەکان براوەبن، گەمارۆ ئابوورییەکان لە سەر ئێران تووندتر دەبێتەوە. لە شەش پاڵێوراوی سەرۆک کۆماری تەنها مەسعود پزیشکیان لەلایەن باڵی رێفۆرمخوازەوە پشتیوانی دەکرێت، بەڵام پزیشکیانیش رایگەیاندووە، "جێبەجێکاری سیاسەتە گشتییەکانی دەسەڵات دەبێت کە لە لایەن عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامییەوە دیاری دەکرێت". بەرپرسی پێشووی ژووری بازرگانی رایگەیاند، "بەراورد ئەکرێت، داهاتی لەدەستچووی هەر هاوڵاتییەکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە هۆی گەمارۆ ئابوورییەکانەوە لە ماوەی ئەو 12 ساڵەدا، نزیک 14 هەزار دۆلار بێت. بە مانایەکیتر بەپێی ئەم بەراوردکارییە، لە ماوەی ئەم 12 ساڵەدا، هەر تاکێکی ئێرانی هەزار و 202 دۆلاری بە هۆی گەمارۆ ئابوورییەکانەوە لەدەستداوە". سەلاح وەرزی وتی، "ئەوەی کە بەرهەمهێنانی ئێران بەهۆی گەمارۆکانەوە بە ناچار کەمبووەتەوە، زیانی گەورەی بە پیشەسازی نەوتی ئێران و ئابووری ئێران گەیاندووە". بەهۆی سیاسەتەکانی ئێرانەوە لە چەند ساڵی رابردووداو بەتایبەت سووربووی لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم، لە لایەن ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاواییەوە گەمارۆی ئابووری خراوەتە سەر ئێران و زیانی گەورەی بە ئابووری ئێران گەیاندووەو بەهای تمەن رۆژ لە دوای رۆژ روو لە دابەزینە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی جەنەراڵێکی پلە باڵای ئەمریکا رایدەگەیێنیت، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان مەترسی دروستبوونی جەنگێکی فراوانتر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە نێوان ئێران و میلیشیاکانی دروستدەکات، بەتایبەت ئەگەر بوونی حیزبوڵا لە لوبنان دەکەوێتە مەترسییەوە. رۆژی یەکشەممە 23-6-2024، سی کیو براون، جەنەراڵی هێزی ئاسمانی ئەمریکا گوتوویەتی، نازانێت هەنگاوەکانی داهاتووی ئیسرائیل بە ئاڕاستەی لوبنان چییە، بەڵام هۆشداری دەدات هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان "دەکرێت جەنگەکە بۆ رووبەرێکی گەورەتر فراوانبکات". براون دەڵێت، بەشێوەیەکی گشتی حیزبوڵا لە حەماس بەهێزترە بەتایبەت لە ژمارەی مووشەک؛ دەشڵێت ئەو وای دەبینێت ئێران خواستی هاوکاریکردنی حیزبوڵای زیاتر بێت بەراورد بە حەماس. ئەو جەنەراڵە ئەمریکییە باس لەوە دەکات، لەو کاتەدا ئیسرائیل دەکەوێتە دۆخێکی ئاڵۆزەوە و دەبێت لە خەمی ئەوەدابێت لە یەک کاتدا لە باکوور و باشووری وڵاتەکەوە بەرگری بکات، هەروەها شەڕەکە پریشک بۆ رووبەرێکی فراوانتری ناوچەکە دەهاوێت. قسەکانی جەنەراڵە ئەمریکییەکە لەکاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە 23-6-2024، بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، قۆناخی شەڕی سەخت لە غەززە کۆتاییهاتووە و ئەمەش رێگەیان بۆ خۆشدەکات هێزی زیاتر ببەنە سنووری لوبنان. لە سەرەتای شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە، حیزبوڵا دەستی بە مووشەکباران کردنی ئیسرائیل کردووە و رایگەیاندووە، هێرشەکان راناگرێت تاوەکو ئاگربەست لە غەززە نەکرێت. براون لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت، ئەم جارە ئەمریکا توانای کەمتر دەبێت لە پاراستنی ئیسرائیل لە هێرشەکانی حیزبوڵا.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی رۆژی یەکشەممە، سێ گورگ لە باخچەیەکی ئاژەڵانی فەرەنسا پەلاماری ژنێک دەدەن و بە سەختی برینداری دەکەن. بە گوێرەی بەرپرسانی باخچەکە ژنەکە سەرقاڵی وەرزشکردن بووە و نەیزانیوە کە چووەتە شوێنی ئازادی ئاژەڵەکان. ماریڤۆن کایلیبۆت، بەڕێوبەری پۆلیسی ڤێرسای پاریس رایگەیاندووە، ژیانی ژنەکە لە مەترسیدایە و تاوەکو ئێستا نازانن هۆکاری کەوتنە ناو شوێنی گورگەکانەوە هەڵەی خۆی بووە یان نیشانەکانی ناو باخچەکە روون نەبوون. ئەو ژنەی پەلاماردراوە بەدەم راکردن و وەرزشکردنەوە کەوتووەتە ناو شوێنی گورگەکانەوە و لە پڕ سێ گورگ پەلاماریانداوە. گورگەکان گازیان لە مل، پووز و پشتی ژنەکە گرتووە. باخچەی ئاژەڵانی سۆیری دەکەوێتە 40 کیلۆمەتر رۆژئاوای پاریس، یەکێک لەو خزمەتگوزارییانەی پێشکێشی دەکات، شوێنی مانەوەی شەوانە کە لە پەنجەرەی ژوورەکەتەوە ئاژەڵەکان ببینیت. نرخی یەک شەو مانەوە لە ژوورەکانی ئەو باجچە ئاژەڵانە لە نێوان 220 بۆ 760 یۆرۆدایە. تیمی فریاکەوتن هەر زوو دەگەنە شوێنی رووداوەکە و ژنەکە رزگاردەکەن و گورگەکان دووردەخەنەوە. لە دواتردا ژنەکە دەگەیێننە نەخۆشخانە بۆ چارەسەرکردن.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ بڕیارە گفتووگۆکان بۆ بە ئەندامبوونی ئۆکراینا لە یەکێتی ئەوروپا دەستپێبکەن، ئەمە لە کاتێکدایە ئۆکراینا 18٪ی خاکەکەی لەلایەن رووسیاوە کۆنترۆڵکراوە. رۆژی سێشەممە 25-6-2024، نوێنەرانی ئۆکراینا و یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا بۆ گفتووگۆی وەرگرتنی ئۆکراینا لە یەکێتیی ئەوروپا کۆدەبنەوە. هەر لە سبەینێشەوە ئۆکراینا قۆناخێکی دیکەی چاکسازیکردن لە سیستمی حوکمڕانییەکەیدا دەستپێدەکات، تاوەکو دڵی بەرپرسانی برۆکسل رازی بکات. هەر چوار رۆژ دوای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا و لە 28ی شوباتی 2022، ئۆکراینا داواکاریی بۆ بە ئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپا بەرزکردەوە، ئەوەش وەک دانانی قەڵخانێکی دیپلۆماسی لەبەردەم هەڕەشەی هێرشەکانی رووسیادا. رۆژی هەینی 21ی ئەم مانگە، ڤۆلۆدێمیر زیلنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لەبارەی دەستپێکردنی گفتووگۆکانەوە رایگەیاند، "ئۆکراینا دەگەڕێتەوە ئەوروپا، بۆ ئەو شوێنەی سەدان ساڵە بەشێک بووە لێی، وەک ئەندامێکی تەواوەتی کۆمەڵگەی ئەوروپا". کیێڤ لە کانوونی یەکەمی ساڵی رابردووەوە دەستپێکردنی گفتووگۆی وەرگرتنی لە یەکێتی ئەوروپا هێناوەتە بەرباس، ئەوەش دوای ماوەیەکی زۆر لە دژوەستانەوەی گەندەڵی و چاکسازیکردن لە سیستمی دادوەری وڵاتەکەیدا. ئێستا ئۆکراینا دەبێت نەخشەسازییەکی ورد بۆ داهاتووی وڵاتەکەی دابنێت و بۆ بەرپرسانی برۆکسلی بخاتەڕوو چۆن رووبەڕووی گەندەڵی لە ئۆکراینا دەبێتەوە و هەنگاوەکانی بەرەوپێشچوونی چین.
هەوراز حوسێن هاووڵاتی، سلێمانی لە کۆماری داگستانی رووسیا ژمارەیەک چەکدار لە چەند شوێنێکی جیاواز بە هەڕەمەکی تەقە لە خەڵک دەکات و لانیکەم 8 کەس دەکوژێت. هێرشەکە کراوەتە سەر کەنیسەیەکی ئۆرسۆدۆکس و پەرستگەیەکی جوو. ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 23-6-2024، وەزارەتی ناوخۆی کۆماری داگستان لە رووسیا رایگەیاند، ژمارەیەک چەکدار لە شارەکانی دێربێنت و مەخاکچکالا سێ هێرشیان کرد کە تێیدا 12 کەس برینداربوون و 6 ئەفسەری پۆلیس، پاسەوانێکی نیشتمانی و قەشەیەک کوژران و 12 هاووڵاتی دیکەش برینداربوون. هێرشی سەر کەنیسەکە و پەرستگای جووەکان لە شاری دێربێنت روویانداوە و هێرشی سەر بنکەی پۆلیسەکانیش لە شاری مەخاچکالا کراوە. بە گوێرەی ژمارەیەک شایەدحاڵ کە بە ئاژانسی رۆیتەرزیان گوتووە، پەرستگەی جووەکان و کەنیسەکەش ئاگریان گرتووە. میدیای فەرمی رووسیا رایگەیاندووە، چوار لە تەقەکەرەکان دەستبەجێ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی رووسیاوە کوژراون. باس لەوەشکراوە، هێرشەکە لەلایەن رزیکخراوێکی نێودەوڵەتی تیرۆرستییەوە ئەنجامدراوە؛ گومان دەکرێت رێکخراوی داعش بێت. شاری دێربێنت کە پەرستگەی جووەکەی لێیە، دەکەوێتە باکووری هەرێمی قەفقاز لە رووسیا کە زۆرینە موسڵمانن، زۆرینەی جووەکانی داگستانیش لەو شارە نیشتەجێن.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی شازادە ویلیام، شازادەی جێنشینی بەریتانیا ئاهەنگی لەدایکبوونەکەی لە کۆنسێرتێکی تایلەر سویفتدا لە لەندەن کرد. شازادە ویلیام لەگەڵ خۆیدا دوو منداڵە گەورەکەشی بردووە. رۆژی شەممە 22-6-2024، شازادە ویلیام، شازادە جۆرجی کوڕی و شازادە چارلۆتی کچی لە یادی لەدایکبوونی 42 ساڵەی شازادە ویلیامدا بەشدارییان لە کۆنسێرتی تایلەر سویفت لە یاریگەی وێمبلی لە لەندەن کرد. هەر دوای ئاهەنگەکە، تایلەر سویفت و سێ ئەندامەکەی خێزانی شاهانەی بەریتانیا سێڵفییەکیان بەیەکەوە چرکاند. ویلیام لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی، "سوپاس تایلەر سویفت بۆ ئەو ئێوارە گەورەیە". وێنە سێڵفییەکە لەلایەن تایلەر سویفتەوە گیراوە و سێ شازادەکەش لە دواوە سەیری کامێراکە دەکەن. تایلەر سویفت لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی وێنەکەی بڵاوکردووەتەوە و نوسیویەتی، "لەدایکبوونت پیرۆز ئێم 8 ". بە گوێرەی کۆشکی کێنزنگتن، وێنەکان پێش کۆنسێرتەکە گیراون و شازادە کاسرین، هاوژینی شازادە ویلیام کە لە ژێر چارەسەری شێرپەنجەدایە ئامادەنەبووە و لەگەڵ منداڵە بچووکەکەیان لە ماڵەوە بوون. لە ڤیدیۆیەکدا کە لەلایەن ئامادەبووێکی کۆنسێرتەکەوە گیراوە، شازادە ویلیام دەردەکەوێت کە بە توندی سەما لەگەڵ گۆرانی "شەیک ئت ئۆف"ی تایلەر سویفتدا دەکات.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی سۆزانییەکان لە بەلجیکا لەمەودوا دەتوانن وەک هەر خاوەن کارێکی دیکە گرێبەستی کاریان هەبێت و لەلایەن حکومەتەوە وەکو کارمەندێکی فەرمی سەیردەکرێن. دوای ئەوەی بڕیارێک لەلایەن حکومەتی وڵاتەکەوە لە ئایاری ئەمساڵدا دەرکرا، سۆزانییەکان بەم زوانە دەتوانن گرێبەستی کار بکەن و وەک هەر کارمەندێکی سێکتەرەکانی دیکەی کارکردن مافیان دەبێت لە خزمەتگوزارییەکانی حکومەت، لەوانە خانەنشینی. لە پێشووتردا، سەماکەر و ئەوانەی مەساجیان بۆ خەڵک دەکرد لە بەلجیکا بە یاسایی کاریان دەکرد، بەڵام سۆزانییەکان وەک شاگرد گرێبەستی کارکردنیان بۆ دەکرا. بە گوێرەی ئەو کەسانەی پاڵپشتی یاسا نوێیەکە دەکەن، بەو جۆرە دەستدرێژی و ئازاردانی سۆزانییەکان فراوانتر بووە. ئالێکساندرا مۆریلس، خاوەنی ناوەندێکی لەشفرۆشییە و دەڵێت، لە پێشووتردا نەیاندەزانی چی بکەین و چییان بەرامبەر بکرێت یاساییە و چی یاسایی نییە، بەڵام هەستێکی خۆشە کە ئێستا مافی یاسایی خۆیان هەیە. بە گوێرەی یاسا نوێیەکە، ئەوانەی سۆزانی دادەمەزرێنن، پێویستە بە تۆماری تاوانی رابردووی سۆزانییەکەدا بچنەوە و بە رەسمی دەستبەکاربوونیان بە حکومەت رابگەیێنن. سۆزانییەکانیش مافی خۆیانە هەر میوانێک کە بە دڵیان نەبوو رەتیبکەنەوە. لە هەر کاتێکیش خواستیان نەما دەست لە سێکسکردن هەڵگرن. بڕیارەکەی برۆکسل کاردانەوەی جیاوازی لەلایەن هاووڵاتیان و چالاکڤانانی مافی ژنانەوە لێکەوتووەتەوە، بەشێک لە داکۆکیکارانی مافی ژنان دەڵێن، ئەمە خزمەت بە باندەکانی بازرگانی کردن بە مرۆڤ و "گەوادەکان" دەکات تا زیاتر کچانی قوربانی ئەو سێکتەرە هەراسان بکەن و خۆیان بێتاوان دەربکەن. بەشێکی دیکەشیان دەڵێن، بڕیارەکە باشترین مامەڵەیە لەگەڵ ئەو سێکتەرەدا، چونکە ئەگەر بە یاسایی دان بە هەبوونیدا نەنرێت، بە نایاسایی هەر دەمێنێت و هەیە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی زیاتر لە 150 هەزار کەس لە تەل ئەڤیڤی پایتەختی ئیسرائیل خۆپێشاندان لە دژی حکومەتی وڵاتەکە دەکەن و داوای دەستلەکارکێشانەوەی بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەکەن. بەشێکی دیکە لە داواکارییەکانیان گێڕانەوەی بارمتەکانی دەست حەماسە لە غەززە. رۆژی شەممە 23-6-2024، هاووڵاتیانی ئیسرائیل لە تەل ئەڤیڤی پایتەختی وڵاتەکە خۆپێشاندانی فراوانیان کرد و داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە و گێڕانەوەی بارمتەکانی ژێر دەستی حەماسیان کرد. ئەم خۆپێشاندانانە دوای پەلامارەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل هەفتانە دەکرێت. بە گوێرەی رێکخراوی هۆفشی دژە حکومەتی ئیسرائیل، زیاتر لە 150 هەزار کەس بەشدارییان لە خۆپێشاندانەکان کردووە. خۆپێشاندەران دەڵێن، بەرپرسانی ئیسرائیل توانای پاراستنی هاووڵاتیانی ئیسرائیلیان نییە و دەبێت حکومەتێکی بەهێزتر و باشتر بهێنرێتە سەر دەسەڵات. هەروەها بەشێکیان دەڵێن، حکومەتەکەی بنیامین ناتانیاهو دیموکراسی نییە و هەڕەشەیە لەسەر گیان و ئازادی خەڵک. بەشێکی دیکە لە خۆپێشاندەران رەخنەی توند لە حکومەتە راستڕۆکە و بەشێک لە وەزیرانی حکومەتەکە وەک ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی ئیسرائیل دەگرن و دەڵێن بوونەتە هۆکاری درێژبوونەوەی شەڕەکە و مەترسی خستنە سەر ژیانی بارمتەکان. لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، چەکدارانی حەماس پەلاماری ئیسرائیلیاندا و نزیکەی 1200 هاووڵاتی سڤیلیان کوشت و 250 کەسیشیان بە بارمتە گرت. لە بەرامبەردا ئیسرائیل جەنگی دژی حەماس لە غەززە دەستپێکرد و تاوەکو ئێستا 37 هەزار و 400 هاووڵاتی فەڵەستینی لە جەنگەکەدا کوژراون.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی لە میسر دەیان کۆمپانیای حەجکردن سزادران بەهۆی ئەوەی حاجیانیان بە قاچاخ بردووەتە مەککە. ئەمەش دوای ئەوەی نزیکەی 700 حاجیی ئەو وڵاتە لە مەراسیمی حەجدا گیانیان لەدەستداوە. رۆژی شەممە 22-6-2024، حکومەتی میسر راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "سەرۆکوەزیران فەرمانی داوە ئەو کۆمپانیایانە رێگەپێدانەکانیان لێوەربگیرێتەوە، بەڕێوبەرەکانیان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێت و خێزانی حاجییەکانیش قەرەبووبکرێنەوە". بڕیارەکەی مستەفا مەدبوولی، سەرۆکوەزیرانی میسر دوای ئەوە هات، تاوەکو ئێستا نزیکەی هەزار و 100 حاجی لە مەککە و شوێنەکانی دیکەی بەڕێوەچوونی مەراسیمی حەجکردن لە تەواوی جیهان گیانیان لەدەستداوە. لەو ژمارەیە 658 حاجییان خەڵکی میسر بوون و 630 کەسیان بە نایاسایی چوونەتە سعودیە. بڕیارەکەی حکومەت 16 کۆمپانیای حەجکردن لەو وڵاتە دەگرێتەوە. بەرپرسانی میسر رایانگەیاندووە، هۆکاری گیان لەدەستدانی ئەو ژمارە زۆرەی حاجیان رێکخستنی گەشتی حەجە بە ڤیزای گەشتکردن بۆ سعودیە؛ بەو جۆرەش حاجییان رێگەیان نەدراوە بچنە مەککەوە و بەشێکیان گیانیان لەدەستداوە. مەراسیمی حەج بە یانسیب بۆ حاجیان لە سەرتاسەری جیهان دەردەچێت و تێچوویەکی زۆری هەیە. لە ساڵی 2019ـەوە چوونە حەج بە رێگەی قاچاخ روو لە زیادبوون بووە و حاجییان لەو رێگەیەوە بڕە پارەیەکی زۆریان بۆ دەگەڕێتەوە. لە 2019دا سعودیە پێدانی ڤیزایەکی گەشتکردنی راگەیاند، ئەوەش چوونە ناو سعودیەی بۆ هاووڵاتیان بە تایبەت حاجییان ئاسانتر کرد. تەنیا لە رۆژی عەرەفەدا، کە حاجیان لە ژێر گەرمای سەختی هاویندا دەچنە سەر کێوی عەرەفە لە مەککە، بەرپرسانی سعودیە 577 گیانلەدەستدانیان پشتڕاستکردووەتەوە. حەج یەکێک لە پێنج پایەکەی ئیسلامە و لەسەر هەموو پەیڕەوکارێکی ئەو ئاینە ئەرکە بیکات. سعودیە دەڵێت، لە مەراسیمەکەی ئەمساڵدا 1 ملیۆن و 800 هەزار حاجی بەشدارییان کردووە و 1 ملیۆن و 600 هەزار کەس خەڵکی بیانی بوون.
هاوڵاتی وەزارەتی تەندروستی غەززە، لە ماوەی 48 کاتژمێری ڕابردوودا لانیکەم 120 کەس کوژراون، لەکۆی هێرشە سەربازەییەکانی ئیسرائیلش بۆسەر کەرتی غەززە، 37 هەزار و 551 فەڵەستینی کوژراون و 85 هەزار و 911 فەڵەستینی بریندار بوونە. ئەمڕۆ شەممە 22ی حوزەیرانی 2024، وەزارەتی تەندروستی غەززە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، لە ماوەی 48 کاتژمێری ڕابردوودا لانیکەم 120 کەس کوژراون. ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە دوای دەستپێکردنی شەڕ لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023، 85 هەزار و 911 کەس لە فەڵەستین برینداربوونە. لە بەیاننامەکەشدا هاتووە، ژمارەیەک قوربانی هێشتا لەژێر دار و بەردووی سەر ڕێگا و بانەکانن، تیمەکانی ئەمبولانس و بەرگریی شارستانیش ناتوانن فریایان بکەون. جێگای ئاماژەیە، لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023، حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و 1200 کەس کوژران و زیاتر لە 240 کەسیش بە بارمتە دەستگیرکران، کە بەهۆی ڕێککەوتنی ئاگربەست زیاتر لە 130 کەسیان ئازاد کران و ژمارەیەکیشیان بەهۆی بۆردمانەکانی ئیسرائیل کوژران. لە بەرامبەردا ئیسرائیل هێرشێکی چڕی کردە سەر کەرتی غەززە و شارەکانی دیکەی فەڵەستین، کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 37 هەزار و 551 فەڵەستینی کوژراون نزیکەی 86 هەزاریش بریندار بوون.
هاوڵاتی ترەمپ، لە ڕابردووشدا گوتومە دەتوانم لە ماوەی 24 کاتژمێردا ململانێکانی ئۆکرانیا یەکلایی بکەمەوە و پلانی ئاشتیشم هەیە. دۆناڵد ترمپ، کاندیدی داهاتووی ئەمەریکا بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا رایگەیاند، ئەگەر ئەمساڵ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا سەربکەوێت، هێزەکانی ئەمەریکا نانێرێت بۆ ئۆکرانیا. دۆناڵند ترەمپ، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی All-In Podcast لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا دەتوانێت گەرەنتی ئەوە بکات، سەربازە ئەمەریکییەکان بۆ ئۆکرانیا نەنێردرێن گوتی، "بەڵێ، گرەنتی ئەوە دەکەم کە ئەو کارە ناکەم". ترەمپ وتیشی، پێیوایە گفتوگۆکان سەبارەت بە پەیوەستبوونی ئۆکرانیا لە ناتۆدا بوونەتە هۆی دروستبوونی ململانێ لەگەڵ ڕووسیا. سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ئەوەشی راگەیاند، "ماوەی 20 ساڵە گوێم لێبووە ئەگەر ئۆکرانیا بچێتە ناو ناتۆ، ئەمە دەبێتە کێشەیەکی ڕاستەقینە بۆ ڕووسیا، ماوەیەکی زۆرە ئەو قسەیە دەبیستم و باوەڕم وایە کە شەڕەکە هەر لەبەر ئەم هۆکارە دەستیپێکردووە". سەبارەت بە قسەکانی جۆو بایدن کە لەماوەی رابردوودا کردبووی ئەوەی خستەڕوو، زۆر شتی گوتووە و ڕاست نەبوون سەبارەت بە پەیوەندیکردنی ئۆکرانیا بۆ ناتۆ. ترەمپ جەختیشی لەوەکردەوە، لە ڕابردووشدا گوتومە دەتوانم "لە ماوەی 24 کاتژمێردا" ململانێکانی ئۆکرانیا یەکلایی بکاتەوە و پلانی ئاشتیشی هەیە. جێگای ئاماژەیە، بڕیارە لە 5ی تشرینی دووەمی 2024، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەڕێوەبچێت، راپرسییەکان دەریدەخەن دۆناڵد ترەمپ زۆرترین ئەگەری کاندیدی هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی پارتی کۆمارییەکانە، پێشبینیش دەکرێت رووبەڕووی جۆو بایدن سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا ببێتەوە. دۆناڵد ترەمپی کۆماری خواز پێشتر هۆشداری دابوو کە ئەمەریکا پێش دەستپێکردنی جەنگی جیهانی سێهەم پێگەی خۆی لەدەست دەدات ئەگەر جۆو بایدن سەرۆک کۆمار لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.